هەرێمی سلێمانی و غیابی مام جەلال

‌ ئیسماعیل حه‌مه‌ره‌حیم

ئێستا کاتی ئەوەیە یەکێتی نیشتمانی، دوا بڕیار بدات لەسەر کەیسی داخستنی نوسینگەی حزبەکەیان لە تورکیا و ناردنەوەی نوێنەرەکەیان بۆ سلێمانی، عادەت و هەڵسوکەوتی دیپلۆماسی وڵاتان وایە، ئەگەر خەرقی ئەمنی یان پێشێلکاری  بەرامبەر بەوڵاتێک بکرێت، لەوڵاتێکی دیکەدا، دەبێت وڵاتی پێشێلکاری بەرامبەر کراو ئیجرائات لەگەڵ ئەو حکومەت پایتەختە بکات پێشێلکارییەکەی تێدا کراوە، نەک ئەو شارو حزبەی لەو شارە باڵا دەستە، تورکیا ئەگەر دەزانێت، لە هەرێمی کوردستان گیانی هاوڵاتیان و کارمەندە ئەمنییەکانی پارێزراونین، بۆ بەگشتی مامەڵە لەگەڵ هەرێم ڕاناگرێت و هۆشداری ناداتە هاوڵاتیانی خۆی، ئەم ناوچەگەرێتییە لە کوێی دیبلۆماسییەتی دونیا هەیە؟ چۆن و لەکوێ وە فێرکراوە، جاران و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان شارچێتی و ناوچەگەری بەسیمای حزب و حکومەت و ئیدارەو میدیاکانەوە دەبینرێت.

بەداخەوە ئێستا ناوچەگەرێتی و شار چێتی بۆ وڵاتانی دراوسێش پەڕیوەتەوە و هەر وڵاتە و پشتیوانی شارێک دەکات، بەهۆی ئەوەی حزبی هاوبیری لەو شارەدا باڵادەستە، من نەیەکێتیم نە ڕۆژێک لەڕۆژان ئەندامی ئەو حزبەبووم، بەڵام من بڕیار بەدەستی ئەو حزبەبم، بەتەواوی خۆم لە حکومەت ئیدارەی هەرێم دەکێشمەوەو ئیدارەی سلێمانی وەک هەرێمێکی فیدراڵ ڕادەگەیەنم و سیاسەتی هەرێمی سلێمانیش بۆ دراوسێکانم دەنێرم، لەسەروو هەموشیانەوە تورکیا، تورکیا کە پشکی گەورەی هەیە لە بردنی داهاتی ژێر زەوی سلێمانی، یەکێتی دەتوانێت بەهەمان شێوە ئەو وڵاتە سزابدات و کۆمپانیا و خاوەن کارەکانی ئە وڵاتە سنورداش بکاتەوە و لەسەر بناغەیەکی نوێ سیاسەتی دووقۆڵی لەگەڵ تورکیا داڕێژێتەوە، ئەم بێچاوڕووەی سیاسەتوانانی تورکیا لەلاوازی یەکێتی نییە، بەڵکوو غیابی مام جەلالە لەناو داڕێژەرانی سیاسەتی یەکێتیدا، چونکە داخستنی نوسینگەی یەکێتی لە تورکیا واتە ڕاگرتنی مەعامەلەی ئەو وڵاتە لەگەڵ یەکێتی، ئەم هەڵوێستەی تورکیاش یەکەم داننانە بەهەرێمی سلێمانیدا، چونکە ناردنەوە بەهرۆز بۆ سلێمانی و پێنەدانی ڤیزا بە خەڵکی دانیشتوی پارێزگای سلێمانی واتە ئێوە ئەی خەڵک و حزبەکانی سلێمانی وەک هەرێمی کوردستان مامەڵەتان لەگەڵ ناکەم ، ئێوە لە ئیدارەی هەولێر جیاو جیاوازن.


PM:10:44:25/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 1994 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی