‌كۆرۆنا مەترسیی جددیە نەك كاڵای ململانێی سیاسی
PM:09:28:23/03/2020
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


بڵاوبونەوەی كۆرۆنا خەریكە پێدەنێتە قۆناغێكی نوێ‌، بەتایبەت دەركەوتنی چەند حالەتی جیاواز لەزاخۆو دەوروبەری هەلێرو سەنگەسەرو چەمچەماڵ لە دەربەندیخان، ئەوە مانای ئەوەیە كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە بەهەموو ناوچەیەكدا بڵاوبونەتەوەو رۆژانە شوێنی نوێ‌ و ژمارەی دیكە توش دەبن.

دوو گرفتی سەرەكیی لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا هەیە، یەكەمیان پەیوەندی بەهەموو خەڵكەوە هەیە كە دەكرێت بڵێن وەكو پێویست پابەند نەبوون بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی لەو ڤایرۆسە، ئەویدیكەیان ئەو هاتن و چوونەی دەرەوە بۆ ناوەوەی كوردستان بەتایبەت لە سنورەكان و فرۆكەخانەكان.

بەپێی زانیارییەكانی فرۆكەخانەكان، بەتایبەت لەهەولێر ژمارەیەكی زۆر لێپرسراو و خێزانەكانیان و یان ئەوانەی نزیكن لەحزب و دەسەڵاتداران هاتونەتەوە یان دێنەوە، كەچی بەبێ‌ جیاكردنەوەو دورخستنەوەیان بۆ ماوەیەك (كوارەنتین) دەچنەوە ماڵەكانیان! نەخاسمە ژمارەیەكی زۆریان لەوانە لەو وڵاتانە هاتونەتەوە یان دێنەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆرنا بەشێوەیەكی بەرفراوان تێیدا بڵاوبۆتەوە، بۆنمونە لە ئەڵمانیا یان هەر وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا! بێگومان بەڵگە زۆرەو ناوەكان لە لیستی هاتووانی فرۆكەخانەكان هەیەو دیارە كێ كوارەنتین نەكراوەو ئازادانە وا دەسوڕێنەوە، بەڵام دیارترینیان بەڕێوبەری ئاسایشی ئیبراهیم خەلیل بوو كە دیارە بەبێ‌ كەرەنتین فرۆكەخانەی بەجێهێشتوەو دواتر جگە لەوەی خۆی توش بووە، بەدوریش نازانرێت وەك ئەو حالەتەی لەسلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەویش كەسوكارو هاوڕێ و دۆستانی توش كردبێت.

تائێستا چانسی كۆنترۆڵكردنی بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لەدەست حكومەت و خەڵك ماوە، تاكە رێگا خۆپارێزیی و رێكارەكانی پەكخستنی جموجۆڵە لە شارو دێهاتەكان، لەوە بترازێت دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت. سیستمی تەندروستی و توانای چارەسەری نەخۆشخانەكانی حكومەت و ئەهلی لەكوردستان لەئاست دۆخێكی ئاوها زۆر هەژارە، بۆیە پێویستە مەترسییەكە زۆر بەجددی وەرگرین.
كەوایە دوو ئەركی سەركیی لەئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەت و خەڵكدایە. ئەوەی پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیە پابەند بن بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی لەو ڤایرۆسە. حكومەتیش رێكارەكانی پەكخستنی جموجۆڵ توندتر بكات و هەوڵی هۆشیاركردنەوەی خەڵك بدات لەمەترسییەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە. هەروەك پێویستە دامودەزگاكانی راگەیاندنیش بكەونەخۆ بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و ئاگاداركردنەوەیان لەبارودۆخەكە بەشێوەیەكی پیشەیی و بابەتیانە، نەك ئەو باسە تێكەڵ بەململانێی حزبیی و ناوچەگەرێتی بكەن! هەروەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان بەشێك لەمیدیاكان ناڕاستەوخۆ پرسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیان بەبڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست پرۆپاگەندە كردە كاڵایەكی خراپ لەخزمەت ململانێی حزبیی و سیاسی بەكاریانهێنا! هەروەك چاوپۆشیان لەسەرپێچی پابەندبوون بەڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد كەلەلایەن پارێزگاری هەولێرو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە لەسەر قەڵای هەولێر بەقەرەبالغییەكی زۆرەوە ئاگری نەورۆزیان كردەوە.

بەكورتی پێویستە لەم قۆناغە چاوپۆشی لەهەموو بارودۆخێك بكرێت، خەمی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی خەڵك كاری لەپێشینەو خەمی هەمووان بێت، نابێت پرسێكی هەستیاری وەك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیدار بكرێتە كاڵایەك بۆ ململانێی سیاسی و ماددەیەك بۆ پرۆپاگەندەو شارچێتی.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.