ئایا ئێمە لە کوێی سیستەمی سەرمایەداریداین؟

‌سه‌ردار عه‌زیز

لە ماوەی ڕابوردودا بە چڕی کارم لە سەر کاریگەری دەستوەردانی بانکی جیهانی کرد لە ئابوری هەرێم. لە پێناوی فەراهەم کردنی پۆلەسی پەیپەرێک بۆ ناوەندێکی فیکری ئەوروپی. سەرەتا ناچاربووم بە پەیوەندی کوردستان و ئابوریدا بچمەوە. ئایا ئێمە لە کەیەوە ئامادەییمان هەیە لە دونیادا؟  ئایا ئێمە لە کەیەوە توانا و ئامادەیی ئابوریمان هەیە: ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شارەوە، بە بێ بوونی شار ئابوری بەرهەم نایەت بە تایبەت کاتێک  گوندی کوردی بە هیچ ناوەندێکی بازرگانی گرنگەوە نەبەستراوەتەوە. بۆ تێگەیشتن لەمە گەڕامەوە بۆ مارک سایکس، یەکێک لە داڕێژەرانی پەیماننامەی بەناوبانگی سایکس پیکۆ. مارک سایکس لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا بە کوردستاندا سەفەری کردوە، باس لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ژیاری کوردستان دەکات، لە کتێبێکدا بە ناوی دار الاسلام، کە لە ساڵی ١٩٠٤ لەندەن چاپکراوە. مارک باسی کەرکوک دەکات وەک شار کە دانیشتوانەکەی نزیکەی حەفتا هەزار کەس بوون. بەڵام وەها باسی سلێمانی دەکات کە تەنها کۆمەڵێک خانوی گڵینی پەرت و بڵاوبوە. هاتوچۆ لە نێوان ئەم ناوەندانەدا ئاسان نەبوە و خەڵكی بە قافڵە هاتوچۆیان کردوە. بە ڕوونی دیارە هیچ بنەمایەکی سەرمایەداری لە دۆخێکی وەهادا بوونی نەبوە. (سەرمایەداری لای من بریتیە لە پێکەوەبونێکی یاسایی، سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، تایبەت بۆ ڕەخسانی دۆخێکی تایبەت، بۆ فەراهەمکردنی خاوەندارێتی، لە دۆخێکی کێبڕکێدا، بە بوونی دەستێکی شاراوە، کە مەبەست لێی پرۆسەی بەهاسازی بازاڕە، بەبوونی ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆی حکومەت).

پاشان لە گەڵ دروستبوونی عێراقدا هەرێم دەچێتە دۆخی شەڕەوە. دەتوانین بڵێین ساتەوەختی دروستبوونی عێراق ساتەوەختی هاتنە ئارای ئابوری شەڕە لە کوردستان. ئابوری شەڕ پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بونیادی و نابونیادیە. بونیاد دەنێت بۆ ئەوەی بجەنگێت، کە دەجەنگێت دەڕوخێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا دۆخی شەڕ کوردستانی خستوەتە پەراوێز لە بەرامبەر ناوەندی عێراقدا. ئەم پەراوێزبوونە وەهای کردوە کە پیشەسازی لە کوردستان گەشە نەکات، بە پلان. بۆ بەستنەوەی کوردستان بە عێراقەوە دەبێت هەموو بەروبومی کوردستان لە بەشی تری عێراق ساغ بێتەوە.

ئەمە بنەمای ئابوری سیاسی هەرێم بووە هەتا روخانی عێراقی بەریتانی. لە نەوەدەکان هەرێم سێ سەرچاوەی داهاتی دەبێت: تاڵانی، گومرگ لە گەڵ هاوکاری نێودەوڵەتی.  ئەمە درێژەی دەبێت هەتا روخانی عێراق لە ٢٠٠٣. ئەمریکاییەکان کە دێن لە گەڵ خۆیاندا خەیاڵی سیستەمێکی ئامادەکراوی ئابوری دەهێنن کە خۆی لە نیولیبرالیزمدا دەبینێتەوە. ئەمە هەر لە سەرەتاوە لە هەوڵەکان و وتارەکان و یاساکانی پۆل برێمەردا بە زەقی دیارە. ئەم دیدە ئابوریە وەها دەبینێت کە عێراق دەبێت ڕۆڵی دەوڵەت تیایدا لاواز بکرێت، خزمەتگوزارییەکان کەمبکرێنەوە یان نەهێڵرێن، هاوکارییەکانی حکومەت یان پشتیوانیەکانی حکومەت سنورداربکرێن. حکومەت بچوک بکرێتەوە و بوار بدرێت بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیای بیانی بۆ بوژانەوەی ئابوری عێراق.

ئەنجامی ئەمە گەندەڵییەک و تاڵانیەکی بێشومار بوو، کە سیاسی وەها هەیە لە عێراقدا بە تەنها ئەوەندەی پارەی بردوە کە وڵاتێکی سی ملیون کەسی پێ بژێنی.

هەرێم لە ٢٠٠٣ ئابوریەکی قۆرغکراوی هەبوو. کە پارە هات جۆرێک لە سیستەمی ئابوری سیاسی هاتە ئاراوە، کە چۆن پارە بکرێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی خەڵک، بەبێ بونیادنانی سیستەمیک یان بنەما ئابورییەکان.

ئەم جۆرە ئابوریەی هەرێم تەنها کاتێک کاردەکات کە هەرێم چەند قات لە پێداویستی ڕاستەقینەی خۆی پارەی هەبێت هەتا بەشی خەڵک و گەندەڵیش بکات. ئەم سیستەمە ڕوون بوو کە ناتوانێت درێژە بکێشێت. دەرئەنجام ئەوە چەند ساڵێکە لە قەیراندایە. دیارە یەکێک لە بەهانەکانی قەیرانی ئابوری هەرێم کەمبونەوەی داهاتە یان پارەیە بە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، نەمانی پارەی حکومەتی ناوەند، لە گەڵ شەڕی داعشدا. ئەمە تێگەیشتنێکی خۆ دزینەوەوەیە: یەکەم هەرچی پارەی بەغدایە ئەوا داهاتێکی زیادەیە کە لە دەرەوی ئابوری دێتە ناو کایەی ئابوری هەرێم، بۆیە ئەگەر بپرسین ئایا ئابوری هەرێم خۆی بۆ ناتوانێت پێداویستی کۆمەڵگای کوردی دەستەبەر بکات، ناتوانین لە وەڵامدا بڵێین چونکە لە دەرەوەی ئابوری هەرێم پارە نایەت. ئەوە ئابوری نیە کە خۆی نەتوانێت سیستەمێک بهێنێتە ئاراوە کە توانای بەرهەمهێنانی هێندە داهاتی نەبێت کە خۆی بەڕێوەببات. هەرچی دەربارەی نرخی نەوتە، وەڵامێکی کاڵفامانەیە. ئابوری نەوتی ئەگەر هاتوو لە سەر بەرزترین نرخی نەوت بونیادنرا، ئەوا هەمیشە لە ئەوپەڕی لاوازیدایە بەرامبەر هەڵبەز و دابەزی نرخ. ئەگەر هەرێم تەنها کاتێک بتوانێت سەقامگیربێت کە ملیونێک بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت و بە زیاتر لە سەت دۆلار بیفرۆشێت، ئەوا ڕوونە کە خاوەن سیستەمێکی ئابوری نیە، بەڵکو خاوەن خەیاڵێکی ناواقیعی ئابوریە کە دەخوازێت نرخی نەوت لە بەرزترین نرخیدا جێگیربێت. هەموو ئابوریەکی نەوتی ئابورییەکی هەڵبەز و دابەزکەرەو (ڤۆڵەتیڵیتی). بۆیە دەبێت لە ڕووی بونیادییەوە دەستکاری ئەو ئابوریە بکرێت هەتا بتوانێت بەرگەی هەڵبەز و دابەز بگرێت. دیارە شەڕ بێگومان نەهامەتیە، بەڵام شەڕ بەشێکی سەرەکی نیە لە قەیرانی ئابوری، بۆیە کاتێک شەڕیش دەوەستێت هەر قەیرانی ئابوری کۆتایی نایەت. ئەوانەی هەڵگری ئەم دیدەن لە هەناویاندا بروایان وایە کە چارەسەر ئەوەیە کە دۆخەکە وەک جارانی لێبێتەوە، ئەمە تەنانەت دیدی ڕەخنەگرانی سیستەمەکەشە. ئەم دیدە سەقەتە.

لێرەوە بانکی نیودەوڵەتی بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی کار لە سەر ئەوە بکات کە چۆن ئابوری هەرێم ریفرۆرم بکات. کرۆکی چاکسازی بانکی نێودەوڵەتی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە چۆن سیستەمی ئابوری هەرێم بکاتە سیستەمێکی سەرمایەداری.

ئەمە مانای چیە، ئێمە لە کوێی سیستەمی سەرمایەداریداین، لە نوسینی داهاتومدا قسەی لە سەر ئەکەم.


PM:04:02:11/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی