چۆن گۆڕانکارییەکانی بەغدا هەڵسەنگێنین؟

‌جەمال پیرە

سەرەنجام، موقتەدا صەدر توانی سواری شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانە بێت کە دەمێکە شاری بەغدای هەژاندووە، توانی بەسەرکەوتووی داواکاریی و ناڕەزایەتییەکانی خۆی و هێزە سیاسییەکەی بگەیەنێتە خاڵی کۆتایی، کەبریتی بوو لەناچارکردنی سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لەکابینەی حکومەتدا.

هەڵبەتە ناکرێ هەروا راگوزەرانەو بەسادەیی لەم بابەتە بڕوانین وەک هەندێک کەس هەر لەیەکەم چرکەساتی راگەیاندنی گۆڕانکارییەکانەوە دەستی داوەتە تەقەکردن لەخاوەن بڕیارەکانی بەغدا! لەراستیدا ئەوەی کە روویداوە لەوانەیە گەمەیەکی سیاسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بێت، یانیش هەوڵێکی گەورە بێت بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و درێژەدان بەو ئەزموونەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەعێراق دەستبەکارە، یاخود رەنگە بەکردار  سەلمێنرا کە دەسەڵاتداران ناتوانن لەبەردەم ناڕەزاتەتییەکاندا بوەستنەوەو لەئاستی ترسی توڕەییەکانی خەڵکدان.

دەشێ پێمانوابێ جارێ زووە بڕیاری کۆتایی لەسەر هەنگاوەکەی عەبادی بدەین، چونکە هێشتا دیار نییە پەڕلەمان گۆڕانکارییە تازەکە پەسەند دەکات یان نا، بەڵام هەرچۆنێک بێت دەبێ لەیەکەم تێڕوانیندا گەشبینانە لەبابەتەک بڕوانین، هیچ نەبێ لەبەرئەوەی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لەپێکهاتەی حکومی یەکێکە لەخەسڵەتە پۆزەتیڤەکانی سیستمی دیموکراسی، هەروەها نابێ لەبیرمان بچێ ئەم رووداوە بەرهەمی خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەرییەکانە، خۆ بینیمان لەماوەی رابردوودا خۆپیشاندانی گەورەی ملیۆنی لەبەغدا دژ بەحکومەت و دەسەڵاتداران بەڕێوەچوو، کەسیش تەقەی نەکردو هیچ لایەن و کەسایەتییەکیش وەک خیانەتکار وەسف نەکرا، لەبەرئەوە پێدەچێت هەموو ئەوانەی ئەم هەنگاوە رەتدەکەنەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەژێر کاریگەری ئەو لایەنانەدابن کە زەرەمەندی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکەی حکومەتن.

 ئەوەی پەیوەستە بەنوێنەرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر زاری فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە دووپاتکراوەتەوە کە لەگەڵ ئەوەدانین پشکەکانیان لەپۆستە وەزارییەکان بەم شێوەیە دەستکاری بکرێن، ئەمەش چاوەڕوانکراو بووە، لەبەرئەوە پێشبینی ناکرێت بەهیچ شێوەیەک دەنگ بەکابینە تازەکە بدەن، بەتایبەت لەدوای ئەوەی دەرکەوت لەکۆی ئەو دوو پۆستە وەزارییەی بەر کورد کەوتوون هیچ کامێکیان نوێنەرایەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ناکەن.

مایەی پێکەنینە کەسانێک بەحساب شارەزاو چاودێر هەرکە بێ ئیشدەبن بێ پەروا باسی کشانەوەی کورد لەبەغدا دەکەن، پەلاماری راست و چەپی عێراق دەدەن و دەیانەوێ وانیشانی بدەن هەڵگری بۆچونێکی تەواو کوردانەن و لەم سۆنگەیەوە کەوتوونەتە تەقە لەبەغداو هەموو هێزە کوردستانییە بەشدارەکانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، لەکاتێکدا دەزانن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەست لەو کێکەی بەغدا هەڵگرێت، ئەم راستییە تەنانەت بڕیاربەدەستانی عێراقیش زۆر باش دەیزانن کورد نەدەتوانێ بەجێیبێڵێت نەدەیەوێ جێیبێڵێت، بێجگە لەوەی حاڵیحازر هیچ زلهێزێکی ناوچەکەو دنیاش لەگەڵ ئەوەدا نییە عێراق پارچە پارچە بکرێت، لەبەرئەوە زۆر بەئاسانی دەکرێ پێمانوابێ ئەوانەی زوو زوو لەبێ ئیشیدا پەنا بۆ ئەم بابەتە دەبەن بێجگە لەکوتانی ئاسنی سارد هیچی دیکەیان بۆنامێنێتەوە !

ئاشکرایە ئەوەی کە سیاسەتەکەی بەغداو کوردستان لەیەکتری جیادەکاتەوە چەندین تەوەری جۆراوجۆرە لەوانە ئاکتیڤبوونی پەرلەمانەکەی بەغداو ئیفلیجی پەرلەمانەکەی کوردستان، شارەزایی سیاسییەکانیشیەتی لەو گەمەیەی کە لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەدەچێت، هەر بۆ نموونە لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە، بەغدا کاتێک بینی نرخەکەی زۆر دابەزیوە بەئاشکرا بەسەرکردایەتی کوردستانی راگەیاند ئازادبن لە فرۆشتنی نەوتەکەی خۆتان، بەڵام وەختێ نرخەکە کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت داوای دانوستان دەکات !

بەدڵنیاییەوە چیتر ناکرێ کورد لەبەغدا بێت و لەکوردستانیشەوە پێچەوانە بێت یان دژ، ئەم جۆرە دژایەتییە هیچ سودێکی نابێت، بەتایبەت کە دەبینین جیابوونەوە ئاسان نییە، بێجگە لەوەی دەبێ مێژوومان لەبەرچاو بێ، لەماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵی تەمەنی دەوڵەتەکەی عێراقدا هەر کاتێک نێوانی کوردو دەسەڵاتی ناوەندی ئاڵۆز بووبێت ژیانی خەڵکی کوردستان تێکچووە،
لەبەر ئەوە وایدەبینم ئیدارەدانی ململانێی لەگەڵ بەغدا لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستانەوە سەرکەوتوو نییە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا، دیارترینیان خراپ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و ناڕێکی نێوماڵی کوردیی، ئەمەو ئەگەر باسی خراپی گوزەرانی خەڵکی کوردستان نەکەین کە حاڵی حازر نزیکەی دوو ساڵە حکومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات، بەم هۆیەشەوە کێشەی کۆمەڵایەتی زۆربووە! خەڵکێکی زۆر فەوتاوەو توشی نەبوونی و قەرزکردن و تەنانەت سواڵکردنیش بووە، ئەمەو ئەگەر باسی ئەوە نەکەین لەم ماوەیەدا دەیان هەزار کەس سەری خۆیان هەڵگرتووەو ماڵ و حاڵی خۆیان فرۆشتووەو روویانکردۆتە دەرەوە، بینیشیمان خەڵکێکی زۆر لەم رێگایەدا بۆتە قوربانی!

کەواتە خوێندنەوەی تاکڕەهەندانەو حزبیانەی بەرتەسک بۆ ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە ئەمڕۆ لەبەغدا روودەدەن، هیچ نین بێجگە لەکەفو کوڵێکی سادەو ساکاری بێئەنجام، لەکاتێکدا دۆخەکە پێویستی بەخوێندنەوەی جیددی و سیاسییانە هەیە، پێویستی بەوە هەیە لەیەککاتدا چاوێکمان لەسەر باشترکردنی سیستمی ئیدارەدانی ناوخۆبێ، چاوێکیش لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانمان لەبەغدا.

هەڵبەتە ئێستا زۆر بەوونی دەرکەوتووە هەڵسەنگاندنی تاکلایەنانەی حزبیانە هەڵەیەکی ستراتژییە لەژیانی سیاسییدا، ئاخر کێ هەیە نەزانێ شیکارو خوێندنەوەی هەڵچوون ئامێز نامانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی دواجار هیچ نەبێ کەمێک کاریگەری پۆزەتیڤی هەبێت بۆسەر ژیانی خەڵکی کوردستان.


PM:01:43:02/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 1159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی