ئەمە خیانەت نییە، رێككەوتنە

‌نەبەز گۆران


ئەوەی لە میدیاكانی پارتی و یەكێتییەوە دەیبیستن، بەشێكی زۆری فریودانی خەڵك و یەكتر تۆمەتباركردن و خۆ بە پاڵەوانكردنە. ئەوەی گرنگە زانیارییەكانی ناو كۆبوونەوە نهێنییەكانە. دەبێت خەڵكی كوردستان بزانێت، ئەمە نەخیانەتە، نە شەڕە، بەڵكو جێبەجێكردنی رێككەوتنێكە، رێككەوتنەكە بە ئاگاداری یەكێتیی نیشتیمانی، پارتی دیموكرات، ئێران، عێراق و توركیا و ئەمریكایە. من نامەوێت زانیاری بەرپرسی كوردیتان پێبدەم، دەمەوێت زانیاری رێككەوتنەكەی و بەپرسە ئەمریكایی و ئێرانییەكان بخەمە روو، تا خەڵك بەباشی بزانێت چی روودەدات. رێككەوتنەكە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

قۆناغی یەكەم: لە قۆناغی یەكەمدا ((سەرجەم هێزەكوردییەكان لەسنووری ناوچە كێشە لەسەرەكان بكشێنەوە، بۆ سنووری هێڵی (36) واتە هێزەكانی عێراق دێنەوە، قەرەهەنجیر_ پردێ‌_ كفری_ مەخمور_ عەینزالە و ناوچەی شەنگال. )) ئەگەر لە هەرشوێنێك زیاتر لە رێككەوتنەكە هاتنە پێشەوە، ئەوا دوای ماوەیەك دەكشێنەوە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریكراوە. پاشان بریاربووە بەهیچ شێوەیەك هێزە كوردییەكان شەڕیان لەگەڵ نەكەن. 

قۆناغی دووهەم: لە قۆناغی دووهەمدا (( سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی، ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان.. هتد دەكەونەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق. لەگەڵیشیدا هەردوو فرۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر.)) واتە داهاتی ناوچە سنوورییەكان و فرۆكەخانەكان دەچێتەوە بەغداد. لەگەڵ ئەوەشدا نەوت و غازەكە داهاتەكەی دەچێتەوە بەغداد.

هەرێمی كوردستان دەبێتە چوار پارێزگا. (دهۆك_ هەولێر_ سلێمانی_ هەڵەبجە.)

كە تەواوی رێككەوتنەكە جێبەجێكرا، كە وەك بۆیاندانراوە نزیكەی هەفتەیەكی پێدەچێت، بەڵام بەهۆی خێراجی پاشكشێكان و جێبەجێكردنەكەوە، پێناچێت هەفتەیەكی پێبجێت. ئەگەر شەرێكیش رووبدات و ئاڵوگۆری بەسەردابێت، بێگومان كورد شوێنی دیكە لەدەستدەدات. 

دوای ئەمە، پارێزگارێك بۆ كەركوك دەستنیاشندەكرێت و، بریاروایە پارێزگارەكە كوردبێت، بەس هێشتا دیارنییە ئەو بریارە دوای نیشتنەوەی دیمەنەكان جێبەجێدەكرێت یان ئاڵوگۆری بەسەردا دێت. بریاردراوە لەم قۆناغەدا هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتیی و فیرقەی زەهەبی عێراق، لەگەڵ هێزەكانی سكرتارییەتی سەرۆك كۆمار (مام جەلال) ئاسایشی ناو شاری كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بپارێزن. (هەولێك هەیە بۆ دروستكردنی دوو ئیدارەیی، بەڵام پێناچێت هاوپەیمانان بەمە رازی ببن.) 

چاوەروانیش دەكرێت لەناوخۆی یەكێتیی، دەستبكرێت بە یەكلایكردنەوەی كێشەكانی ناو یەكێتیی بۆ یەك دەستە. (ئەمەیان كاتی تر قسەی لەسەر دەكەین)

ئەم زانیاریانە زانیاری ناو كۆبوونەوە تایبەتییەكانە . سەرجەم مەكتەب سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی و، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆ بەباشی ئاگایان لەم زانیارییانە هەیە و، خۆیان بەشێكن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هەریەكەیان لە جێگای خۆیەوە دەیەوێت ئەویتر تاوانباربكات و، خۆی لە راستی دیمەنەكان بشارێتەوە. 

هەرێمی كوردستان وەك جاران هەرێمێك دەبێت لە عێراقدا. مووچە و ئابووری ئەم هەرێمە دەكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق. ( هێزی پێشمەرگە وەكجاران دەخرێتەوە ناوچوار چێوەی سوپای عێراق) لە داهاتی نەوت و غاز لە رێگای عێراقەوە لەچوارچێوەی یاسا بۆ هەرێم خەرج دەكرێت.

پێویست ناكات هاوڵاتیان بە گوتاری فریودەرانەی ئایدۆلۆژی بترسێنرێن. پێویستیش ناكات هەر هێزە و ئەویتر خەتاباربكات. پێویستە بەپوختی ئەوەی بریارە رووبدات بە خەڵكی كورستان بوترێت و خەڵك بزانێت ئەمە رێككەوتنە نەك هیچ شتێكی تر.
نەبەز گۆران


PM:10:14:16/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 27143 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی