له‌باره‌ی پێشنیازه‌كه‌ی پارتییه‌وه
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
سه‌ردانی پارتی بۆلای یه‌كێتی و گۆڕان جوڵه‌یه‌كی خستۆته باری سیاسییەوە، ئومێدێك هه‌یه جوڵه‌یه‌ك بخاته ئه‌م دۆخه چه‌قبه‌ستووه‌ی ئێستاوە، لانیكه‌م ئه‌م دوو ساڵه تێپه‌ڕێنێ، چونكه كێشه‌كان زۆر‌و ئاڵۆزكاون، له‌وه‌ناچێت به‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌و یه‌ك گه‌ڕی دانوستاندن چاره‌بكرێت، بڕیاریشه ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی دوباره بچێته‌وه سلێمانی.
هه‌موو ده‌زانین كێشه‌كان ته‌نها بریتیی نییه له كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌جیاوازیی تێگه‌یشتن بۆ فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانییەوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌مه وایكردووه زنجیره‌یه‌ك كێشه‌و گرفت له‌ماوه‌ی 10 ساڵی دوای یه‌كخستنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌كه‌ی هه‌رێم كهڵهكهبێت، به‌ڵام هێشتا ئومێدێك هه‌یه توله رێیه‌ك بمانگه‌ینێته تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش.
له‌و كۆبونه‌وانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، یه‌كێتی و گۆڕان به‌روونی بهپارتیان راگه‌یاندووه ئه‌وان جگه لهههڵوهستهیان به‌رامبه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ناكرێت ئێوه له 35% ده‌نگی په‌رله‌مانتان هه‌یه، له 75%ی جومگهكانتان به‌ده‌سته‌وه بێت، هاوكات قسه‌یان له‌سه‌ر باری سیاسی و ئابوریی و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، پرۆژه‌كه‌ی دهباشانیشیان كردۆته بنه‌مای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی.
به‌روونی یه‌كێتی و گۆڕان جگه لهسوربونیان له‌سه‌ر گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی، هاوكات داواده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌یاسای سه‌رۆكایه‌تیی سنوردار بكرێت، چونكه به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی ئێستا هه‌یه سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری هه‌یه، جگه لە فه‌رمانده‌یی هێزە چەکدارەکان نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، هاوكات سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبهجێكردنهو چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه‌ی هه‌یه وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنی پله‌ی تایبه‌ت و دادوه‌ران، به‌خشینی پله‌ی سه‌ربازیی، لێبوردنی تایبه‌تی به‌ندكراوان، هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراله‌كان..تد.
له‌گفتوگۆی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌به‌رامبه‌ردا پارتی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك پێشنیازی خۆی خستۆته روو، له‌وانه: رازیبوه سیستمی حوكمڕانیی له‌هه‌رێم ببێته په‌رله‌مانیی و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌نێو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی سنوردار‌و كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵام داوا ده‌كه‌ن وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزە چەکدارەکان بمێنێته‌وه‌و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێم بكات له ده‌ره‌وه، ئه‌م گۆڕانكارییه له یاسای سه‌رۆكایه‌تیی و پڕۆژه‌ی ده‌ستوردا جێگیر بكرێت.
هه‌روه‌ها دوای هه‌مواركردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یوسف محه‌مه‌د ده‌ستبه‌رداری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ببێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بدرێت به یه‌كێتی و چه‌ند پۆستێكی دیكه بدرێت به گۆڕان.
ئه‌م پێشنیازه‌ی پارتی بۆ تێپه‌ڕاندنی ته‌نها ساڵێكه و بۆ درێژكردنه‌وه یان گیڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی یاساییه بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام یه‌كێتی و گۆڕان قسه‌یان له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان هه‌یه، پێیانوایه پرسی سه‌رۆكایه‌تی به‌شێكه له‌كێشه گه‌وره‌كه، كه بریتییه له هه‌ژمونی پارتی به‌سه‌ر ئیداره‌دانی هه‌رێم له‌رووی ئیداریی و دارایی و په‌یوه‌ندییه‌كاندا، پێیانوایه ئه‌وه‌ی پارتی داوای ده‌كات دواخستنی كێشه‌كانه نه‌ك چاره‌سه‌ری ریشه‌یی! ناكرێت به‌ته‌نها پرسێك قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت كه به‌شێكه له‌كێشه‌كان نه‌ك هه‌مووی.
كه‌واته بهرلهقسهكردن له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی، پێویسته قسه له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی حوكمڕانیی و دابه‌شكاریی ده‌سه‌ڵات و میكانزمی بڕیاردان بكرێت، ئه‌گه‌ر توانرا بنه‌ماو میكانزمێك بۆ شه‌راكه‌ت دابنرێت، ئه‌وا كێشه‌یه‌ك نامێنێ به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی، چونكه بۆخۆی ده‌بێته به‌شێك له‌و دابه‌شكارییه‌ی ده‌كرێت.
PM:04:12:07/08/2016
ئه‌م بابه‌ته 4944
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی