لە یادی راپەڕیندا سەرنجێك لەسەر نەوەی دووهەمی بەعس

‌نەبەز گۆران



بەرلەوەی سەرنج لەسەر ئەو فەزایە بدەم، نەوەی دووهەمی بەعس لە ئێستادا لە رێگەی چەندین دەمامك و سیمای جیاجیاوە، بەرگری لە بەعس و ئەو سیستەمە فاشییە دەكەن ، كە هەموو توانای خۆی خستە گەڕ بۆ سڕینەوەی كورد. هەندێك خاڵ باسدەكەم، خاڵەكان هەم نوكتەن، هەم بەشێكن لە مێژوو. 

جاران... ماوەیەكی زۆر، بەتایبەت هاوینان، ئێواران كۆمەڵێك هاوڕێ و دۆست، لە باخچەكە لە گەڵ (كاك نەوشیروان) دادەنیشتین. لە دانیشتنەكاندا قسە لەسەر زۆر شت دەكرا، یەكێك لە ئێوارەكان باسی راپەڕین و نەخشەی راپەڕین كرا. (كاك نەوشیروان) بەوردی زۆر شتی باسكرد، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەیگێڕمەوە تەنها چیرۆكێكی بچوكە، باسی ئەوەیكرد :" لەگەڵ دكتۆر مەحمود عوسمان، هەوڵێكی زۆریانداوە تا بارزانییان رازیكردوە بێتە ناو نەخشەكەوە. تەنانەت ناونیشانی سەرپەرشتكاری گشتیان پێداوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ نەخشەكە دروستنەكات، چونكە زۆر بروای بە مەسەلەكە نەبووە. تەنانەت رۆژێك دوای كۆبوونەوە و كاتی بردنەوەی بۆ بارەگاكەی خۆی، لەرێگە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بەهاوەڵەكەی دەڵێت: ئەرێ‌ ئەم پیاوە شێت بووە، ئاگای لەخۆیەتی، ساغە، لەخۆیەوە باسی راپەڕین و نەخشەی راپەرین دەكات و هەموومانی مەشغوڵكردوە، ئێمە چۆن رزگارمانبێت لەم پیاوە خەیاڵاوییە. تومەز نەیزانیوە ئەو شۆفێرەی ئەو دەگوازێتە شۆفێرەكەی كاك نەوشیروانە و لە رێگا هەرچی وتوە، شۆفێرەكە بۆ كاك نەوشیروانی گێراوەتەوە. جا لەوەش كۆمیدی تر، كاك نەوشیروان ئەیگوت: ناومان نابوو جەنازەكەی راپەڕین، چونكە نەیدەوەیست بجوڵێت و بێتە خوارەوە. یەك پانزەرۆژی رێك ئامادەنەبووم دابەزمە خوارەوە تا ئەو جەنازەیە لەگەڵ خۆم دەهێنمەوە، بەبرادەرانم وت: ئەگەر ئەم جەنازەیە جێبهێڵم، ئێرانییەكان فشاری دەخەنە سەر ونەخشەكە تێكدەدەن و توشی شكست دەبین. ترسم لەوەبوو ماندووبوونەكەمان بەخەسار بچێت. ناشزانم بۆ نەیدەوێرا بێتە خوارەوە و بەو مەرجە رازیبوو كە خۆم لەگەڵی بم! من یەك مانگی رەبەق شوێناو شوێن لەگەڵی بووم بۆ ئەوەی ئەو جەنازەیە نەچێتەوە ئێران و ریسەكەمان لێبێتەوە بەخوری. ئەو لەشتێك دەترسا منیش لە شتێكی تر. ئەو دەیەویست من لەگەڵی بم تا بێخەمبێت و ئەمە فێڵێك نەبێت دژی ئەو، منیش دەمەویست لەگەڵی بم تا بێخەمبم و نەچێتەوە ئێران و ئێرانییەكان نەخشەكەمان لێتێكدەن." جا بەم بۆنەیەوە، ئێستا لە میدیاكاندا ئەو جەنازە بەرێزەی بە هەزار هیلاكەت هێناویانەتە خوارەوە، خاوەنی راپەڕین و نەخشەی راپەڕینە!

بۆ مەسەلەی قسەكانی _سەید كاكە_ لەبارەی راپەڕین. هەڵبەت ئەم پیاوە پیاوێكی زۆر بەكەیفە، ژیانی نیوەی نوكتەیە. قسەكان لەهی ئەو دەچن و، لەهی ئەویش ناچن. هەرچۆنێبێت پیاوێكە جاربەجار شتێك دەڵێت: بەڵام ئەبێت بزانیت چ كات قسە ئەكات و بۆ ئەیكات. ئەوە من لە هەولێربووم، بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی هاوڵاتی بووم، ئەوكات دور لە ئێستە كاری رۆژنامەنووسیم دەكرد و خەڵكێكی زۆرم دەناسی و سەرم دەكرد بە هەموو كونێكا بۆ هەواڵێك، راپۆرتێك، بابەتێك. دەشمزانی ئەم _خارە سەید كاكەیە_ چ كات قسە دەكات و بۆدەیكات. رۆژێك تەلەفۆنێكم بۆ هات.

دوای چۆنی و چاكی، گوتی: ئەتو جەماعەتی جەریدەی هاوڵاتیت. منیش گوتم: بەڵێ‌، گوتی من سەید كاكەم دەمەوێت مقابەلە بكەم. گوتم خارە لەبارەی چییەوە؟ گوتی: ئەم وەزع و مەزعە. منیش پێشتر شتم بیستبوو لەسەری، گوتم: خارە پارەو شتت نەمایە؟ گوتی: هەتیم ئەوە چدەرێی؟! گوتم: خارە بەخوا جەماعەتەكەی خۆتان دەرێن، خارە كە پارەی نامێنێت قساندەكات و لەسەرەوە هەندێك پارەی لۆ دێت، كە پارەی پێبێت لەمارێ‌ لۆخۆی دادەنیشێت فزەی لێوە نایەت. گوتی: هەتیم بەخودای ئەوە لە قسەی بەرزانی مەلاخالید دەچێت. گوتم: نەبەخودا زۆر كەس وادەرێن بۆ دەیخەیتە سەر ئەو. ئیتر قسە لەمن و قسە لەو توڕە بوو، گوتی چاوی خۆتان و جەریدەتان دەرهات هەر مقابەرە ناكەم. رەنگە ئەم لێدوانەشی لەسەر راپەڕین كە زۆر لە قسەی ئەو دەچێت، هی ئەو كاتانەبێت خارە پارەی پێنەماوە و دەبا قسەیەك بكات. ( لەناو كەوانەیەكدا، بەرزانی مەلاخالید، پێشمەرگەی دێرینە، یەكێكە لە بێژەرە كۆنەكانی سەردەمی شۆرشی ئەیلول، ئەوە جارێكیان فەرهاد پیرباڵ كۆڕێكی بەست شیعرێكی خوێندەوە وەسفی كرد، لە شیعرەكا نووسیبووی: خۆپیشاندانبوو، بەرزانی مەلاخالید لە پێش خۆپیشاندەرانەوە بوو هاواری ئەكرد: پێشمەرگەی ناو تەڕاشان، چیریان بەقونی جاشان. جا خارە بەرزانیش شیعرەكەی پێخۆشنەبوو، ئەیگووت: ئەو هەتیمە لەخۆیەوە شیعرێكی لەسەرمن نووسییە، من بەحەیاتم شتی وەهام نەگوتییە!) 

پێش ئەوەی بێمە سەر نەوەی دووهەمی بەعس، باسی نەوەی یەكەمی بەعس دەكەم كە لەناوماندان و شوێنی گرنگیان هەیە لای حیزبەكان و مێژووەكەیان تێكەڵی مێژووی حیزب بووە! رۆژێك یادێكی حیزبی دەبێت لەو گەرمیانە. بارزانی لەیادەكە دەبێت و پاشان لەگەڵ كۆمەڵێك دەچن بۆ دەعوەتێك. خاوەن دەعوەتەكە دەبینێت هەموو ئەوانەی لە گەڵ بارزانی هاتوون بۆ دەعوەتەكە كۆنە مستەشارەكانی گەرمیانن. ئەویش دەڵێت: ئەرێ‌ كاكە خۆ بەس فەتە كەرەی برامت لەگەڵ نییە، ئەویشت لەگەڵ بوایە هەر وەكجاران دەبایە عاشە قائید بڵێین. (فەتە كەرەی برای خاوەن دەعوەتەكە كۆنە مستەشاربووە.)

جا ئێستا سەرەی نەوەكانیانە. نەوەكانیان بە قات و ریباتەوە، هەندێكیان قەڵەم بەدەست، هەندێكیان بەرپرس لە شوێنان. لەرێگەی ژەهرێكەوە بۆ بەرگریكردن لەبەعس بەردەوام ستایشی سیستەمی رابردوو دەكەن. دەیانەوێت فەزایەك دروستبكەن كە بەعس باشتربوو لەم پیسخۆرانە. ئیدی نە ئەنفال، نە هەڵەبجە، نە راگواستن و بە ئۆردوگاكردنی لادێكان، نە سڕینەوەی شوناس، نە كوشتن و لەناوبردن، نە ئەو مەكینەیەی پرۆژەی هەبوو كۆتایی بە چیرۆكی كورد و نەخشەی كورد بهێنێت، نە ئەو گوتارە فاشی و كۆنترۆڵكەرەی كەسایەتی كوردی تێكدەشكاند، هیچ شتێكی رابردووی بەعسیان بۆ گرنگ نییە، ناشیانەوێت ئەو مێژووە بخوێننەوە كە بەعس چی بوو. بەڵام دەیانەوێت لە ژێر سیمای جیاواز جیاوازدا، بەرگری لێبكەن. بەرگری لەو مێژووەی كە هی باوكەكانیان بووە، مێژووێك ئەگەر میللەتێكی زیندوو بوونی هەبایە، باوكەكانی ئەو نەوەی بەعسە بەشێوەیەكی زۆر یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا و ئێستا بۆ نەوەكانیان سەربەرزی نەبوو شانازی بە بەعسەوە بكەن. بەڵام نەك بەخشران، بەڵكو نەوەكانییان پەروەردەكران و شوێنی گرنگ گرنگیان پێدەدرێت و لە شوێنەكانی خۆیانەوە بەرگری لە مێژووی باوكیان دەكەن.

هیچ كەسێكی بە ئاگا ئامادە نییە بەرگری لەم سیستەمە پیسخۆرەی حوكومڕانی ئەم حیزبانە بكات. بەڵام هیچ كەسێكی هوشیاریش ئەم دۆخە وای لێناكات بەرگری لە سیستەمی بەعس بكات. ئەوە تەنها نەوەی دووهەمی بەعسن لەژێر دەمامكی دیكەدا بەرگری لەو دۆخە دەكەن و خەڵكانێكی خۆشباوەڕیش وادەزانن ئەمە بەرگریكردنە لەمافی ئێستای خەڵك. بەرگریكردن لە بەعس و لە گوتاری بەعس، گەر لای هەندێك كەس نەزانانە كەوتبنە ناو ئەو فەزایەوە، لە كۆتایدا هەمان بەرگیركردنەیە كە نەوەی دووهەمی بەعس دەیكەن و هەمان خزمەتە بەوانەی بەشێكن لەو مێژووە. هەموو بیانوێك بۆ بەرگریكردن لە بەعس و لە گوتارەكەی خزمەتكردنە بەو تایپە بەعسی و جاشەی، ئەمڕۆ لەناو سیستەمەكەدا شوێنی خۆیان قایمكردوە و دۆست و هاوڕێی نزیكی دەسەڵاتدارەكان و، نەوەكانیشیان سەرقاڵی بەرگریكردنن لە مێژووی پۆخڵی رابردووی باوكیان. پاشان لە تەنیشت ئەوانەوە گوتارێك بەرزدەكەنەوە، ئەو گوتارە بۆ میللەتی زیندوو جێگای شەرمەزارییە. هەرچۆن جێی شەرمەزارییە دۆستێكی نزیكی بەعسییەك، یان كۆنە مستەشارێك بیت دەستی لە ئەنفال و وێرانكردنی گوندەكاندا هەبێت و لەگەڵی بچیت بۆ دەعوەت، بە هەمانشێوەش جێگای شەرمەزراییە لەژێر دەمامكی جیاجیادا بەناوی نووسین و بەرگریكردن لە خەڵكەوە بێیت، بتەوێت مێژووی باوكت لەناو بەعسدا سپی بكەیتەوە. (هەندێك لەو قەڵەم بەدەستانە خۆشیان بەعسی بوون و ئێستا بەناوی بەرگریكردن لە مافی خەڵك، بەرگریی لە سیستەمی بەعس دەكەن.)


AM:11:49:06/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 3216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی