‌قانوونی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی، ئازادی بەرتەسك دەکاتەوە
PM:03:45:12/08/2020
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

بەر لە پشووی هاوینەی پەرلەمان، پڕۆژە قانوونی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان لە هۆڵی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا. ئەوەی لە پڕۆژەكەدا دەبینرێت، دەرگای مشتومڕێكی گەرم لە كوردستان دەكاتەوە و مەبەستیش لێی داخستنی هەموو دەرگایەكە بەڕووی ئازادی رادەربڕین.

ئەو پڕۆژەیەی ئێستا بەردەستە، نەك میدیا بگرە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لە كوردستان كۆت و بەند دەكات، كۆمەڵێك رێكار و سزا و غەرامە لەخۆ دەگرێت كە پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی قانوون و رێكارە كارپێكراوەكان رێكخستنی كاروباری حكومڕانییە.

پڕۆژەكە بۆ زیاتر بەرتەسككردنەوەی ئازادی بیروڕاو رێگری كردنە لەخۆبەتاڵكردنەوەی خەڵك بەرامبەر خراپی حكومڕانیی و ژیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. چونكە هەموو خەڵك و بەكارهێنەرانی فەیسبووك دەخاتە ژێر رەحمی بەندەكانی قانوونەكەوە. بەجۆرێك هەر كەسێك لە ماڵەكەی خۆی ئەگەر بیەوێت بابەتێك سەرنجێك تەنانەت وێنەیەكیش بخاتە سەر رووپەڕی ئەكاونت یان پەیجەكەی خۆی، دەبێ‌ حیسابێك بۆ بنكەی پۆلیسی نزیك ماڵەكەی خۆی بكات نەبادا دواتر لەسەر ئەو پۆستە راپێچی بكەن، لەوە خراپتر بیانووی زۆرباش دەداتە دەست دەسەڵاتداران و كاربەدەستانی حكومەت تا بەئارەزووی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاووڵاتیی یان فەرمانبەر یان هەر كەسێك لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لە كار و وەزیفە دووری بخەنەوە یان زیانی پێبگەینن.

بێگومان دەركردنی قانوون بۆ رێكخستنی ژیان زۆر گرنگە، بوونی لە نەبوونی باشترە. دەشزانین جیاوازی لە نێوان ئازادی و پاشەگەردانی هەیە، بەڵام لەم وڵاتە بەقەد ئەوەی دانانی قانوون بۆ پڕكردنەوەی كەلێن پێویستە، بەقەد ئەوەش ترس هەیە قانوون بەشێوەیەكی خراپ و بۆ مەبەستی شەخسی و حزبی بەكاربهێنرێت! بەتایبەت بەمەبەستی بەرگرتن لە ئازادییەكان. هەربۆیە دەبینین قانوونی رۆژنامەگەریی لە ساڵی 2007 وە دەرچووە بەڕوونی رێگریی دەكات لە دەستگیركردنی رۆژنامەنووس، بەڵام تائێستا رۆژنامەنووس لەسەر نووسین و دەستگیر دەكرێت! چونكە بەشێك لە دادوەران لەژێر كاریگەریی بارودۆخی حزبیدا كوردستان بەقانوونی دیكە تۆمەت دەخە پاڵ رۆژنامەنووسان!.

ئەم پڕۆژە قانوونە لەم كاتەدا، خوێندنەوەی خراپی بۆ دەكرێت، خراپی ئەم حكومڕانییە بەڕێگرتن لە ناڕەزایی خەڵك چارەنابێت، هەروەك ئینكاركردنی راستیی هیچ لە راستییەكان ناگۆڕێت. ئێستا تاكە رێگایەك بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتن لە حكومڕانیی لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەکانەوە، چونكە حكومەت و بەشێك لە حكومڕانانی هەرێم هەموو گۆڕەپانەكانی كۆبوونەوەی جەماوەریی و خۆپێشاندانیان بەڕووی خەڵكدا داخستووە، بێگومان بەقانوونی رێكخستنی خۆپێشاندان، كە دیسان ئەویش خراپ بەكاردەهێنرێت.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.