بۆچی ئیسلامییەكان قاوغی لەسەدا 16ی هەرێم تێناپەرێنن

‌ ئیسماعیل حه‌مه‌ره‌حیم

یەكێك لەماناو واتاكانی سیاسەت ئەوەیە چیم دەدەیتێ چیت بدەمێ، حزبەسیاسییەكانی ئێمە لەكوردستانی باشوور ئەوەندەی كارلەسەر تۆڵەكردنەوەو تێكشكاندنی حزبە ڕكەبەرەكانیان دەكەن، ئەوەندە كاری سیاسی و بیری سیاسیان نییە، بەتایبەت بۆ هاوپەیمانی و بردنەوە دەنگ، رەنگە بڵێی چۆن.

بەپێی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن لەعیراق هەر لیست و قەوارەیەك ئەگەر دەنگی تەواوەتی و بەشی كورسییەك كەئەگەری هەیە نزیكەی 30 هەزار دەنگ بێت بۆهەر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نەهێنێت، ئەوا دەنگی ئەو قەوارە و لیستە دەروات بۆ لیست و قەوارەی زۆرینە( اقوا) كۆمەڵی ئیسلامیش لەپارێزگای دهۆك دەنگەكانی ناگاتە ئەو رێژەیەی كە كورسییەك مسۆگەربكات( ئەم راستییەش گەورەو بچوكی ئەو حزبە دەزانن) بۆیە باشتر وایە كۆمەڵ و یەكگرتوو كارێك بكەن، جاناوی برایەتی لێدەنێن یان هاوپەیمانی یان هەرشتێكی دیكە....

بۆئەوەی دەنگدەرانی كۆمەڵ لە پارێزگای دهۆك دەنگ بدەن بەكاندیدانی یەكگرتوو، لەكاتێدا ئێستا كۆمەڵ خۆی وەك ركابەری سەرەكی پارتی دەناسێنێت، بەڵام خۆشی بێت و ترشی بێت هەموو دەنگەكانیان كە نزیك 10 هەزار دەنگە بەقسەی خۆیان دەرواتە سەر حسابەكەی پارتی دیموكرات، چونكە پارتی لەو حەوزەیە قەوارەی ئەقوایە و زۆرینەی دەنگەكان لای ئەوە، بەهەمان شێوەی كۆمەڵ یەكگرتووش لەهەڵبژاردنی رابردودا نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەست بهێنێت لە پارێزگای هەولێر،بۆئەم جارەش ئەگەرێكی زۆرهەیە نەتوانێت كاندیدەكەی سەربخات، چونكە چونەدەرەوەی محمد رەئوف لەیەكگرتوو، نقورچكێكەو بەشی خۆی دەنگی بردووە، بۆیە ئەمیش ئەو بیست هەزار دەنگەی كەهەیەتی لەهەولێر دەروات بۆ پارتی.

بۆیە باشتروایە ئەم دوولایەنە ئیسلامییە ئەگەر دەیانەوێت بریایەتی و دینداری بكەن، هاوپەیمانییەك ببەستن بۆ كۆكردنەوەی دەنگەكانیان، بەپێچەوانەوە یەك كورسی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی پارتی بەدەنگی ئیسلامییەكانی كورستان سەردەكەوێت.

ئێستا ئەوەندەی ئەم دوو حزبە لەناوسەنگەردان بۆیەكتری ئەوەندە نەچونەتە ململانێی حزبە ركابەرەكانی دیكەیانەوە، ئەمەیە كە كاری سیاسی و كاری ئاینی لەیەكتر جیادەكاتەوە، چونكە برایانی كۆمەڵ و یەكگرتوو ئێوە ئەگەر باسی برایەتی ئاینی دەكەن، ئایا برایانی كۆمەڵ دەنگت بۆ یەكگرتووبێت باشترە یان بۆ حزبەكانی دیكە، بەهەمان شێوە ئەمە بۆ یەكگرتووش دروستە، بەڵام برواتان ئەم قیادەیەی ئێستای ئیسلامییەكان نە كاری هاوبەشی ئاینی دەزانن، نەكاری سیاسیش بۆیە ناتوانن لەو قاوغی 16 لەسەدەی هەرێمی كوردستان بێنە دەرەوە، باكاتتان زۆرنەگرم ئەم قسەیە بۆ كەركویش راستە بەنیسبەت یەكگرتووەوە.


AM:11:07:07/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 1555 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی