‌له‌ نێوان كاك مه‌سعود و كه‌ركوكییه‌كاندا..!
PM:10:02:28/05/2019
عەدالەت عەبدوڵڵا

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
ئه‌وه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتیدا ئه‌گوزه‌رێ، زیاتر له‌ شیكارییه‌ك هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی رێكه‌وتن و هاوكات ناكۆكییه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا، به‌ریككه‌وتنه‌ له‌ نێوان دوو جۆر له‌ شه‌رعییه‌تدا كه‌ كراونه‌ته‌ چه‌كێكی دیموكراتی له‌دژی یه‌كتر، ئه‌م دوو شه‌رعییه‌ته‌ش، یه‌كێكیان كۆنه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی (2018ز)شدا له‌ كه‌ركوك، به‌ ته‌واوی سیحری به‌تاڵ بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا، به‌پێی یاسا، كاریگه‌ریی ماوه‌.. شه‌رعییه‌تی دووه‌میشیان نوێیه‌و ده‌ربڕی رۆژگاری ئه‌مڕۆیه‌، به‌ڵام هێشتا له‌فۆرمی دامه‌زراوه‌ییدا نییه‌و  زیاتر له‌فۆرمێكی مه‌عنه‌ویدایه‌ بۆ یه‌كێتییه‌كان.

مه‌به‌ستمان له‌ شه‌رعییه‌تی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌ كه‌ پارتی ناهێڵێ نیسابی یاسایی ته‌واو بكات بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگارێكی نوێ له‌ یه‌كێتی دابنرێت، یه‌كێتیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ په‌كی كه‌وتووه‌. مه‌به‌ستیش له‌ شه‌رعییه‌تی دووه‌م، ده‌نگی ره‌های كوردو كورسییه‌كانێتی له‌ كه‌ركوك كه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌ هه‌ڵبژاردنی پارساڵدا بۆ یه‌كێتی رۆیشتووه‌، به‌وه‌ش یه‌كێتی خۆی به‌ خاوه‌نی شاره‌كه‌ ده‌زانێ و به‌ مافی خۆشی ده‌بینێت كه‌ پارێزگاره‌كه‌ی دابنێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ تائێستا سیاسییه‌و له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌دا نییه‌، بۆیه‌ ته‌نها وه‌ك هێزێكی مه‌عنه‌وی ئه‌مێنێته‌وه‌، واته‌ ناتوانێ پارێزگار یه‌كلابكاته‌وه‌، به‌ڵام هاوكات ئه‌م هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ ده‌نگده‌رو كورسییه‌كانێتی له‌ كه‌ركوك، له‌چوارچێوه‌یه‌كی تری به‌هێزدا توانای ته‌عبیركردنی له‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش یه‌كێتییه‌، یه‌كێتی كه‌ كه‌ركوك بۆی بۆته‌ قه‌ڵایه‌كی سه‌ره‌كی، ناتوانێ ئه‌م هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌ی یه‌كێتییه‌ كه‌ركوكییه‌كان فه‌رامۆش بكات، به‌تایبه‌تی كه‌ كه‌ركوكییه‌كان لۆبییان له‌ناو (م.س)ی یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تیدا هه‌یه‌.

به‌م جۆره‌ش ده‌بینین كه‌ هاوكێشه‌كه‌، له‌كۆتاییدا، كه‌وتۆته‌ نێوان دوو شوێنه‌وه‌، یه‌كه‌م كاك مه‌سعود بارزانی كه‌ پارتی ته‌فویزی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چه‌كی ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ی كه‌ پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا كۆنترۆڵی كردووه‌ و هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت رێك بكه‌وێت له‌ ده‌ستنیشانی كه‌سێك كه‌ لای پارتیش دڵخوازبێ، دووه‌میشیان كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستی یه‌كێتییه‌كانی كه‌ركوك كه‌ تا سنوری هه‌ڕه‌شه‌ی وازهێنان و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌یان رۆیشتوون و پێیانوایه‌ لۆژیكی تیا نییه‌ زۆرینه‌ی شاره‌كه‌ پێكبهێنن و هێزێكی تر پارێزگاریان بۆ دیاری بكات كه‌ هیچ كورسییه‌كی له‌شاره‌كه‌دا نه‌ماوه‌و به‌ ته‌واوی پێگه‌ی سیاسی و متمانه‌ی كه‌ركوكییه‌كانی دۆڕاندووه‌.

راستی كێشه‌كه‌، ئێستا بریتییه‌ له‌مه‌. له‌وه‌ ئاڵۆزتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌، یه‌كێتی ئێستا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كاك كۆسره‌ت پارێزگاره‌ دڵخوازه‌كه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك قبوڵ كردبێت، پارتیش ده‌ڵێ قبوڵیان بووه‌و په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌!.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.