‌قەیرانێك لەناو هەناوی قەیرانەوە
PM:02:53:09/09/2019
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

هیشتا حکومەت تەواو پێکنەهاتووە، قەیرانێکی دیکە "هێنانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان" بەردەرگای لێگرتوین

لەوەدەچێت قەیران و گرفتی سیاسی لەم دەڤەرە دوایی نەیەت، لەماوەی 8 ساڵی رابردوو بەتایبەت دوای وەفاتی سەرۆك مامجەلال ئیدی قەیران و ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری یەخەی ئەم وڵاتەی بەرنەداوە. ئیدی هەر لە هەوڵی سەربەخۆكردنی ئابورییەوە تا داخستنی پەرلەمان، بۆ شكستی راپرسی تا دەگاتە ئاڵۆزییەكانی پێكهێنانی حكومەت.

دوومانگ بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا تێدەپەڕێت و هێشتا رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی وەكو پێویست نەچۆتە واری جێبەجێكردنەوە، هێشتا دەسەڵات بۆ جێگری سەرۆك وەزیران شۆڕنەكراوەتە خوارەوەو كەلینەكان پڕ نەكراوەتەوە! بگرە قسەیەك هەیە كە پارتی لەهەندێ ناو و ناونیشان كە بۆ یەكێتی یەكلایی بۆتەوە پەشیمان بۆتەوە، ئەمەش بۆخۆی ئۆتۆماتیك درێژەدانە بەچەقبەستنی سیاسی و ئاڵۆزییەكان.

هێشتا ئەو گرفت و ئاڵۆزیانە هەواڵی گەرمی رۆژنامەو میدیاكانی كوردستانن، كەچی قەیرانێكی دیكەی سیاسی لەسەردایەو دوای یەك دوو مانگی دیكە بەرۆكی بارودۆخی سیاسی دەگرێت و پێشبینی دەكرێت ئاڵۆزییەكان قوڵتر بكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكان پرسی دووبارە هێنانەوەی پرۆژەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان، قەیرانێكی جددی چەند مانگی داهاتووی كوردستانە. لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو پارتی پرۆژەی دەستوری بەپشتیوانی و ئیمزای 45 ئەندامەكەی خۆی و پاشكۆكانی و هێناوەتەوە پەرلەمان، بەڵام بەخاترانە بۆماوەیەك راگیراوە، بەڵكو بتوانرێت لەدەرەوەی پەرلەمان رێككەوتنی لەسەربكرێت.

رەنگە پرسیارە جددیەكەی هەموومان ئەوەبێت كە پارتی هێشتا (ئەوكوڕەی گەورە نەكردووە!) حكومەتی بەتەواوەتی پێكنەهێناوە، كەچی پەلەی گێڕانەوەی دەستورییەتی بۆ نێو پەرلەمان! جێی سەرنجە كە تائێستا ئەولەویاتی رێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە، كەچی دۆخێكی نوێ‌ دەهێنێتە پێشەوە.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین لەزۆر لاوە تەماشای ئەو قەیرانە پێشبینیكراوە بكەین. یان لەچەند رووێكەوە لێكدانەوە بۆ ئەو هەوڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین كە دەیەوێت زوومی كامیرا لەسەر كۆمەڵێك بارودۆخی ئێستا لا ببات كە جێی گرنگی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە.

هەندێك پێیانوایە هێنانە گۆڕێی پرۆژەی دەستوری هەرێم لەلایەن پارتییەوە لەم كاتە دیاریكراوە، بۆ ناردەنە دەرەوەی قەیرانەكانی ناوخۆی ئەو حزبەیە، بەتایبەت ماوەیەكە بەروونی ململانێ و گرفتەكانی ناوخۆی پارتی كەوتۆتە نێو میدیای كوردستان و پرسیاری جددی لەبارەی دۆخی ناوخۆی پارتی دەكرێت كە رەنگە ئێرە جێی باسكردنی نەبێت، بەتایبەت ماوەیەكە نێچیرڤان بارزانی دیار نییەو پێدەچێت بەتەواوی بێتاقەتی دۆخی گروپەكەی خۆی لە حكومەت و حزب بێت.

رەنگە بەدیوێكی دیكەی ئەو هەوڵەی پارتی بۆ ئەوەبێت كە یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاویان لەسەر بەركەوتەكانیان لەپێكهێنانی حكومەت نەمێنێت و نەپرژێنە سەر ئەو پرسە، بەتایبەت هێشتا وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا (خالید شوانیی) نە فەرمانی دەستنیشانكردنی ئیشوكارەكانی دەرچووە، نەخۆیشی وەك وەزیر دەستبەكاربووە، هەروەك قسەیەك هەیە پارتی لەیەكێك لەكاندیدەكانی یەكێتی بۆ یەكێك لەپۆستەكان پەشیمان بۆتەوە! جگە لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی دیكە.

پێناچێت هەوڵی گێڕانەوەی پرۆژەی دەستور بەم پەلە پەلییەو لەم كاتەدا هیچ رەهەندێكی نیشتیمانیی هەبێت، بەتایبەت زیاتر لە 28 ساڵە هەرێم بەبێ‌ دەستورەو دەبوو زۆر زووتر ئەم پرۆژەیە بەجێ بگەیشتبا! دەستور تەنها بۆ رێكخستنی كاری سیاسی و دەسەڵات نییە، بەڵكو پەیوەندی بەتاك بەتاكی كوردستانەوە هەیە، دایكی قانونەكانەو پرسێكی تەواو نیشتیمانییە، ناكرێت لەسەربنەمای زۆرینەیەكی سەپێنراو بهێنرێتە پەرلەمان و لەبری دەنگی دایكانی شەهیدو قوربانیانی مێژووی كوردستان رزگاریی كوردستان دەنگی (قاوەچی و گۆرگیس و هەكاریی) ببێتە پارسەنگی كە هەموومان دەزانین بەدەنگی زێرەڤانی هاتونەتە پەرلەمان.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.