یەكێتی، چی بكات؟

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

لەئێستادا، سەرنج لەسەر دۆخی ئاڵۆزی (ی.ن.ك) زۆرە، پرسیار ئەكرێ: لەبەر رۆشنایی رووداوەكاندا، دەتوانرێت چی بكرێت؟. ئەو پرسیارانە رەوان، بەڵام وەڵامدانەوەیان ئاڵۆزە!، لەگەڵ ئەوەشدا، دەشێ هەندێ جوڵەی سیاسی پێشنیاز بكرێت. لەوانە: ئەو سەركردانەی یەكێتی كە باوەڕیان بە پاراستنی حزبەكەیان هەیە، لەگەڵ كادیرە پێشكەوتووەكاندا، دەتوانن، لە ئێستاوە تا مانگێكی تر، گفتوگۆی كراوە لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا بكەن لەبارەی مەترسی پەرتەوازەیی كورد لە عێراق، ئەمە وەك ئەركێكی نیشتمانی، وەك بەرژەوەندیی حزبییش، راشكاوانە باسی هاوپەیمانێتییەكانی پاش هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیان لەگەڵدا بكەن، لەمەدا، تەنانەت بچنە گفتوگۆوە لەگەڵ قەوارە تازەكانیشەوە، واتە مامەڵە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بێت نەك رق و هەڵوێستی پێشوەخت.

ئەگەر لەئاستە نیشتمانییەكەدا، پێشكەوتن روویدا، لەقازانجی هەرێمە بەگشتی، بۆ یەكێتی-یش دەبێتە درێژكردنەوەی كەلەپوری مام جەلال (1933-2017ز) كە لەگەڵ یەكبوونی كورددا بووە چ لەهەرێم و چ عێراقیش. لەئاستە حزبییەكەشدا، ئەگەر ئەنجام باش بوو، باشتر، ئەگەر نا، دەتوانرێت چەند هەنگاوێك بنرێت، لەوانە:
یەكەم: هاوپەیمانێتیی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموكراتدا مەرجبەند بكرێت تا ئەو كاتەی لێدوانی گرژی هەندێ سەركردەو راگەیاندنەكانیان جڵەو ئەكەن كە پێچەوانەی هاوئاهەنگیی سیاسیین لەعێراق و ناوچە كوردستانییەكاندا.

دووەم: هەڵپەساردنی هاوشێوە بۆ ئەو رێكەوتنەی كە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا كراو بەمدواییانە یەكلایەنە هەڵیپەسارد، خۆ ئامادەكردنیش بۆ ململانێیەكی توند لەهەموو ئاستەكاندا، بەتایبەتی كە، پێناچێت رەوتێكی بەهێزی بزووتنەوەكە، جارێكی تر، بەو رێكەوتنەوە پابەندبن.

سێیەم: دانانی بەرنامەیەكی تۆكمەو نا شەرمنانە بۆ ركابەری لەگەڵ هەر هێزێکدا كە تەنها سنوری نفوزی سلێمانی و دەوروبەری بكاتە ئامانج و كۆكردنەوەی دەنگ و كورسی لەڕێی چڕكردنەوەی ململانێ و گرژییەوە بێت لەگەڵ ئەودا، بۆ ئەوەش ئامادەكردنی بەڵگەنامە پێویستەكان!و پرۆژەی روبەڕوبونەوەی هەمەلایەنە‌ لەگەڵیانداو دوورگرتن لە موجامەلەو لا شەڕ!.

چوارەم: گفتوگۆی راشكاوانەو یەكلاكەرەوە لەگەڵا ئەو كەسانەی لەناو یەكێتیدا هاودیدی لیستی (ه.د.د)ن و تائێستا خۆیان جاڕنەداوە، بەرگرتن لە ئەگەری هەڵگرتنی ئەو جاڕدانە بۆ كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن!، یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە هەستیارەش لەئێستادا زیانی لەوكات كەمتر دەبێت.

پێنجەم: ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی بوێرانەو رەخنەگرانە بۆ رابردوو و دەستكاریكردنی پەیكەری حزبی‌و هێنانی دەستەیەكی تەباو نوێ بۆ سەركردایەتی كە لەئاست ئەنجامدانی ئەم بەربەرەكانی‌و ململانێیانەدا بێت، كۆنگرەكەش بكەوێتە پێش هەڵبژاردنە گشتییەكانەوە.

شەشەم: قبوڵكردنی‌ هەر ئەنجامێكی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق، تەنانەت ئەگەر كورسیی كەمتریش بەدەست بێت، قۆستنەوەی (4) ساڵی داهاتوو بۆ خۆڕێكخستنەوە، بەتایبەتی كە ئەم هێزە قۆناغی سەختی دیوەو سەرلەنوێ هەستاوەتەوە.


AM:10:03:17/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 2168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی