بۆچی ترامپ تیلرسۆنی لابرد؟

‌ کاژاو جەمال


ڕۆژی 13 ئازاری ئەم ساڵ  دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ریکس تیلرسۆن لەسەر کار لادا، ترامپ هەواڵی لابردنەکەی بە تویتیک راگەیاند، بەوپیەش کە تیلەرسۆن لە تۆری تویتەر هەژماری نییە بۆیە هەواڵەکەی لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی دەرەوی ئە مریکاوە بە چاپکراوی پێگەیشت.

هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا دونالد ترامپ و وەزیری پیشوی ئەمریکا تیلەرسۆن لە خاوەن کارە بەناوبەنگەکانی ئەو وڵاتەن بەڵام لەماوەی رابردوودا چەندین جار دەرکەوت کە ئەو دوو کەسایەتیە تێگەیشتن لە نیوانیاندا نییە.

 پێش دەستبەکار بوونی ترامپ  وەک سەرۆکی ئەمریکا هەریەک لە وەزیری بەرگری پێشوو ڕوبەرت گیتس و  وەزیری دەرەوەی پیشوو کوندالیزا رایس. پێشنیازیان بۆ ترامپ کرد پشت بە تیلەرسۆن ببەستێت بۆ ئەم پۆستە گرنگە.

سەرەتای ناکۆکیە ئاشکراکانی نێوان تیلەرسۆن و ترامپ،  دەستپێشخەریەکی تیلەرسۆن بوو کە ترامپی کرد بە" گەمژە" وەسف کرد پاش کۆبونەوەیەک لە مانگی  تەموزی ساڵی رابردوو لە پنتاگۆن.

سەرۆکی ئەمریکاش بە تەحەداوە وەلامی وەزیرەکەی دەرەوەی خۆی دایەوە بە بانگهێشتکردنی بۆ پشکنینی زیرەکی  بۆ هەردوکیان، بەڵام دواتر وتەبێژیک بە ناوی ترامپەوە رایگەیاند کە ئەوە تەنیا گالتەیەک بووە.

هەرچەندە پێشتر چەندین راپۆرت بلاو کرایەوە لەسەر دەستلەکارکیشانەوەی تیلەرسۆن بەهۆی چەندین جیاوازی لەگەل ترامپ، بەڵام  مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا تیلەرسۆن ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی ڕەتکردەوە و رایگەیاند کە بیر لە دەستلەکاکێشانەوە ناکاتەوە.
هەرچەندە تیلەرسۆن بە ئاشکرا پابەند بوونی خۆی بۆ سیاسەتاکانی ترامپ ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەمە دەڕبڕینێکی  راستگۆیانە نەبوو.

لەم چوارچێوەیەشدا دوای لابردنی تیلەرسۆن، ترامپ رایگەیاند کە خیلافەکانی نێوانیان  دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی " تەوافقی " شەخێی. هەروەها وتیشی " ئێمە رێک بووین پێکەوە، بەڵام لەسەر چەندین مەسەلە جیاواز بیرمان دەکردوە".

جیاوازیەکانی نیوان تیلەرسۆن و ترامپ
ترامپ دەڵێت" کاتێک سەیری ڕیکەوتنەکەمان لەگەل ئیران دەکرد، من پێم وابوو ترسناکە، بەڵام ئەو ( مەبەستی تیلەرسۆنە) پێی وابوو رێکەوتنێکی باشە، من دەمویست لەو رێکەوتنە پاشگەزببینەوە یان کارێک بکەین، بەڵام ئەو ڕای جیاوازبوو، هەربۆیە وەک یەک بیرمان نەدەکردەوە".

سەبارەت بە کەیسی کۆریای باکوریش، ترامپ بە ئاشکرا لە پایزی رابردودا هەوڵەکانی تیلەرسۆنی شکست پێهێنا، کاتیک لە تویتیکدا نوسی" کاتی خۆی بە فیڕۆ دەدات" بۆ دانوستان لەگەڵ کۆریای باشور. هەر ئەم مانگەش کاتێک تیلەرسۆن لە گەشتێکی ئەفریقابوو  لە ناکاو ترامپ رایگەیاند لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور  کیم جونگ ئون ڕاستەوخۆ دانوستان دەکات.

هەڵبەتە دواهەمین بابەتی جیاوازی بۆچونی تیلەرسۆن و کۆشکی سپی بۆچونیان بوو سەبارەت بە تاوانبارکردنی  کرملین  لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە لەسەر  ژەهراویکردنی سیخورێکی پێشوی بەریتانیا. لەم بارەوە تیلەرسۆن وتی گازی بەکارهینراو لە هیرشەکاندا " لەلایەن روسیاوەیە" و ئەمەش " بە دڵنیاییەوە وەڵام دەدریتەوە". بەڵام کۆشکی سپی سپی رەتیکردەوە پەنجەی تاوان بۆ روسیا دریژ بکات.

"تیلەرسۆن و قەتەر و سعودیە"      
رۆژی 6 مارس ئاژانسی بی بی سی کۆمەلێک ئیمیلی دزە پێکراوی بڵاوکردەوە کە باس لە چەند هەوڵێک بۆ لابردنی تیلەرسۆن دەکریت لە پۆستەکەی پاش  پشتیوانی نەکردنی ناوبراو لە گەمارۆکانی سەر قەتەر لەلایەن ئیمارات و سعودیەوە.

بە پێی نامە دزە پێکراوەکان، گەورە بازرگانی ئەمریکی ئەلیۆت بویدی ( یەکێک لە گەورەترین هاوکارەکانی کەمپینی ترامپ بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، کە لە هەمان کاتدا پەیوەندیەکی توندو تۆڵیشی هەیە لەگەڵ وڵاتی ئیماراتدا و بەرێوبەر ی کۆمپانیای سیرسیناسە بۆ کاروباری ئەمنی) لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ناوبراو چاوی بە ترامپ کەوتوە و هانی داوە تیلەرسۆن لەپۆستەکەی لابدات.

هەر لەو دانیشتنەدا بویدی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بە " بورجێکی داروخاو" وەسف کردوەو و تویەتی پێویستی بە "زلەیەکی توند هەیە" بە پێی نامە دزە پێکراوەکان. هەروەها وتویەتی کە "محمەد بن زاید ئامادەیە بۆ سەردانی ئەمریکا بەم نزیکانە و پێی باشە کە سەرۆک ترامپ ببینێت بەدوور لە چاوی کامێراکان لە نیوجیرسی یان نێورک، سەرۆک ترامپیش پیشنیاری بیننی بن زایدی پی باش بووە".

هەوەها پێشنیاری ئەوەشی بۆ سەرۆک ترامپ کردوە کە تیلەرسۆن لە پۆستەکەی لابدریت " لە کاتێکی گونجاودا" .

هەر لە نامە دزە پێکراوەکاندا هاتووە کە بویدی وڵاتی قەتەری بە "کەناڵیکی تەلەفزیونی" وەسف کردووە وەک ئاماژە دانیک بە کەناڵی جەزیرەی قەتەری هەروەها وتویەتی کە ئەو وڵاتە "هیچ شتێکی ئیجابی نییە".

شایانی باسە ئیمارات و سعودیە پەیوەندیە دیپۆماسی و ئابوریەکانیان لە گەڵ ولاتی قەتەر لە مانگی حوزەیرانی 2017 بڕی و گەمارۆیان خستە سەر ئەو ولاتە. هەر ئەو کاتەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە گەمارۆدانی قەتەر گرت و  لە چەند لێدوانیکدا کە پێچەوانەی هەلویستی فەرمی ترامپ بوو کە بە ئاشکرا لە چەند  تویتیکدا پشتیوانی سعودیە وئیماراتی کرد دژ بە قەتەر .

وەک ڕاپۆرتەکەی بی بی سی باسی لێکردوە برویدی  تەفاێیلی دانیشتنەکەی بۆ خاوەن کاری ئەمریکی لوبنانی جورج نادر ناردووە کە ئەزمونی دەیان ساڵ دانوستانی نیوان خۆرهەلاتی ناوەراست و واشنتۆنی هەیە و ڕاوێژکاری جێنشینی وڵاتی ئیماراتە.

جۆرج نادر کییە؟
جۆرج نادر ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان سەدەی رابردوو لەگەڵ هاوکارە ئیسرائیلیەکەی جوناسان کیسلەر لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ( Middle East  Insight ) کاری دەکرد، کە ئەم گۆڤارە بە شێوەیەکی سەرەکی گرنگی دەدا بە خۆرهەلاتی ناوەراست و رۆلی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، گۆڤارەکەش بوو بوو بە مینبەریک کە عەرەبەکان و ئیسرائلیەکان وئیرانیەکان بۆچونی خۆیان تیادا دەرئەبڕی .

دوابەدوای کاری ڕۆژنامەنوسی ناوبراو دەستی کرد بە جموجۆڵی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ سەرانی عەرەب و ئیسرائلی پتەوکرد لە نێویاندا نەتەنیاهۆ سەرۆکی ئیستای ئیسرائیل و حسنی موبارەک سەرۆکی پێشوی میسر، هەر لەم ماوەیەداشدا بوو لە کاتی ئیدارەی بیل کلینتۆن هەستا بە ناوبژیوانیکی نەهینی لەنیوان ئیسرائیل و سوریادا.

لە ناوەڕاستی دەیەی رابردوو نادر زۆرترین کاتەکانی خۆی لە خۆرهەلاتی ناوەڕاستدا بەسەر برد و بە تایبەتی تریش  لە عیراقی دوای ساڵانی 2003 ( لەم پەیوەنەدا باس لە پەیوەندی نەهینی ناوبراو لەگەل مالیکیدا دەکرێت و ڕۆلی لە فرۆشتنی چەکی روسی بە عیراق)، هەر لەم ماوەیەشدا لە کاتی ئیدارەی بۆشی کوڕدا پەیوەندیەکی توندوتوڵتری لەگەل واشنتۆن دروستکرد.

بەم شێوەیە جۆرج نادر پەرەی بە پیوەندیەکانیدا تاوای لێهات لە سالی 2016 لە نێو سیاسەتمەدارانی ئەمریکیدا خۆی بە ڕاویژکاری جێنشینی ئەبوزەبی دەناساند، دوای دەستبەکاربوونی ترامپیش  زیاتر نزیک کەوتەوە لە کەسایتیەکانی نیو کۆشکی سپی لە نیویشیاندا ئەلیۆت برویدی دۆستی نزیکی ترامپ.

بەپێی راپۆرتیکی نیۆرک تایمز  لە مانگەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی ترامپ، جۆرج نادر چەندین جار سەردانی کۆشکی سپی کردووە و چاوی بە چەندین کەسایتی کەوتووە لە نێویشیاندا  ستیف بانون و گارید کۆشنەر ( زاوای ترامپ) بۆ گفتوگۆکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە خۆرهەلاتی ناوەراست.

مایک بۆمبیۆ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا
مایک بۆمبیۆ کە ماوەیەکی زۆرە کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای تیلەرسۆن، یەکێک بوو لە ئەندامە توندڕەوەکانی حزبی جمهوری لە گۆنگریسی ئەمریکیدا پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترامپ بیکات بە بەڕیوبەری CIA.

هەڵبەتە بۆمبیۆ یەکێکە لە لایەنگەرە سەرسەختەکانی ترامپ، زۆر بە بێبایەخیشەوە چاوی لەو زانیاریانە دەکرد کەباسیان لە دەستێوەردانی روسیادەکرد لە هەلبژاردنەکانی ساڵی رابردووی ئەمریکا.

مایک بۆمبیۆ کێیە؟
بۆمبیۆ بە توندڕەوەکانی رەوتی دژی ڕوسیا ناسراوە، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە پۆتین سەرۆکێکی مەترسیدارە، بۆمبیۆ تائیستا 3جار بۆتە ئەندامی گۆنگریسی ئەمریکی لەسەر ولایەتی کەسنساس و ناڕازیەکی زۆر توندی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئیران بوو کە ئیدارەی سەرۆکی پیشوو باراک ئۆباما بە یەکێک لە ئەندازیارەکانی دائەنرێت.

 بۆمبیۆ هەروەها یەکێکە لە ناڕازیەکانی داخستنی زیندانی گۆنتانامۆ لە کوبا، لەسەردانێکیدا بۆ زینداانیەکە لە ساڵی 2013، بە گاڵتە پێکردنەوە وتی" هەندێک لەو زیندانیانەی مانگرتنیان راگەیاندووە، کێشیان زیادی کردووە".

هەروەها بۆمبیۆ بەرگریکرد لە دەزگا ئیستخباراتیەکانی ئەمریکا پاش ئەوەی ڕاپۆرتیک سەبارەت بە ئەشکەنجەدان لە نێو زیندانەکانی ئەمریکا لەلایەن گۆنگریسی ئەمریکی بلاوبوەوە و تی" کارمەندانی ژن و پیاوی زیندانیەکان جەلاد نین بە ڵکو ئەوان نیشتمانپەروەرن، بەپێی دەستورو یاسا کارەکانیان دەبەنە پیشەوە".

بۆمبیۆ دەرچوی کۆلیژی حقوقی زانکۆی هاڤاردە، یەکەمین بووە لە دەرچوانی ساڵەکەی خۆی لە ئەکادمیەی سەربازی، ماوەیەکی زۆر لە سوپای ئەمریکیدا کاری کردووە، یەکەمین جار بۆ کۆنگریسی ئەمریکی هەلبژیردرا لە سالی 2010 دابوو بە پالپشتی سەرانی جمهوریەکانی وەک  تشارلز و دەیڤید کوخ بوو، لەیەکەمین کاری کۆنگرسیشیدا بوو بە ئەندامی لیژنەی ئیستخبارات لە گۆنگریس. پێش گۆنگرسیش خاوەنی کۆمپانیایەکی پارچەی فرۆکەو کۆمپانیایەکی تری بواری نەوت بووە.

بۆمبیۆ تەوانبار دەکرێت بە ئیسلامۆفیا (ترس لە ئیسلام) بە تایبەتی پاش لێدوانە توندەکانی سەبارەت بە هێرشەکانی ماراسۆنی شاری بۆستن لە 2013دا. کە رایگەیاند هەندێک لە پیاوانی ئاینی ئیسلام هاندەری هێرشە تیرۆریستیەکانن.

بۆمبیۆ لەم بارەیەوە وتی" کاتێک زۆرینەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە کاولکاریانە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێت کە ئاینێکی دیاریکراویان هەیە، بەناوی ئەو ئاینەشەوە ئەو کارەیان کردووە، ئەوا ئیلتزامێکی تایبەت دەکەویتە سەر سەرکردە روحیەکانی ئەو ئاینە، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوەی وەڵامی ئەو کردەوانە بدەنەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن، بێدەنگی ئەو سەرکردە ئیسلامیانە لەتەواوی ئەمریکادا نیشانی ئەدات کە ئەوانیش بەشێوەیەک لە شیوەکان بەشدارن لەم تاوانەدا".

بۆمبیۆ هەروەها ئەندامی ئەو لیژنەلیکۆلینەوەی کۆنگریسی ئەمریکی بوو بۆ ڵێکۆلینەوە لە هێرشەکانی  شاری بنگازی لیبی ساڵی 2012، کە لیژنەکە ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە تیایدا هیلاری کلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکایان تاوانبارکرد بە بەلاڕیدابردنی  بەئەنقەستی هاوڵاتیانی ئەمریکی لەسەر سروشتی راستەقینەی هیرشەکە لە پیناو دووبارە هەلبژاردنەوەی باراک ئۆباما بۆ سەرۆکی ئەمریکا. 

بۆمبیۆ پاش دەست بەکاربوونی وەک بەڕێوبەر ی سی ای ای لە شوباتی 2017یەکەمین سەردانی خۆی بۆ وڵاتی تورکیا ئەنجامدا وەک ئاماژەیەک بۆ باشتر کردنی پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا پاش تەواوبونی ولایەتی ئۆباما کە بە بەفەترەی ساردی  پەیوەندی نیوان وڵاتی تورکیاو ئەمریکا ناودەبرا. 


PM:01:32:18/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 2126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی