قودسەكان، لەناو یاسای دارستاندا !

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

  رستەیەك كە شیاوی راڤەكردنی رووداوی ئەو ئیمزایە بێت كە سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی خاوەندارێتیی قودسەوە، كردی، ئەوەیە كە، ئەو شارە دێرینە، كە تەمەنی (6) هەزار ساڵە، بەدرێژایی مێژوو، قوربانیی یاسای دارستان بووە!. هەر هێزو دەوڵەت و ئیمبراتۆرییەتێك، هەر ئاین و نەتەوەو حەشامەتێكی مرۆیی، بەهێز بووبێت، ئەو دەستی بەسەردا گرتووە، لەبەرامبەردا، ئەوەی لەناو ئەم یاسایەدا لایەنی لاواز بووبێت، دەرپەڕێنراوەو گورزی كوشندەی بەركەوتووە. بەڵگە ئەوەیە كە قودس، یان بەناوەكەی تری، ئۆرشەلیم، لەدیرۆكی خۆیدا، (2)جار تەخت و وێرانكراوە، (23)جار تەوقكراوە، (52)جار هێرشی كراوەتەسەر، (44)جاریش داگیركراوە.

هەڵبەتە بكەری ناو ئەم یاسا دارستانییە، زۆربوون، هەر لەجەنگەكانی جولەكەو رۆمانییەكان لەسەرەتای ساڵانی زاینیەوە، بۆ جەنگ و ململانێی خوێناوی نێوان رۆم و فارسەكان (395-614ز)، تا دەگاتە فتوحاتی ئیسلامی (636ز) دوای ئەوەی كە موسڵمانان (500)ساڵی رەبەق لەسەردەمی فەرمانڕەوایی رۆمانییەكان لە قودس بێبەش كرابوون، پاشان سەردەمی توركە سەلجوقییەكان(1076ز) و دواتریش شاڵاوی خاچپەرستەكان (1099ز)، تا درێژ ئەبێتەوە بۆ جەنگی حەتین-ی سەڵاحەدین ئەیوبی(1187ز)، پاشتر سەرلەنوێ گرتنەوەی لەلایەن خاچپەرستانەوە، دواتریش داگیركاریی خواریزمییەكان (1244ز) و پاشان كۆنترۆڵكردنەوەی لەلایەن عوسمانییەكانەوە (1517ز) بۆ ماوەی (400)ساڵ، ماوەیەكیش لەبندەستی میسرییەكان (1831-1840ز)، ئەمە تا جەنگی جیهانی یەكەم كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانان و ئینتیدابی بریتانی و ئاكامیش لە بەڵێننامەی بلفۆر-ەوە (1917ز) سەردەردێنێت كە نیشتمانێكی نەتەوەیی بۆ جولەكان لەفەلەستین پێشنیار دەكات، دواتریش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی (1948ز) تا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ.

لەو مێژووە دورودرێژەدا، بەسەدان تاوانی مرۆیی گەورە، قەسابخانەو رەفتاریی بەربەرییانە بەڕێوەچووە، سەدان هەزار لە جولەكە و مەسیحی و موسڵمانان كوژراون، لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامەو خاوندارێتییەكەی یەكلانەبۆتەوە، چونكە یاسای دارستان خۆی، یاسای جەنگێكی ناكۆتایە!. ئەوەی ئەمڕۆ ترەمپ-یش دەیكات، هەڵوێستێكی نوێ نییەو درێژەدانە بە هەمان یاسا، چونكە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، تەنانەت خودی فەلەستینییەكانیش، سەرلەبەر، لاوازو بێ هێزو دابەشبوون، بەشێكی زۆری وزەی خۆیان لەجەنگ و ململانێی تایەفی و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی یەكتردا خەرج دەكەن، بەمەش لایەنی لاوازی ناو یاسای دارستان پێدەهێنن.

حاڵی قودسی عەرەب و جیهانی ئیسلامیش، وەك حاڵی ئێستای قودسەكەی نەتەوەی كوردە"كەركوك"، ئەوەی ئەم شارەی لەبن كۆنترۆڵی كورد دەرهێنا، توانای دەوڵەتێكە كە پشتئەستوورە بەسەرچاوە جیاوازەكانی هێز، هەرچی كوردە، بەهەموو هێزی خۆیشی بجەنگایە، نەیدەپاراست، بەڵكو ئێستا، وەك شارە سوننەنشینەكانی دی، دەبووە (خۆڵەمێش)!.


PM:03:32:13/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی