چۆن دونیا بوو بە دوژمنمان؟

‌سه‌ردار عه‌زیز

لە ڕاستیدا دەبێت بپرسین چۆن دونیامان کردە دوژمنمان. لە ناوچەکەدا دوو هێزی سەرەکی هەیە: ئێران و ئەمریکا. ئەم دوو لایەنە ئەجیندای جیاوازیان هەیە بۆ ناوچەکە، تا ئاستێکی زۆر دژ بەیەک. بەڵام چۆن کورد(بارزانی) کارێکی وەهایکرد کە ئەم دوو هێزە، هاوڕابن لە دژایەتیکردنیدا.

ئەمە کرۆکی شکستەکەیە. ئەم شکستە ڕەگی هەیە لە کۆمەڵێک لایەندا: لە سەرەتای هەموویەوە، لە باری دەروونی مەسعود بەرزانی. ئەم کابرایە خۆی توڕەکردبوو، وەڵامی کەسی نەئەدایەوە، کەس نەیئەوێرا ڕای جیاوازی هەبێت لە بەردەمیدا لە خۆبایی بوونی بارزانی وەهایکرد،  کە بارزانی پلانی ریفراندۆم دابڕێژێت و ئیتر گوێ بە هیچ کەس نەدات. بارزانی لەو کەسانەیە کە ئەگەر داوی لێبکەیت هەرگیز داوات جێبەجێ ناکات، تەنها لۆجیکی هێز دەزانێت. 
ئەم هەڵوێستە کاریگەری هەبوو لە سەر هەردوو ئێران و ئەمریکا. بە جۆرێک بارزانی وەک لایەنێک دەبینرا کە ناسەقامگیری دروست دەکات.  

ئەمریکا
بۆچی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕی بە لە دەستدانی کەرکوک. کۆمەڵێک کۆدی ئاشکرا هەبوون لە خیتابی ئەمریکیدا پارتی خۆی لێگێل دەکرد و بە زمانی ناز و خۆ لە خشتە بردن مامەڵەی دەکرد. ئەم کۆدانە بریتی بوون، لە  یەکپارچەیی خاکی عێراق، نەگونجانی کاتی ریفراندۆم.

کۆتایی شەڕی داعش مانای ئەوەبوو کە کورد بایەخی ستراتیژی لە دەستدا، بەڵام بارزانی وەهای لێکدایەوە کە پاش داعش دەبێت پاداشت بکرێت لە بەرامبەر بەشداری لە شەڕی داعش. ئەمە سروشتی مامەڵەی ئەمریکانیە، باشترین نموونە موجاهیدەکانی ئەفغانە. ئەمە وانەیەکی تاڵە بۆ کوردانی ڕۆژئاواش، کە بە هیوام ئەوانیش خۆیان بە هەڵەدا نەبەن گوێ لە کوردانی باشور نەگرن. 

نەبوونی خواستی ئەمریکا بۆ لایەنگری کەمینەیەک لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی لە مێژوویدا.  لە سەروی ئەمەوە، وەک ئەزموونی چەند ساڵەی مامەڵە لە گەڵ ئەمریکادا فێری کردم، ئەمریکاییەکان ئەگەر هاتوو داوایان لێکردیت و بە قسەیانت نەکرد، ئەوا وەهات دائەنین کە مەترسیت بۆ دەسەڵاتی ئەمریکی لە ناوچەکە و نابێت ببیتە نمونەی ئەوەی کە خەڵکانی تریش گوێڕایەڵیان نەبێت. 

لاساری بەرزانی جاڕی مەرگی بوو. چونکە لە ناوەندە ئەمریکاییەکاندا وەها خوێنرایەوە کە لە دەست دەرچوە، بۆیە دەبێت بکرێتە دەرەوە. لە ڕاستیدا ئەمریکاییەکان هەوڵی زۆریان دا، نەیاندەویست بەم دۆخەی بگەیەنن، بەڵام سەرکێشی بارزانی نیشانەی ئەوەبوو کە ئەو وەک کەسانی تری پێشوو لە ناوچەکە کاتی لادانی هاتوە. دەبوو پارتی وانەی لەدانیال ئۆرتیگای پەنەماوە وەرگرتایە، کە لە پشتی ئەمریکاییەکان هەموو خراپەیەکی کرد، پاشان ئەمریکاییەکان لە سەر ئەو خراپانەی کە خۆیان هانیاندا سزایاندا.

ئەمە یەکەمجار نەبوو لە ناوچەکەدا کە ئەمریکا و ئێران ببنە هاوڕا بەڵام بە هۆکار و ئامانجی جیاواز.   کورد نەک هەر نەیانتوانی ئەم ئەکتەرە لەیەک دوور بخەنەوە، ئەوەندە بەس بوو، کە هەردوو یەک ئامانجیان هەبوو، ئیتر نەدەبوو، ریفراندۆم بکرێت، بەڵام سوربوون، بوە هۆی ئەوەی کە بڕیاڕی کۆتایی کورد بدرێت. دیارە کەرکوک بە ئاسانی بە کورد نەئەدرا، بەڵام ئەگەر ئەمریکا و ئێران هاوڕا نەبونایە ئەوا ئەم کارە بە جۆرێکی تر دەبوو. 

ئێران
ریفراندۆم تەحەدابوو بۆ پرۆژەی ئێران، بۆیە بەبێ پشتیوانی هێزێکی تر، کارێکی خۆکوژی بوو. ئەم هێزەش ئەمریکابوو. بەڵام نادیپلۆماسی کوردی ـبەرزانی- ئەم دۆخەی دروست نەکرد. بۆ ئێڕان کۆنتڕۆڵکردنی عێراق بەدیهێنانی پرۆژەیەکە کە 400 ساڵە خەمی بۆ ئەخۆن، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابوردودا لە هەوڵی ئەوەدابوون کە سوننە، وەک نەیاری یەکەم نەهێڵین، شیعە، بکەنە هێزی لاوازی و کۆمەڵگایەکی پڕ لە قەیران-تەنها تەماشای هەژاری و ڕادەی ئالوەبوون بە دەرمان بکە لە باشوری عێراق. کورد لەم پرۆژەیەدا دەبوو نەبێتە مایەی ناسەقامگیری ئێران، نەبێتە بنکەی نەیارانی ئێران و هەروەها پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات. 

ئێرانیەکان نەیادەویست ئەم کارە بە شەڕ بکەن، بۆیە دروستکردنی رێککەوتنێک بۆیان زەروری بوو. چی لەوە ئاسانترە کوردێک بدەی بە گژ کوردێکی تردا. کورد نەتەوەنیە، ئامانجی هاوبەشی نیە، خاوەن ئاگایی دەوڵەت نیە. زۆری ئەمانە بە ئینتلیجیسیا دروست دەکرێت، چینی ڕۆشنبیری کورد، ناتوانێت لە واقیعی کورد تێبگات، دێت هەوڵی چارەسەری دونیادا دەدات. لە کاتێکدا کورد دادەروخێ ڕۆشنبیری کورد جنێو بە کۆمەڵێک چەمک و ئایدیا ئەدات کە لە واقیعی کوردیدا بونیان نیە. 

پرۆژەی ئێرانی عیراقی، پرۆژەی بە عیراقی کردنی کوردە. لەم پرۆسەیەدا کورد نابێت خاوەن هیچ  توانایەکی سیادی بێت. ئەم پرۆژەیە گەر سەربگرێت ئەوا کورد پێکهاتەیەکی بێ دەسەڵاتی ناو عێراق دەبێت، کە بەدەست پەراوێزی و پشتگوێخستن و هەژاری و نەداریەوە دەناڵێنێت.

لەم پرۆسەیەدا کورد رووبەرووی دوو بژاردە دەکرێتەوە: بونی مافی تاک، یان مافی گروپ. مافی تاک یانی مافی کار و نان و نیشتەجێبوون، کە پێی دەڵێن هاوڵاتی بوون. مافی گروپ یانی مافی پیادەکردنی کەلتور و زمان و نەریت. ئەستەمە هەرگیز عێراق ببێتە وڵاتێکی فرە کەلتوری. بۆیە لە ناو کوردیش خۆیدا ئەم دوو ململانێیە خەریکە دێتە ئاراوە: خەڵکیک دەڵین نامەوێت کورد بم بەس نانم بدەرێ، خەڵکیکی تر داوای نان و ناسنامەش دەکەن. نوخبەی سیاسی کوردی خاوەنی هیچ کام لەم دیدانە نیە، بەڵکو وەک حەربا بە پێی ڕۆژ ڕەنگ و دەنگی خۆی دەگۆڕێت. 

ئێستا ئەگەر بە پەلە کار لە سەر گۆڕینی نوخبەی سیاسی و نەریتی سیاسی و ڕەفتاری سیاسی لە کوردستان نەکرێت ئەوا دۆخەکە خراپتر دەبێت باشتر نابێت.

نوخبەی سیاسی کوردی ئامادەن لە پێناو مانەوەیان  هەموو تەنازولێک بکەن بەبێ گوێدانە پێودانگەکانی.


PM:01:12:19/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 837 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی