بزوتنەوەی گۆڕان بەم تیمەوە چی دەكات؟

‌نەبەز گۆران

لە ئەمڕۆدا پرسیارە جەوهەرییەكەی خەڵك ئەوەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەم تیمەوە چیدەكات؟ ئەگەر بریاربێت ئەم تیمە هەمان ستراتیژ و هەمان دیدگا روونەكەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر كۆی سیستەم هەبێت، ئەوا چاوەڕواندەكرێت پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵك لەلایەن ئەم تیمەوە بنەمای یەكەمی دونیابینیان بێت. گەر بە پێچەوانەكەیەوە جوڵە بكرێت بێگومان چ شەقام و چ لەناو خۆی ئەو هێزەدا، دەنگی نارەزاییەتی بەرامبەر ئەم تیمە بەرزدەبێتەوە.

گرنگ ئەوەیە پاییە بنەرەتییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە بریتین لەگوتارێك، گوتارەكە (واقیع)ییە و، دەیەوێت دەسكاری كۆی سیستەمەكە بكرێت. ئەو گوتارە واقعییە بەشێكە لەو ئومێدەی خەڵك هەیەتی، دەستگرتن بەو گوتارەوە لە لایەن ئەم تیمەوە ئەركێكی راستەقینەی سەرشانیانە.

ئێمە نامانەوێت لە ئێستاوە بڕیاربدەین لەسەر ئەو تیمە (ئەوە ئەركی دۆستانێكە زۆر پەلەیانە) چاوەڕواندەبین بزانین جوڵەكانیان چۆنن. هەرچەندە لەسەر تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، كۆمەڵێك گەنج نیگەرانن و رەخنە دەگرن، چ ئەو نیگەرانییانە و چ رەخنەكانیش، جێگەی دڵخۆشین بۆ بزوتنەوەكە. تەواوی ئەو رەخنانە پێماندەڵێن: ئەو بزوتنەوەیە هێزێكی دابڕاو نییە لە رەخنە، هێزێكە بەردەوام رەخنە بەرهەم دەهێنێت، چ بۆ خۆی، چ بۆ دەرەوەی خۆی، هەرهێزێكیش رەخنەی بەرهەم هێنا، هێزێكە بە زیندویەتی دەمێنێتەوە. تەواوی ئەو رەخنە و نییگەرانیانە، شوێنی ستایشكردنن كە ئەم هێزە نایەوێت هیچ پرۆسەیەك و هیچ جوڵەیەك بەبێ‌ رەخنە تێپەڕێنێت. ئەو گەنجانەش كە رەخنە دەگرن، دەنگە رەخنە گرەكانی ناو بزوتنەوەكەن و، پێویستە هەمیشە ئەو دەنگانە بمێننەوە رێزیان لێبگیرێت.

لە دەرەوەی ئەمەوە، گەر لە ئێستاوە بڕیار بدەین لەسەر دونیابینی ئەم تیمە، بێگومان دەكەوینە هەڵەوە. ئەوە لە گۆڕ‌پانە سیاسییەكەدا هەیە چاوڕواندەكرێت لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات و هێزە ئیسلامییەكانەوە، سەر لەنوێ‌ مانۆڕێكی دیكەی گفتوگۆ رووبدات. لەم مانۆڕە گفتوگۆیەدا وێستگەیەكی باشە تا بەرچاو روونی هەبێت لەسەر تیمە نوێیەكە. گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان كە لەم ماوەیەدا روودەدەن پێماندەڵێن، ئەم تیمە تا چەند لەسەر ستراتیژ و گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەمێننەوە. خۆ گەر لادانێك هەبێت لە داخوازییەكانی خەڵك، یان لە گوتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، بێگومان هێزە رەخنەگرەكەی ناو ئەو بزوتنەوەیە هەرگیز بە بێدەنگ دانانیشێت. ئەگەر بەهەمان فۆرمی جارانەوە لەسەر ویست و گوتارەكەی گۆڕان و بەرگریكردن لە خەڵك سووربوون، ئەوا دەكرێت بە جۆرێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

لەهەموو حاڵەتێكدا بریاردان لەسەر تیمەكە لە ئێستادا، بریاردانێكی پڕوزاوە. ئەوە بۆ خەڵك گرنگ نییە، كێ‌ لە شوێنێكدایە و كێ‌ لە شوێنێكدا نییە، ئەوە بۆ خەڵك گرنگ ئەم بزوتنەوەیە ئیدی هەرتێمێك بەرێوەی ببەن، لە ئاست گوتارە واقیعیەكەی خۆیان پاشەكشێ نەكات و بەردەوام بەرەی خەڵك بە بەرەی خۆی بزانێت نەك بەرەی دەسەڵات. كەسیش ناشخوازێت لە كاتی گفتوگۆكاندا هەمووشتێكیان بوێت و، هیچ شتێك نەبەخشن، چونكە لە دونیای گفتوگۆی سیاسیدا هەموو ویستێك بەخشینیشی پێویستە.

دەكرێت چاوەڕێبكەین و بزانین جوڵە سیاسییەكانیان چیین؟ چاوەڕێبكەین و بزانین ئەم تیمە چۆن دەبنە بەرگریكاری خەڵك، چاوەڕێبكەین و بزانین چۆن دەبنە پارێزەری گوتارە واقیعییەكە. چاوەڕێبكەین بزانین دەیانەوێت لە گفتوگۆكاندا چۆن دەسكاری سیستەم بكەن. پاش جوڵە كانیان، ئەوكات بە پێی ئەو جوڵانەی دەیكەن لەگەڵ دەسەڵاتدا خوێندنەوەیان بۆ بكەین.



PM:06:33:25/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 3832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی