‌كام بارزانی ؟!
PM:05:40:05/11/2018
عەدالەت عەبدوڵڵا


له‌گه‌ڵ ده‌نگوباسی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا، هه‌ندێ پرسیاریش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی سه‌رۆكی داهاتووی حكومه‌ت هه‌یه‌. چاودێران ئاگادارن كه‌ له‌ پارتی دیموكرات ئه‌بێ، ئه‌شزانن كه‌ له‌ناو خێزانی بارزانی ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، كام بارزانی؟

روونه‌ كه كاك‌ مه‌سعود بارزانی خۆی نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، زۆركه‌س، به‌ره‌هایی و له‌به‌ر زیاتر له‌ ئیعتیبارێك، وا پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌ر نێچیرڤان بارزانییه‌، به‌ڵام هاوكات باس له‌مافی ئه‌مجاره‌ی مه‌سرور بارزانی- یش هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر زیاتر له‌هۆیه‌ك:-

یه‌كه‌م: دووه‌م كاراكته‌ری دیاری ناو پارتی، له‌پاڵ نێچیرڤان بارزانیدا، بریتییه‌ له‌ مه‌سرور بارزانی.

 دووه‌م: دانانی ئه‌و،‌ جۆرێكه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی دووباره‌بوونه‌وه‌و یه‌ك ئه‌زموونی .

سێیه‌‌م: نه‌ریتی گۆڕانكاری بۆ حكومه‌ته‌كه‌و بۆ پارتی دیموكراتیش دروستده‌كات.

 ده‌وترێ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ ته‌نانه‌ت بۆ یه‌كێتی-یش راسته‌. ئه‌كرێ ئه‌مجاره‌ گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا بكات. وه‌لحاڵ، خودی مه‌سرور بارزانی خۆیشی، زیاتر له‌ خه‌سڵه‌تێكی تیایه‌ كه‌ بۆ ئه‌و پێگه‌یه‌ بشێ، ئه‌و ئه‌ندامی(م.س)ی پارتییه‌، له‌حكومه‌تدا كارده‌كاو پۆستی هه‌ستیار به‌ڕێوه‌ده‌با، زمانزانه‌و بڕوانامه‌ی باڵای هه‌یه‌، كوڕه‌ گه‌وره‌ی بارزانییه‌، تاقه‌ كه‌سیشه‌ له‌ناو پارتیدا كه‌ نێچیرڤان بارزانی، له‌دوای مامی، قبوڵی بكات.

 ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ له‌م پرسه‌دا، دوو خاڵه‌، یه‌كه‌م: راگرتنی هاوسه‌نگی بۆ پارتی و ماڵی بارزانی. ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بوایه‌، ئه‌وا ئه‌وسا نێچیرڤان، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تیش نه‌بایه‌، وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام له‌ حزروی مامیدا له‌ناو حزب، ناتوانێ ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێ، به‌ڵام چانسی تر بۆ ئه‌و، ئه‌گه‌ری بوونێتی به‌ سه‌رۆكی داهاتووی هه‌رێم، به‌مه‌، هه‌م هاوسه‌نگییه‌كه‌ دروستده‌بێ، هه‌م پرۆسه‌كه‌ ده‌بێته‌ جۆرێك له‌دابه‌شكردنی رۆڵ و ته‌نانه‌ت ده‌ستپێكردنی ئه‌زموونی ترو ره‌نگه‌ جیاوازیش.

   كێشه‌ی دووه‌م: گرژیی ناوبه‌ناوی نێوان مه‌سرور بارزانی و یه‌كێتی، یان به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه‌. یه‌كێتییه‌كان، ره‌نگه‌ پتر نێچیرڤانیان پێ گونجاوتربێت له‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی بارزانی، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌، مه‌سرور بارزانی، رادیكاڵتره‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، هه‌رچی نێچیرڤانه‌، ئه‌وا دیبلۆماتتر و میانڕه‌وتر، هه‌ر بۆیه‌ ته‌نانه‌ت خوالێخۆشبوو، تاڵه‌بانییش(1933-2017ز) رێزی تایبه‌تیی لێ ده‌نا..! ‌  


ئه‌م بابه‌ته 1095 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.