دووڕاییەكی خۆپیشاندانەكان..!

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەكانی هەرێم و سیستەمی پاشەكەوتكردنەوە، هاوكات دواكەوتنی پرۆسەی دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا!، پێشهاتێكی چاوەڕوانكراو بوو كە، ئاكام، شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەكان، لەناو ئەو چین و توێژانەی كۆمەڵگەدا سەرهەڵبدەنەوە كە بوونەتە قوربانی. ئەمڕۆ ئەوەی قەبارەی ئەم پەرەسەندنە گەورەتر دەكات، دابەشبوونی زیانەكانی ئەو قەیرانە ئابوورییەیە بەسەر زیاتر لەچینێكی كۆمەڵایەتیدا، چ هەژاران كە گیرۆدەی سەرەكین، چ چینی پیشەوەرو كاسبكاران كە بازاڕیان شێواوە، چ دەوڵەمەندو بازرگانان كە لەزیانی داراییدان و پرۆژەكانیان لەپاشەكشەو پووكانەوەدان.

ئەو تێڕوانینە راست نییە كە دەڵێ: بەركەوتووی قەیرانەكان تەنها مووچەخۆرانی دەوڵەتن. ئەم تێگەیشتنە، زانستی نییە. پسپۆرانی ئەم بوارە دەزانن كە سەرەڕای ئەوەی توێژی مووچەخۆر توێژێكی فراوانی كۆمەڵ پێكدەهێنن و بەپێی سیستەمی بایۆمەتریش بێت لەسەرو ملیۆنێك و 200 هەزار كەسن كە دەكاتە نزیكەی 25%ی دانیشتوانی هەرێم، چین و توێژەكانی دیكەش، بەرێژەی جیاجیا، بەركەوتوو و زەرەرمەندن. رۆژانە، هەواڵ و راپۆرت و بەدواداچوونی میدیایی، ئەم راستییە ئەسەلمێنن، هەر ئەمەشە نهێنیی مەترسیی فراوانتربوونی بازنەی ناڕەزاییە كۆمەڵگەییەكانی ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان!.

بەرپرسانی حكومەت و پەرلەمان، وەزارەت و لیژنە پەیوەندیدارەكانیان، بە وردی لینكی ئەو زیانە گشتییە نابینن كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، دۆخی زۆربەی توێژە كۆمەڵگەییەكانی هەرێمی بەیەكەوە بەستۆتەوە. زۆرجار دۆزەكە پتر وەك دۆزی توێژی مامۆستایان‌و فەرمانبەران بەگشتی تەماشا ئەكەن نەك وەك خەلەلی گەورە لە بونیادی (Structure) سیستەمی ئابووری كۆمەڵگەدا، كە سیستەمێكە، وەكچۆن هانی خزمەتگوزاری‌و سەرمایەگوزاریی ئازادانەی كەرتی تایبەتی نەداوە، ئاوهاش قووت و ژیانی بەشێكی گەورەی كۆمەڵگەی بەستۆتەوە بەئابووری رەیعیی (Rent economy) دەوڵەت‌و كەرتی گشتییەوە. ئاشكرایە ئەو سیستەمەش، لەسەر بنەمای نەشارەزایی‌و تەماحی حزبی داڕێژراوە، بۆیە هەر لەهەناوی خۆیدا زۆر كەرتی ئابوریی هەرێمی پەكخستووە لەبابەت كشتوكاڵی و پیشەسازیی كە دەكرا دوو سەرچاوەی پەرەپێدانی ئابووری وڵات بن.

دەرەنجامێكی تری ئەو سیستەمە ئەوەیە كە، تەنانەت لەزۆر كاڵاو پێویستی رۆژانەی هەرێمدا، بەناچاری، پشت بەدنیای دەرەوە دەبەسترێت، بەمەش بەشێكی پارەو سامانی وڵات‌و هاووڵاتی دەچێتە گیرفانی بازرگانان و كۆمپانیا دەرەكییەكانەوە، هەر بڕێكی باج‌و گومرككردنیش لەسەر پرۆسەكانی هاوردەكردنی كاڵا، دیسانەوە هەر لەسەر حسابی دەرامەت‌و توانای كڕینی هاووڵاتی‌و وڵاتە، بۆیە ئەم خۆپیشاندانانەی كە ئەمڕۆ لە شەقامەكاندایە، ئەگەر ناوچەییش بن، لەكۆتاییدا، دەربڕێكی واقعییانەی ناڕەزایەتییەكی بابەتین كە زادەی ناهەمواریی باری ژیان و گوزەرانی دانیشتوانە بەگشتی.


PM:01:22:21/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 5098 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی