یەكێتی دەبوژێتەوە؟

‌عەدالەت عەبدوڵڵا


لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، زۆرجار، لێكدانەوەكان بەزمانی پڕوپاگەندە بارگاوی دەكرێن، یان ئەخرێنە سەرو شیكاریی زانستییەوە كە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رووداو‌و ژمارە، داتاو ئامار، فاكت‌و زانیاری، بەراوردكردن‌و جیاكردنەوە، پێدراو‌و پەرەسەندندا دەكات‌و لەخۆیەوە پێشبینی ناخاتەڕوو. شیكاریی زانستی، مەزەندەی بێ بنەما نییە!. بە رەهاییش رووداوەكان، ناخوێنێتەوە. ئەو بەزمانی نزیككاری(مقاربە)، یان ئەگەر(إحتمال)، یان گریمانە(فرضیە)، دەدوێت.

بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش، ئەوەی پێویست بێت، ئەم زمانەیە، چونكە پێشوەخت، لەژێر كاریگەریی هیواو چاوەڕوانی‌و حەماسەتی گروپە سیاسییەكاندا، كار ناكات، شتێك ناڵێ بەو ئومێدەی ورەی جەماوەری پارتێكی دیاریكراوی پێ بەرز بكاتەوەو، ورەی پارتێكی تری ركابەری پێ بڕوخێنێت!، پێشبینییەك جاڕ نادات كە زیاتر وەك جەنگێكی دەروونیی خودی بانگەشە بەكار بهێنرێت!، بەڵكو زمانێكە، پێش هەر شتێك، تا دوا رۆژی بانگەشە، رەچاوی وردەكارییەكانی پرۆسەكە دەكات، بگرە بە بەشێكی دانەبڕاویشیان دەبینێت لەپێشمەرجی شیكاری.

یەكەمین پرەنسیپ بۆ شیكاریی زانستی لەبارەی ئەم هەڵبژاردنەوە، ئەوەیە، بزانرێت كە نەخشەی دەنگدەران، لەرووی ئاراستەو بژاردەوە، ئاڵۆزە. دووەم: ماوەی بانگەشە، پەراوێزێكی كەم نییە بۆ گۆڕینی ئاراستەو بڕیاری دەنگدەران، چونكە بڕی ئەو چالاكی‌و پەیامانەی كە گروپە سیاسییەكان، لەم ماوە یاساییەدا، بەچڕو پڕی، ئاراستەی دەنگدەرانی دەكەن، زۆرجار بارتەقای ساڵانێك ئەبن لەكاری رۆژانەی ئاسایی. دواتر ئاشكرایە كە پلانی بەڕێوەبردنی بانگەشە، زۆرجار دەستنیشانی رێوشوێنی دەستكاریكردن‌و گۆڕینی زهنییەت‌و سایكۆلۆژیای دەنگدەرانیش دەكات.

ئەگەر، بۆ نموونە، پلانی هەمەلایەن، مەنهەجی، لێكۆڵراو لەهەمووشیان گرنگتر، پلەبەندو یەكلەدوای یەك، واتە بە تەكنیكی پلانی(A)، پاشان(B)، دواتر(C) لەئارادا بێت، ئەگەر ئەرك‌و ئامانجی هەر قۆناغێكی ئەو پلانانەش دەستنیشان كرابێت، ئەوا مومكینە یادەوەری‌و سایكۆلۆژیاو زهنییەتی دەنگدەریش، لەماوەی تەنها یەك مانگدا، دەستكاری بكرێت، واتە تەنها لەژێر كۆنترۆڵی ئەو دیوە لەباری سایكۆلۆژی‌و زهنیدا نەبێت كە زادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی ركاربەر بێت، بەڵكو ئەو بەشە لەیادەوەری‌و باری دەروونی‌و هرزیی دەنگدەر ببوژێنرێتەوە كە گروپی سیاسیی دیاریكراو، بۆ خۆی دەیخوازێت!.

لەبنەڕەتیشدا، گریمانەكە چییە؟ گریمانە ئەوەیە كە، ماوەی بانگەشە، ماوەی كورتكردنەوەی زەمەنە، پوختكردنەوەی ئەزموونی چوار ساڵی رابردووە، بگرە كۆی ئەو بڕگە مێژوییانەی تریشە كە لەرووی مەعنەوییەوە پاڵپشتیی پلانەكانی بانگەشەی گروپە سیاسییەكان دەكەن. بێگومان، هەر پارتێكی سیاسی، بەم جۆرە، سەیری بانگەشەی هەڵبژاردن بكات، ئەگەری بوژانەوەی هەیە، چونكە ئیرادەی بۆ دروست دەكات، ئیرادەش وزەو جوڵە ئەخوڵقێنێت. ئەوەشی كە هەر لەسەرەتاوەو بەبێ پلان بچێتە پرۆسەكەوەو كاریگەرێتییەكانی ماوەی بانگەشە نەزانێت، پاشەكشە دەكات‌و ئەنجامی دڵخواز بەدەستناهێنێت.

ئێمە لەم روانگە زانستییەوەیە كە سەیری رەوشی(ی.ن.ك)یش دەكەین لەم هەڵبژاردنەدا كە زۆرترین چاوی لەسەرە، ئەمە لەكاتێكدا ماوەی هەڵبژاردن‌و پلانی بانگەشەكردن خۆی، رۆڵی گەورەی هەیە لەدیاریكردنی ئەوەی: ئاخۆ (بوژانەوە)ی لەپێشە، یان ئەگەری تر. ئەوەی ئێستا لەواقعدا ئەبینرێت، ئەوەیە كە، ئەم هێزە، بە ئیرادەیەكی جیاوازەوە دەردەكەوێت، ئەمەش دەشێت پێدراوێك بێت بۆ ئەگەری بوژانەوە.


 


PM:06:30:23/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 2469 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی