‌ململانێی پۆست..!
PM:06:31:30/10/2018
عەدالەت عەبدوڵڵا

ململانێی نێوان هێزە كوردییەكان لەسەر پۆستەكانی بەغدا، كاریگەریی سلبی زۆری بەجێهێشتووە. كاریگەری هەیە لەسەر كاركردنی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی ماف و داواكارییەكانی كورد لە به‌رنامه‌ی حكومەتی نوێی عێراقدا، هاوكات كاریكردۆته‌ سه‌ر بوونی پەیوەندییەكی سەقامگیرو پتەو لەنێوان هەرێم و بەغدادا، چونكە لایەنە كوردییەكان، لە ماوەی رابردووداو تا ئێستاش!، نەك بە دوو، بگرە بە چوار/پێنج وەفدی جیاجیا دێن و دەچن، بەهۆی تەماحی حزبیشیانەوە، زۆرجار، دژ بەیەك و لەسەر حسابی یەكتری، هەڵوێست وەردەگرن!.


لەم رووەوە، تەنانەت هێزە عێراقییەكان، لەپێشوازی و موجامەلەو هەندێ بەڵێنی زارەكی بەولاوە، نازانن چ جۆرە مامەڵەیەك لەگه‌ڵ ئەم حاڵەتە كوردییەدا، لەزیان و قازانجی چ خۆیان و، چ گەلی كوردیشدا، دەبێت!، ئاسانیش نابێ كە بتوانرێ، لەدۆخێكی وادا، ئیستحقاقی كورد، لانیكەم، گه‌ڵاڵه‌ بكرێت و میكانیزمی كرده‌یی بۆ جێبه‌جێكردنیان بدۆزرێته‌وه‌، ئەگەر هێزە كوردییەكان خۆیان، بەو جۆرەی ئێستا، لەناو خۆیاندا ناكۆك بن و تەنها ئەولەویەتیان بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازی حزبی و تایبەتی بێت.

ململانێكان، كاریگەرییان لەسەر پەیوەندیی یەكێتی و پارتی-یش داناوە. وەرەقەی هاوبەشی هەردوولا كە چەند كۆبوونەوەیەكی بۆ سازكرا، خۆ بەخۆ، سڕبوو و كاری پێنەكرا، یان هەر لایەو بەپێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا كرد!، ئەمەش مەترسیدارە. مومكینە تەنانەت لەپێناوی وەرگرتنی پۆستدا، ئەو وەرەقانە بخرێنه‌ ناو سات و سەوداوە!، كێ كەمتر داواكاریی كورد بوروژێنێت، پۆست و ئیمتیازی زیاتری لە بەغدا پێ بدرێت!، بۆ نا؟ حكومەتی عەبدولمەهدی-یش، وەك ئەوانیتر، بە مافی خۆی دەزانێت كە ئەركە سەختەكانی سووك ببنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كە بە ئەركی گڕگرتوو و هەستیار دەزانرێن!.

بە مانایەكی تر، نابێ وابزانرێت كە پرەنسیپی شەراكەت لە عێراقدا تەنها لەسەر بنەمای دابەشكردنی پۆستەكان یەكلا دەبێتەوە، (سیاسییەكی قۆحی كورد، لە رۆژنامەی ئەلمەدا -دا، بەهەموو عەقڵی خۆی، دەڵێ: ئه‌گه‌ر پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بە كورد بدرێت، شەراكەت دەچەسپێ!).

شەراكەت، پێش هەر شتێك، بریتییە لە تاقیبوونەوەی هەڵوێست و بڕیارو مێنتاڵێتیی سیاسی. بۆیە، نەك هەر دەبێ لە بەرنامەی حكومەتی عێراقدا رەنگبداتەوە، بەڵكو به‌ فعلی كاری پێ بكرێت، ئەمەش، لە پەیوەندیدا بە كوردەوە، بەوە دەبێت كە سەرەتا لایەنە كوردییەكان خۆیان، لانیكەم، رێككەوتبن لەسەر دەستنیشانكردنی ماف و داواكارییەكانی كوردو پێكەوەش بیانجوڵینن و شەڕیان بكەن و جێبەجێكردنیشیان، لە دەورانی حكومەتی نوێی عێراقیدا، ببنه‌ پێشه‌وه‌.

لەلایەكی تر، زۆر گرنگه‌ كە مەرجی بەردەوامبوونی كورد لەناو حكومەتەكەو پرۆسەی سیاسی به‌گشتی، ببەسترێتەوە بە ئەندازەی پابه‌ندبوون بەو بەشەوه‌ لە كارنامەكەی حكومەت كە شەراكەت بەدی دەهێنێت. بۆ چەسپاندنی هەر شەراكەتێكیش كە گرەوێكی لەسەر بكرێت، وەك كورد، پێویستت بە لایەنی سێیەمە بۆ گرەنتیكردنی جێبەجێكردنی كارنامەكەی حكومەتی عەبدولمەهدی و چاودێریكردنی و شایەتیدانیش بەسەر ئەوەی كه‌ تاچەند پێشێل كراوەو تاچەندیش جێبەجێ؟


ئه‌م بابه‌ته 306 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.