ماجەرای کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


ئەوانەی ئەنجامی ھەڵبژاردنیان قەبوڵکرد، دەبێ ئێستا دەرئەنجامەکەیشی قەبوڵ بکەن! لەکۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت پێکھێنانی حکومەت زۆر زەحمەت بێت و کەس چاوەڕێ نەکات لەم چەند مانگە پێکبھێنرێت!

لە کۆبونەوەی ئەمجارەدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی تەواو ھاوھەڵوێست بوون لەچۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داھاتووی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، وەفدەکەی یەکێتی داوا دەکات بەر لە پێکھێنانی حکومەت رێککەوتنێک بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوە و ئیدارەدانی دۆسییەکانی (حکومەتی بەغداو پرسی کەرکوک و حکومەتی نوێی کوردستان) وەک یەک بوخچە (پاکج)، بەڵام پارتی پێیوایە دەبێ ھەر دۆسیەیە و بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دا بکرێت، ئەمەش بەتەواوی لەلایەن یەکێتییەوە رەتکراوەتەوە.

پارتی دەیەوێت لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینەی پەرلەمان و بەتاک و تەنھا گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بکات، بەڵام یەکێتی ئەم پێشنیارەی رەتکردۆتەوەو بەروونی بە پارتیان راگەیاندووە پێویستە لەکوردستان شەریکی راستەقینەی حوکمڕانی بین، لەھەرسێ دۆسییەی (حکومەت و پەرلەمان) و ئابوریی (نەوت) و پەیوەندییەکانی ھەرێم بەشداری سەرەکی و بڕیاردەر بین نەک بەشداریپێکراو، ھەروەک شەریکی راستەقینە بین لەبڕیاردان و چیتر رازینابن بەمشێوەیە حوکمڕانی کوردستان بەردەوام بێت! بۆیە کۆبونەوەکە بەبێ ھیچ ئەنجامێک کۆتایی ھاتووە.

پێدەچێت پارتی لەژێر کاریگەری بارە دەرونییەکەی بەدەستنەھێنانی سەرۆکایەتی کۆمار مابێت و لەژێر کاریگەری ئەو ٤٥ کورسییەی پەرلەمان بێت کە ئەنجامەکەیان بۆ قبوڵکرا بەبێ لێکدانەوەی چارەنوس، دەیەوێت لەڕێی بزوتنەوەی گۆڕان یارییەکی نوێ بکات، بەڵام ئەم ھەڵوێست و جوڵەیە رەنگە درێژە نەکێشێت. کاربەدەستێکی باڵای پارتی لەکۆبونەوەکە بە ئەندامێکی یەکێتی وتبو "وەک گۆڕان دەبنە موعارەزە؟" لەوڵامدا وتبوی بەڵێ، بەڵام وەک گۆڕان لە پەرلەمان تەپڵتان بۆ لێدەین، موعارزەبونی ئێمە بۆخۆتان بەجێدەھێلین!

قسە زۆرە بیکەین، بەڵام قبوڵکردنی ئەنجامەکان ھەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەئێستا دەیبینین! وەک ئەمڕۆ بارزانی بەبێ بوونی ھیچ سیفەتێکی دەوڵەتیی و ئامادەبونی لەمەراسیمێکی رەسمیی لەزاخۆ ئامادەبوو، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ سیاسەتی پارتی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان و حوکمڕانیی بەشێوەیەکی گشتیی! بۆیە ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی قەبوڵکرد، دەبێ دەرەنجامەکەیشی قەبوڵبکات، چونکە ھێشتا پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و دەستوریش ماوە، بائەویش بێتەوە پەرلەمان، ئینجا دەزانن چی رویداوە.


AM:11:09:13/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی