لەحزبی وڵاتەوە بۆ وڵاتی حزب

‌جەمال پیرە

یەکێك لەو دیاردە کاریگەرانەی لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا هاتۆتە ناو ژیانی سیاسی لە کوردستاندا، دەرکەوتنی هێزگەلێک بووە لەقاڵبی حزبی سیاسییدا کە راستەوخۆ خزاوەتە ناو تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگاو دەستێکی سەرەکی هەبووە لەزۆربەی رووداوو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.

 ئەم هێزگەلە کە بەرهەمی گەشەی هزری ناسیۆنالیزمی کوردی بووە، لەراستیدا دەبوو لەژێر کاریگەریی گەشەی هزری سیاسی جیهانیدا بێتەمەیدانەوە، بەو مانایەی کە بیرمەندی فەڕەنسی مۆریس دۆڤرجێ پێیوایە گەشەی پارتە سیاسییەکان لەمێژوودا وابەستەبووە بەگەشەی دیموکراسی و بەرفراوانبوونی چەمکی دەنگدانی گشتی، بەوەی کە تێکڕای چینەکانی کۆمەڵگای گرتەوەو ئەو کۆت و بەندە داراییانەشی کە پێشتر لەمبارەیەوە هەبوون هەڵوەشێنرانەوە.

بەشێووەیەکی گشتی حزب لەکوردستاندا دیاردەیەکی گرنگی سیاسی نییە لەنێو سیستمێکی دیموکراسیدا بەمەبەستی کێبڕکێکردن لەسەر دەسەڵات و بەرجەستەکردنی پرەنسیپەکانی بەشداری سیاسی کاربکات، وەک چۆن قەوارەیەکیش نییە خاوەن فیکر بێت و کاربکات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی.

لەراستیدا ئەوەی هەیە جۆرێکە لەگردبوونەوەی جەماوەریی لەسەر بنەمای پشتگیریکردنی بۆماوەیی و خێلگەر یان بەرژەوەندییەکی بچوکی تاکەکەسی دوور لەپێگەیاندنی مەدەنیانە، ئەوەی تائێستا هەبووە بریتی بووە لەکۆکردنەوەی حەشامات لەپێناو بەدیهێنانی خەونی دەستەبژێرێکی سیاسی کە یان پێکهاتەیەکی خێڵەکی بووە یاخود دەستەو تاقمێکی بێ بەرنامەی بەرژەوەندیخوازی بەرتەسک !

ناشاردرێتەوە کە هەر لەبنچینەدا حزبی کوردی هەڵگری ڤایرۆسی رەتکردنەوەی هەموو ئەوانەبووە پێچەوانەی ئەو بیریانکردۆتەوە، لەمەیدانی چاڵاکی و کارکردنیدا خوی بەکەلتوری خۆسەپاندن و قەبوڵنەکردنی بەرامبەرەوە گرتووە، تا ئاستی شەڕو هەوڵدان بۆیەکتر سڕینەوە، تا ئاستی ئەوەی هەندێکجار بگەینە قۆناغێک تێیدا حزب وەک کوشتەی دیموکراسی ببینرێت، یان لەباشترین حاڵەتدا هەڵگری ناوی گەورەبێ بەناوەرۆکێکی کرچوکاڵ، هەڵگری دروشمی دیموکراسی بووە، بەڵام بەکردار دژی پرەنسیپەکانی دیموکراسی وەستاوەتەوە، دینیی بووە لەدین لایداوەو خۆی سەرقاڵکردووە بەبەرژەوەندییە دنیاییەکان، ،عەلمانی بووە، بەڵام یان دژی دین بووە یاخود دژی دژەکانی دین بووە! چەپ بووە بەڵام لەواقیعدا سەرمایەی دنیا بێهۆشی کردووەو وەکو تریش بێجگە لە(ناو) بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە واتاکانی فیکری چەپ بەرجەستە بکات.

بەکورتی ئەرکی حزبی لەکوردستاندا هەرچەندە بەرووکەش خۆی وانیشانداوە لەنێو سیستمی دیموکراسیدا گەشە دەکات و بەردەوامدەبێ، بەڵام لەراستیدا بەجۆرێک لەجۆرەکان تۆتالیتارییانە هەوڵیداوە پارێزگاری لەیەکڕیزی و پتەوی گروپەکانی ناو خۆی بکات، لەبڕی ئەوەی وەزیفەی سەرەکی خۆی جێبەجێبکات کە بەگشتی بریتین لە 'چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکان و دەستنیشانکردنی کاندید و ئەندامەکان'.

دەتوانین بڵێین ئەوەی لەکوردستانی باشووردا هەیە حزبایەتی نییە بەمانا راستەقینەکەی خۆی، بەڵکو درێژەپێدەری ئەو دابەشبوونانەیە کەبەدرێژایی مێژوو لەواقیعدا هەبوون، دیارە ئەمە بەو مانایە نییە پێمانوابێ ئەوەی کە هەبووە هیچ رۆڵێکی ئیجابی نەبووە، بەڵام دەتوانین بڵێین حزب نەیتوانیوە ببێت بەو کاراکتەرە مەعنەوییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگاو سیستمی ئیدارەدان بەرەوپێشەوە ببات.

ناکرێ باسی نەکەین کە حاڵیحازر لەقۆناغێکداین ئینتیمای حزبایەتی بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمایەکی تەندروستەوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکو بەستراوەتەوە بەبەرژەوەندییەکی شەخسی یان بنەماڵەیی. ناشێ نەزانین لەکوردستاندا حزب بەتەواوەتی دوورکەوتۆتەوە لەوەزیفە سەرەکییەکانی خۆی،  لەپەروەدەکردنی ئەندامەکانی بەو شێوەیەی کە لەدنیای نوێدا هەیە، تەنانەت لەو پرەنسیپڵانەشی کە خۆی زەمانێک قوربانی بۆداوە!

لەراستیدا واقیعی حزبایەتی لای خۆمان ئەوەندە تراژیدیی بووە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی تەنانەت کەسانێکی بەحساب ئەکادیمیست و خوێندەواریش نەک هەر پشتگیری لە فۆرمی قاڵبگرتوو دەکەن، بگرە بەحسابی خۆیان بەهەموو توانایاکیانەوە کار بۆ تیۆریزەکردن و چەسپاندنیشی دەکەن! هەڵبەتە روونە ئەم کارەیان لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتە یاخود لەبێئاگایی و نەزانییەوەیە. 

حزبی کوردی بەهەموو ئەو کەموکورتییە فیکری و ریشەییانەیشیەوە کە لەسەرەوە باسمانکرد لەسەرەتا بۆ ئەوە دروستبووەو خەڵک متمانەی پێکردووە حزبی وڵات بێ، نەک بۆئەوەی وڵات بکات بەموڵکی خۆی! وەک ئێستا بەشێوازی جۆراوجۆرو بەکردار ئەم مەیلە مۆنۆپۆلکاریە حزبیە بەرجەستە بووە!

بۆیە دەتوانم زۆر بەڕاشکاوی بڵێم ئێمە تا ئەوکاتەی ناتوانین لە واتا راستەکانی کاری حزبی بگەین، تا بەم ئەقڵیەتە دەمانەوێ حزب لەناو دەسەڵاتدا بەگەڕبخەین، تا سیاسەت و کاری حزبی دوورنەخەینەوە لە بیروباوەڕە ئایینیەکان، لە بازرگانیکردن و خۆژیاندن، تا ئەوساتەی بەمەرج سەرگەرمی کاری حزبی دەبین، ناتوانین پێمانوابێ گەیشتووینەتە قۆناغێکی تری پێشکەوتوو لەکاری سیاسیدا. 


AM:08:35:29/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 1467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی