ئەردۆگان و غروری سیاسی

‌جەمال پیرە

١٥ ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ هەواڵی هەوڵێکی گەورەی کودەتای تورکیا دنیای بەخۆی سەرقاڵکرد، لەکاتێکدا ناوچەکە سەرقاڵی شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی داعش" بوو، پێشتر لەچەندین بۆنەدا بەڵگەی هەواڵگری و ڤیدیۆیی ئاشکرا کرابوون بەوەی حکومەتەکەی ئاکەپە هاوکارێکی هەرە گەورەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە، لەناوخۆدا دۆخی سیاسی تورکیا رۆژ لەدوای رۆژ شڵەژاوتر دەبوو، لەو سەروبەرەدا ئەوەی کە ئەردۆگانی زۆر سەرقاڵ کردبووە، پەلەکردنی بوو لەهەموارکردنی دەستور و پاشان گۆڕینی سیستمی سیاسی وڵات لەپەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، بەو شێوەیە کە لەبەرژەوەندی کەسی خۆیدا بوو، لەمەشدا توانی
گۆڤاری فۆرین ئەفێرزی ئەمریکی لەیادی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کودەتاکەی تورکیادا لەراپۆرتێکیدا بەناونیشانی Erdoganism is killing Turkish Democracy How نوسیویەتی "بەوپێیەی تورکیا، وەک هەوادارانی ئەردۆگان پێیانوایە، بەبێ ئەردۆگان لەسەر پێ ناوەستێت، و لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئەودا نەبێت ئەرکە مێژووییەکەی گەڕاندنەوەی شکۆی ئومەت بەدینایەت، ناکرێ ئۆپۆزیسیۆن و هەموو ئەوانەی پاڵپشتی ناکەن موسوڵمانی باش یان تورکی نیشتیمانپەروەر بن. لەبەرئەوەی ئەردۆگان تەواوی پاساوەکانی بەدەستەوەیە سەرکوتیان بکات یاخود بیانخاتە زیندانەوە".

بەبۆچوونی خۆم کردەوەکانی ئەردۆگان لەدوای کودەتاکەوە، کوشتن و رەشبگیریی و رەتکردنەوەی دانوستان و دەستێوەردان لەکاروباری وڵاتان و دەستگیرکردنی هەر کەسێک لەناوخۆی تورکیادا تەنانەت ئەگەر پارێزبەندی یاساییشی هەبێت وەک ئێستا دەیبینین، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەو لەدۆخی غروری سیاسیدا رێدەکات و بەدوورنازانرێت ناوچەکە بەرەو وێرانکاریی ببات، وەک چۆن لەرابردوودا غروری سیاسی چەندین سەرکردەی دیکەمان دیوە ماڵوێرانیان بەدوای خۆیاندا هێناوە!

هەموومان دەزانین ئەوەی هیتلەری بەو دەردە برد و جەنگی جیهانی دووەمی هەڵگیرساند و ماڵوێرانی بۆ وڵاتەکەی و چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپی و جینۆسایدی جولەکەکان و داگیرکردن و وێرانکردن و بەتاڵانبردنی چەندین وڵاتی دەوروبەری خۆی لەئەنجامی ئەو غرورە سیاسییە بووە کە توشی ببوو، بەهەمان شێوە ئەوەی سەدام حوسێنی والێکرد وڵاتەکەی بکاتە مەیدانی شەڕ و ماڵوێرانی تەنها و تەنها غروری سیاسی بوو! بەدڵنیاییەوە لەمبارەیەوە چەنین نموونەی دیکە هەن و دەکرێت وەک نموونە باسیان لێوەبکرێت.

تادێت کاریگەری ئەو مەیلە تاکڕەوییەی ئەردۆگان بەسەر تورکیا و ناوچەکەدا دەردەکەوێت، تورکیای ئێستا تورکیای ١٥ ساڵ لەمەوبەر نییە، ئەوکاتەی پارتی داد و گەشەپێدان تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست، وڵاتەکە هەنگاوێکی گەورەی ئابوری بەرەو پێشەوەچوو، هەر ئەوەش بوو وایکرد لەچەندین هەڵبژاردنی دیکەدا ئەردۆگان و پارتەکەی سەرکەوتنی بەرچاو بەدەستبێنن و هەر لەدەسەڵات بمێننەوە، بەڵام ئێستا پێدراوەکان پێمان دەڵێن ئەوەی ئەردۆگان لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بەدەستیهێناوە بەتایبەت لەرووی گەشەی ئابورییەوە، چەند ساڵێک خەریکە بەتەواوەتی زۆر زیاتر لەوەی بەدەستیهێناوە لەدەستی بدات! بێجگە لەوەی ئەم سیاسەتە توندڕەو و تاکڕەوەی ئاکەپە خەریکە دەوڵەتەکەیان لەرەگ و ریشەوە هەڵدەتەکێنێت، دەرفەتی زێڕینی خەونی بوون بەئەندامی یەکێتیی ئەوروپاشی لەباربرد!

ئێستا تورکیا لەدۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێنابات، لەناوخۆ و دەرەوەدا تەواوی دەوروبەری خۆی کردووە بەنەیاری خۆی، چەندین بەرەی شەڕ و ململانێی کردووەتەوە، لەلایەک نێوانی لەگەڵ رۆژئاوا تێکدەچێت و لەلایەکی دیکە ئەجێنداکەی لەناوچەکەدا شکستی دەهێنێت.

بەهەموو پێوەرێک لەم ساتەوەختەدا ئەردۆگانیزم خەریکی لەبنهێنانی ئەو ژێرخانەیە کە لەچەند ساڵی رابردوودا بونیادی نابوو. لەشەڕێکی نابەرابەردایە، ململانێی سیاسی لەسەرووی توانای خۆی و دەوڵەتەکەی دەکات، بێجگە لەوەی توانای نەماوە رکەبەری وڵاتانی دیکە بکات، هاوکات لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەی کە داویکردبێت بۆی نەچووەتە سەر، ویستی دەسەڵاتەکەی ئیخوانەکانی میسر بەردەوام بێت نەبوو! ویستی سوریا و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد زوو کۆتایی پێبێت، نەکرا! بەهەموو توانایەکییەوە هەوڵیدا کورد لە سوریا نەبێتە خاوەن دەستکەوتی سیاسی، بەپێجەوانەوە تادێت کوردانی رۆژئاوا هەم لەرووی سیاسییەوە بەهێزتر دەبن، هەمیش لەرووی ئیدارییەوە بوون بەخاوەنی کانتۆن و یەکەی ئیداریی رێک، زۆر هەوڵیدا کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش بۆی نەچووە سەر، چەندینجار بەدەنگی بەرز رەتیکردووەتەوە کورد لەهەر شوێنێک ببێتە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ، لەمەشدا بیانوی جیاجیای دەهێنایەوە، بەڵام هیچ کام لە دەرەنجامەکان بەدڵی ئەو نەبوون، ناوەناوەش دەیبینین سەرلێشیواوانە هەڕەشەی توند لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات، بەئەمریکاشەوە! بێجگە لەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیادا بەلێوارێکی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەوەیشی کە ماوە یان تازەکراوەتەوە لەسەر بنەمای تەنازولکردنێکی بێ وێنەبووە، پاڵپشتیکردنەکانی لەو وڵاتە عەرەبییانەی کە لەخۆیەوە نزیک بوون، بەبەهاری عەرەبی و کودەتا و ئاژاوەکانەوە کۆتاییان پێهات، بەکورتی مەبەستمە بڵێم تورکیای دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک، واتا سەردەمی ئەردۆگان، تورکیایەکە لەسەرەوە ۆ خوارەوە لێژ دەبێتەوە، هیچ بەدووریش نازانرێت سیاسەتەکانی ئەو سەرکردە توندڕەوە ناوچەکە بەئاقاری بەیەکدادان و شەڕی ماڵوێرانکار ببات!
    



PM:02:00:15/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 2289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی