لەم هەڵبژاردنەدا، چی دەگۆڕێت..؟

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

لەدوای جیابوونەوەی باڵی ریفۆرمی (ی.ن.ك)، بەسەركردایەتیی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا(1944-2017ز)و پاشانیش دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان(2009ز) بەدیزاینی خودی رەوانشادو سەركردە جیاوەبووەكانی تر، رووداوێكی چاوەڕوانكراو بوو كە هاوسەنگیی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا، بگۆڕێت. ئەم گۆڕانكارییە، گۆڕینی هاوسەنگی نەبوو لەنێوان ئەو دوالیزمەی كە پێی دەوترێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو تەنها بریتی بوو لەدەستكاریكردنی هاوسەنگی لەنێوان دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەدا كە پارتی و یەكێتی-ن.

هەڵبژاردنی(25/7/2009ز) دیاردەی ئۆپۆزسیۆنی هێنایە ئاراوە، بەڵام بەرەی دەسەڵاتی نەخست، بۆیە گەڕی تری دەسەڵاتدارێتی، لەو هەڵبژاردنەشدا، كەوتەوە دەستی هەردوو هێز، بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش لەبەر ئەوەی كورسیی پێوستی نەهێنا، مەحكوم بوو كە وەك بەرهەڵستكار، بمێنێتەوە.
 
ئەنجامەكان لەهەڵبژاردنی(21/9/2013ز)دا، بەهەمان شێوە، بەرەی فەرمانڕەوای، وەك جەمسەری سەرەكیی گۆڕەپانی سیاسی، هێشتەوە، خۆ ئەگەر جیاوازیی كورسی لەنێوان هەردوو هێزەكەدا، بەهۆی دابەزین بەلیستی جیاواز(پارتی38 كورسی و یەكێتی 18)، روویدابێت، ئەوا لەكۆتاییدا، وەك زۆرینەی سادە(50+1)ی ناو پەرلەمان هێشتنیەوە، لەبەرامبەردا، وەك پەرەسەندنێكی نائومێدكەر، كورسییەكانی گۆڕان لە(25)كورسیی(2009ز)ەوە بۆ(24)كورسیی(2013ز) كەمیانكرد!. ئەم كورتهێنانە، بەهای ئۆپۆزسیۆنبوونی كەمكردەوە، هاوكات دەرفەتێكی رەخساند كە ئەمجارەیان، بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و بۆ پێكهێنانی حكومەت، گۆڕان ببێتە بەدیلی یەكێتی، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە رێژەییەش، دیسانەوە سەركەوتوو نەبوو!، چونكە دوای تەنها دوو ساڵ، پەیوەندیی پارتی-گۆڕان تێكچووەوە، بەهۆیشیەوە هەم پەرلەمان پەكخرا، هەم وەزیرەكانی گۆڕانیش لەحكومەت ئیقالە كران، بەمەش بەرەی دەسەڵات، سەرلەنوێ، درێژەیان بەفەرمانڕەوایەتی دایەوە تا بەرۆژگاری ئەمڕۆ دەگات.

ئەوەی لەو(9) ساڵەی رابردوودا هۆكاری بۆشایی گۆڕانكاریی سیاسیی گەورەیە لەكوردستاندا، لۆكاڵبوونی بەرەی بەرهەڵستكارییە كە بۆتە هۆی كورتهێنانی یەكێتی، بەڵام بەهێزبوونی زیاتری پارتی!. راستە لەهەردوو هەڵبژاردنی(2009و2013ز)دا پێگەی هێزێكی فەرمانڕەوا پاشەكشەی كرد، بەڵام لەبەرامبەردا كورسییەكانی هێزە فەرمانڕەواكەی تر زیادیان كردووە!، هاوكات ئۆپۆزسیۆن خۆیشی، ئەوەندە كورسیی نەهێنا كە لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی بتوانێت دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، بەمەش هیچ لەهاوكێشەكانی هەرێم نەگۆڕا، ئەگەر لەسنوری یەكێتی و لەئاستێكی لۆكاڵیدا، دەستاودەستكردن و دابەشكردنێكی دەسەڵات لەگەڵ گۆڕاندا روویدابێت، ئەوا لەئاستی هەرێمدا، هەتا ئێستاش هەر پارتی و یەكێتی، هێزی فەرمانڕەوان!، وە لەبەر ئەوەی كورسیەكانی یەكێتی كەمیانكردو لەگەڵ پارتیدا هاوسەنگیی لەدەستدا، بەدیفاكتۆ، قورسایی دەسەڵات، كەوتە لای پارتی و جومگە سەرەكییەكانی كۆنترۆڵكرد!. 

لەم هەڵبژاردنەشدا، پێشبینی ناكرێت كە گۆڕانكاریی گەورە رووبدات، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی عێراق جیاوازیی هەیە.  ئەگەر ئەمجارەیان بەهۆی جیابوونەوەی هاودیدەكانەوە لەیەكێتی، بڕێك لەدەنگی هێزێكی دەسەڵات كەم ببێتەوە، ئەوا لەبەرامبەردا، پارتی، هەروەك خۆی، لەئێستاوە، رایگەیاندووە:"هەر هێزی یەكەم دەبێت!".

وە لەبەرئەوەی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئاستی عێراقە، چاوەڕوانكراوە كە یەكێتیش، وەك هەڵبژاردنی(2014ز)، بەهێزی دووەمی كورد لەعێراقدا بمێنێتەوە، چونكە، بەپێی هەندێ پێدراو، زۆرینەی دەنگی ناوچە كوردستانییەكان، ئەمجارەشیان، هەر بۆ ئەو دەڕوات. لەبەرامبەردا، گۆڕان، ئیسلامییەكان، هاودیدەكان، بەو هاوپەیمانێتییەشەوە(نیشتمان) كە لەو ناوچانەدا پێكیانهێناوە، ناتوانن نیوەی كورسییەكانی رێژەی كورد بهێنن لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا(63كورسی)، سەنگی گروپی نەوەی نوێ-یش، لەهەرێمدا، دەكەوێتە دوای كۆمەڵی ئیسلامییەوە، لەعێراقیشدا، جگە لەسلێمانی، پێناچێ دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی كورسی، بهێنێت.


PM:11:49:20/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1730 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی