وێنە تاریكەكەی عیراق..!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

دۆخی گشتیی تەنها یەك دوو مانگی رابردووی عیراق، ئەو چاوەڕوانییە سیاسییانە سارد دەكەنەوە كە ئەم وڵاتە لەبەردەم پاشەڕۆژێكی باشتر بێت لەئێستا. عیراق، تەنها لەم ماوە زەمەنییە كورتەدا، پەرەسەندن‌و رووداوی ئەوتۆ مەترسیداری تێدا روویداوەو زەقبۆتەوە كە زۆر ئەستەمە ئاماژەی ئومێدبەخشیان لێ بەدی بكرێت‌و بە ئاسانی جڵەو بكرێن!.

هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران كە وڵاتی خستۆتە بەردەم مەترسیی بۆشایی دەستوورییەوە، تەقینەوەی گەنجینەی گەورەی تەقەمەنی لەمەدینە سەدر-ی رۆژهەڵاتی بەغدا، كە تیایدا خەڵكانێكی زۆر گیانیان لەدەستداو بەدەیانیش بریندار بوون‌و بە دەیان ماڵیش خاپوور، سوتانی كۆگای سندوقەكانی دەنگدان‌و بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن‌و ئامێرەكانیان، كە بەدگومانی زیاتری خستۆتە نێوان قەوارەكانەوەو زیانی لەپرۆسەكەش داوە كە (400) ملیار دیناری عیراقی تێچووە.

لەولاوە، دەستپێكردنی شەپۆلی تری كردەوەی خۆكوژی‌و رووداوی تیرۆریستی لەبەغداو كەركوك‌و سەڵاحەدین‌و دیالەو موسڵ‌و ئەنبار، خۆ رێكخستنەوەی پاشماوەكانی داعش لەچەندین ناوچەدا، سەرهەڵدانەوەی دیاردەی رفاندنی هاوڵاتیان لەناو شارەكانی عیراق‌و لەسەرویانەوە بەغدا!، نەگەڕانەوەی زۆرێك لەئاوارە عیراقییەكان بەبۆنەی نەبوونی متمانەو نائارامیی ناوچەكانیان‌و ترسیان لەگروپە چەكدارەكان، لەوانەش زیاتر، پاشەكشەی بەردەوامی خزمەتگوزاریی ئاو‌و كارەباو پرۆژەكانی ئاوەدانی، زیادبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەكان لەناو هاوڵاتیانداو بەتایبەتیش نەخۆشی شێرپەنجە، كە بەپێی هەندێ ئامار، تەنها لەساڵی پاردا، گەیشتۆتە نزیكەی (150) هەزار حاڵەت‌و ساڵانەش بەهۆیەوە (7500) كەس گیان لەدەستدەدەن، كە ئەمەش، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشكی‌و سەرچاوە جیهانییەكان، پەیوەستە بەپیسیی ژینگەو ئاسەواری جەنگەكان لەسەر دانیشتووان‌و خواردەمەنی ناتەندروست‌و چاودێری نەكراوەوە.

جگە لەوانە، زیانەكانی گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاوەو كاریگەرییەكانی لەسەر زۆر ناوچەی عیراق‌و كەرتی كشتوكاڵ، سەرهەڵدانەوەی بیرۆكەی تایەفەگەریی سیاسی لەعیراقدا، زەقبوونەوەی ئاشكرای دەستێوەردانی دەرەكی لەكاروباری وڵاتدا، ملكەچبوونی زیاتری زۆر هێزی عیراقی بۆ ئەجێندای بێگانەو كاركردنیان بە پرەنسیپی خۆبەهێزكردن بەدەرەوە (الإستقوا‌ء بالخارج)، رازیبوونی هێزە عیراقییەكان بەوەی كە لەو دیوی سنورەكانەوە، چارەنووسی سیاسیی وڵات‌و فۆرمی حكومەتی داهاتوویان بۆ دیاری بكرێت.

لەولاشەوە، تەراتێنی سوپای توركیا لەناو خاكی عیراقداو شكاندنی ئابڕوبەرانەی سەروەری وڵات بێ ئەوەی دەزگاكانی دەوڵەت هیچ كاردانەوەیەكی كردەییان هەبێت!، تێوەگلانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە شەڕی سوریاو بەرگری لەرژێمی ئەسەد بەناوی پاراستنی عیراقەوە لەتیرۆریستانی ئەودیوی سنورەكان!، پاشەكشەی رۆڵی مەرجەعییەت لەعیراقدا لەچارەسەركردنی كۆمەڵێك دووبەرەكی‌و كێشەی سیاسیدا، نەبوونی هیچ سزایەكی راستەقینە بۆ كاربەدەستانی گەندەڵ‌و كەڵەكەبوونی دۆسییەكانیان بێ رێكاریی یاسایی‌و جەزائی، ئەوانەو زۆر دیاردەو رووداو‌و پەرەسەندنی تریش، هەر هەموویان، بەئاشكرا، ئەو راستییە سادەیە رووت دەكەنەوە كە عیراق، لەمەودای نزیك‌و دیاردا، وڵاتی ئارامی‌و سەقامگیریی نابێت، بگرە، ژیان‌و ئایندە، تیایدا، سەخت‌و تاریكتر بووە..!

لەقۆڵی هەرێمی كوردستانیشەوە، نە قەیرانە سیاسی‌و داراییەكان بنەبڕكراون، نە گفتوگۆو هاوئاهەنگی سیاسیی لەنێوان هێزە كوردستانییەكاندا ماوە، نە چاكسازی دەكرێت، نە هیچ بەرنامەیەكی هاوبەشیش لەئارایە بۆ رۆڵی كورد لەعیراقی قۆناغی داهاتوو. بێگومان ناوچە كوردستانییەكانیش، لەهەرێم خراپتر!. واتە بەگشتی، دۆخێك لەعیراقدا ئەگوزەرێ، كە ئەوسەری دیارنییەو، كراوەشە بەڕووی هەموو ئەگەرێكی جیاجیادا..!


AM:11:05:21/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 2606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی