گەمەکانی نرخی نەوت

‌جەمال پیرە

هەرچەندە راپۆرتەکانی رێکخراوی ئۆپێک هێما بۆ ئەوەدەکەن نرخی نەوت لەداهاتوودا بەرزدەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمە بۆچونێکی سیاسی بێ وەک لەوەی بۆچونێکی دیراسەکراوی زانستی بێت!

ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن، دەزانن نرخی نەوت لەماوەی رابردوودا وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن زلهێزەکانەوە بەکارهاتووە، و رەنگە لەداهاتوودا دووبارە و چەندبارە بۆ هەمان مەبەست بەکاربێت، وەک فشارێک بۆسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت کە زۆرتر لەرووی سیاسییەوە ناتوانن بیشارنەوە پاشکۆن!

دەمێکە دنیای پێشکەوتوو لەهەوڵی ئەوەدایە سەرچاوە وزەییەکان لەنەوتەوە بگۆڕێت بۆ وزەی خۆر یان هەر ئالتەرناتیڤێکی دیکە، هەر بەم خەیاڵەشەوە کە دوور نییە ببێت بەواقیع، سەنتەرەکانی توێژینەوە و دامەزراوە ئەکادیمییە پەیوەندارەکان ئەم بابەتەیان تاووتوێکردووە، بۆنموونە بەپێی تازەترین بۆچوونی سەنتەری ریپینک ئێکسی ئەمریکی بۆ توێژینەوەی فیکریی، لەئێستاوە تا هەشت ساڵی دیکە جیهان پێشکەوتنێکی وا گەورە بەخۆیەوە دەبینێت لەهیچ بازاڕێکدا ئۆتۆمبێڵ و بارهەڵگر نابینرێت بەبەنزین و پەترۆل کاربکات، بەڵکو دەگۆڕێت و دەبێتە کارەبایی، ئەمەش راستەوخۆ واتای داڕمانی پیشەسازییە نەوتیەکان و نرخەکانی نەوت دەگەیەنێت.

بێجگە لەوەی سیاسەتەکانی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەژێر کاریگەری سیاسەتی نەوتی زلهێزەکاندا ناتوانن نرخێکی سەقامگیر بۆ نەوت دانێن بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەمیشە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت وابەستە بووە بە رووداوە سیاسییەکانەوە، هەر جارێک شەڕێک روویدا بێت یان تەنانەت گرژییەک کەوتبێتە نێوان وڵاتانەوە راستەوخۆ کاریگەری بەسەر نرخی نەوتدا جێهێشتووە، بۆ نموونە لەگەڵ وروژاندنی پرسی چەکی ئەتۆمی و ململانێکانی خۆرئاوا و کۆریای باکور ، یان لە پرسی گەمارۆدانی دەوڵەتی قەتەڕ لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە راستەوخۆ ئاماژەکانی نرخی نەوت بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە!

هەر لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرهەمهێنانە نەوتییەکەی خۆی زیادکرد نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هاوکات ترسی خستە نێو دڵی رێکخراوی ئۆپێک بەوەی کە ئەم هەنگاوە کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەو نرخە دەبێت کە وڵاتانی ئەندام لەرێکخراوەکە لەسەری رێککەوتوون.
بێجگە لەوەی بەئەزموون سەلمێنراوە هەر کاتێک ئەمبارەکانی نەوتی ئەمریکا روو لەدابەزین دەبن بەشێوەیەکی گشتی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا روو لەبەرزبوونەوە دەکات، ئەمە فاکتێکە بەهیچ شێوەیەک نابێت نادیدەبگیرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بەمدواییانە هۆشداری داوەتە وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت کە هەست بەئارامییەکی وا نەکەن بەوەی نرخی نەوت هەروا هەرزان بێت، پێشیوایە تا ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، لەبەر ئەوەی وەبەرهێنەران کە حاڵیحازر بەدەست نزمبوونەوەی نرخەکە دەناڵێنن، خستنەڕووی نەوت بۆبازاڕەکان کەمدەکەنەوە.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئاژانسەکە فاتیە بیرۆل لەلێدوانێکیدا هێمای بۆئەوەکردووە کە هەڵخەڵەتانی بەکارهێنەران بەنەوتی ئەمبارکراو و نزمی نرخەکەی، ئاسانە، بەڵام دەبێ لەسەر دیوارێک بینوسین : ئەو پاشەکشە مێژووییەی وەبەرهێنانەکان کە دەیبینین نیشانەی سەرسوڕمانی زۆری دەبێت بۆ رووداوی کتوپڕ کە رەنگە لەداهاتوودا لەسەر ئاستی ئاسایشی نەوتدا بیبینین، لەوانەیە داهاتووەکەش دوور نەبێت.

بۆچوونی ئەم ئاژانسە هەروا لەخۆیەوە نییە بەڵکو پشتی بەستووە بەبیروڕاو تێڕوانینەکانی راوێژکار و شارەزایانی کە پێشبینیانکردووە لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ رۆژانە ٤.١ ملیۆن بەرمیل بنێردرێتە بازاڕەکان، لەکاتێکدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥ رۆژانە ١١ ملیۆن بەرمیل بووە.

هەر بۆ وەبیرهێنانەوە دەبێ ئاماژەبدەین بەوەی نرخی نەوت لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا کەمترین ئاستی تۆمارکرد گەیشتە ٢٨.٨٨ دۆلار بۆهەر بەرمیلێک، ئەمە لەکاتێکدایە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ نرخەکە گەیشتبووە ١١٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بێجگە لەوەی پێشبینیان کردووە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی ١٧% پاشەکشەبکات، دوای ئەوەی لەساڵی رابردوودا رێژەکە ٢٤% بووە.

هەڵبەتە ئەوەی کە بەمدواییانە راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر نرخی نەوت بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینە لەلایەن ئەمریکاوە، ئەم نەوتە بەردینە لەوکاتەدا کاریگەری بەسەر بڕیار و سیاسەتەکانی ئۆپێکەوە زۆر بوو کە نرخی نەوت بەرزبوو، بەپێجەوانەشەوە هەرکە نرخ دادەبەزێت ناچار دەبێت لەبەرهەمهێنان بوەستێت بەوپێیەی تێچووی دەرهێنانەکە زۆرە و رێگر دەبێت، ئەمەش راستییەکی دیکەمان بۆ دەسەلمێنێت بەوەی نرخی نەوت ئەگەر روو لەبەرزبوونەوەش بێت ناگاتە ئەو ئاستەی کە لەساڵی ٢٠١٤دا پێیگەیشتبوو، لەبەرئەوەی نەوتی بەردین وەک رێگرێکی گەورە دەمێنێتەوە بەرامبەر بەزۆربەرزبوونەوەی نرخەکە.

لەهەموو حاڵەتێکدا ئەوەش دەتوانین بڵێین رێککەوتنەکان بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی خۆیان بۆ سەر نرخی نەوت دەبێت، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی ناوەوەو دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک بۆ دیاریکردنی نرخەکە پێویستییان بەوە هەیە زوو زوو رێککەون، واتا رێککەوتنەکانیان بەگشتی درێژخایەن نابن، چونکە لەلایەک پەیوەندی راستەوخۆی بەخواست و خستنەڕووەوە هەیە، لەلایەکی دیکەش وابەستەیە بەبارودۆخی سیاسی وەک لەسەرەوە بەکورتی ئاماژەمان پێداوە.

*هەفتەنامەی صباح کوردستان




PM:12:58:19/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 3374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی