گوتاری جەنگ.. !

‌عەدالەت عەبدوڵڵا


هۆكارەكانی بەرپاكردنی جەنگ، زۆرن، بەڵام گوتاری جەنگ War Discourse تەنها ئەوانەیان نمایشدەكات كە رەوایەتیی بەجەنگ بدەن. حكایەتی هەموو جەنگە گەورەو بچووكەكانی مێژووی مرۆڤایەتی هەر وابووە. جەنگ، هەندێجار، ئەبەسترێتەوە بە ئامانجێكی پیرۆزكراوەوە وەك ئامانجە ئاینییەكان، لەنموونەی فتوحاتی ئیسلامیی(632-732ز) سەردەمی خەلافەتەكانی راشدی و ئەمەوی لەدژی بیزەنتییەكان و فارسەكان و قوتییەكان، یان شاڵاوەكانی خاچپەرستی(1096-1291ز) لەدژی موسڵمانان و بتپەرستان و مەسیحییە روسەكان و ئەرسەدۆكسە یۆنانییەكان و مەغۆلەكان و هتد..

یاخود بەناوی بڵاوكردنەوەی (مەدەنییەت و گواستنەوەی شارستانییەت)ەوە!وەك جەنگەكانی سەدەی 19ی ناپلیۆن بۆناپرت(1769-1821ز) بۆ سەر زۆر وڵاتی ئەوروپاو جیهان، یان كۆنتریش وەك نموونەی دیاردەی داگیركاریی Colonization بەگشتی كە لەسەدەی 15ەوە دەستیپێكرد تاسەدەی 20، یاخود ئەو جەنگانەی كە هەڵگری دروشمی یەكسانی و پلۆریتاریاو خاوەندارێتیكردنی بەكۆمەڵن لەئامرازەكانی بەرهەمهێنان، وەك ئەزموونە خوێناوییەكانی كۆمۆنیزم لە دەیان جەنگی ناوخۆیی سەدەی بیستدا، یان بەناوی نەژادو نەتەوەپەرستییەوە وەك نموونەی هیتلەرو جەنگەكانی(1939-1945ز)، یان بەناوی دیموكراسی و دژایەتیكردنی دیكتاتۆرییەوە، لە نموونەی داگیركارییە دەرەكییەكان و جەنگە ئەهلییەكان و زۆر شەڕی تر.

بەمانایەكی تر، جەنگێك نییە بێ گوتار، گوتارێكی جەنگیش نادۆزینەوە بێ بیانوو بۆ(رەوایەتی) وەرگرتن!، بەڵام ئەوەی هەمیشە، وەك راستییەكی رەها، دادەپۆشرێت، ئەو هۆكارە پەنهان و جاڕنەدراوانەن كە لەپشتەوە جەنگەكان هەڵدەگیرسێنن و لە گوتاردا نادركێنرێن، ئەو تەماح و مەرام و ویستە دۆزەخییانەن كە جەنگ دەكەنە ئامرازێك نەك بۆ هەلومەرجی بەرگری لەبەردەم هێرش و غەزای ناڕەوای ئەوانیتردا، بەڵكو بۆ داگیركاری، یان بردنی سامانی گەلان، یان درێژەپێدانی ئەو فەرمانڕەوایی و(دەسكەوت و شكۆ)انەی كە ناڕەوا بونیادنراون و لەسەر بنەمای خوێن و ستەمكردنن لەوانیتر.

ئەم جەنگەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورك بەرامبەر بەرۆژئاوای كوردستان و بەدیاریكراویش عەفرین، لەو جەنگانەیە كە بەناوی لەناوبردنی (تیرۆر)ەوە بەڕێوەدەچن، بەڵام خۆی، لەواقعدا، بریتییە لەتیرۆری دەوڵەت بۆ لەباربردنی مافی ژیانی گەلێك كە توركەكان نزیكەی یەك سەدەیە نكۆڵی لەناسنامەو مافە سیاسییەكانیان دەكەن، بگرە دەوڵەتی نوێی توركی/ئەتاتۆركییان(1924ز) لەسەر خودی ئەم لۆژیكە نەژادپەرستییە بیناكردووە.

ئەم جەنگە،لەسەردەمی ئەردۆگاندا، جگە لە كەلەپوری فاشییانەی نەژادپەرستی، لەسەر بنەمای گوتاری تریش درێژەی پێدەدرێت، گوتارێكی ساختە كە دۆزە نێودەوڵەتییەكان بۆ مەرامی سیاسی دەقۆزێتەوە كە گوتاری شەڕی تیرۆریزمە، گوتارێكی ئاینیی گشتگەرا-ش Totalitarian كە بەپێی فەرهەنگی ئاردۆگانیزم بریتییە لە بەهای برای دینی كە یەكسانە بە سەپاندنی دەستهەڵگرتن لەكوردبوون، یان توانەوە لەناو توركدا نەك ئیسلام، چونكە توركیای ئەردۆگان، لەمڕۆدا، بەكردەوە، نەك توركیای پاراستنی بەهاكانی ئیسلام نییە، بەڵكو مەملەكەتی فەسادی ئەخلاقی و لادانی كۆمەڵایەتییە، لەرووی سیاسیشەوە، نەك سەرزەمینی رێزگرتن نییە لەفرەیی(شعوب و قبائل)ی دروستكراوی پەروەردگار، بەڵكو زیندانێكی گەورەو كانگایەكی دێرینی ستەمكارییە. 
................................
گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه‌ و له‌ كوردستانی نوێ-دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌..


PM:07:28:29/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی