لەبارەی کێشەی کارەباوە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

دابینكردنی 17 سەعات كارەبا بۆ موسڵ لەلایەن عیراقەوە جێی سەرنجە، لەوە واوەتر بەشێك لەو كارەبایە لەلایەن كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كوردستانەوە دابیندەكرێت، ئەمە ناونیشانێكی سەرنجڕاكێش بوو لەتۆڕی كۆمەڵایەتی دوبارە خەڵكی كوردستانی نیگەرانكرد!

هەندێك نوسیبویان دەوڵەتەكەتان جوانە؟ هەندێكی دیكە نوسیبویان ئێوە كارەباتان پێ دابین ناكرێت چۆن داوای سەربەخۆییتان دەكرد؟ یەكێكی دیكە وتبوی موسڵ 17 سەعات كارەبای هەیە لەسایەی كۆمپانیاكانی ئێوە..تد، بەڵام سەرنجی من لەسەر كۆی ئەو نوسینانە ئەوەبوو، كە خەونی هاوڵاتی كوردستان لە دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانەوە دابەزیوە بۆ خەونی دابینكردنی كارەبای پێویست بۆ ژیانێكی ئاسایی و شایستە!
لەراستیدا ماوەی 25 ساڵە بەبێ‌ پسان، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە كێشەی (ئاو، كارەبا، سوتەمەنی) چارەسەربكات، لەهەموو هەڵبژاردنێك چارەكردنی ئەو كێشانە، وەعدو پەیمان و سۆزی حزب و لایەنەكانە. كارەبا یەكێكە گرفتە هەرە لەپێشەكان، پارەیەكی زۆری بودجەو داهاتی ئەم وڵاتەی لێ‌ خەرجدەكرێت و كەچی نەتوانراوە چارەبكرێت، بۆتەهۆی زەحمەتیی و بارگرانییەكی زۆری بۆخەڵكی كوردستان دروستكردووە.

گرفتەكانی كارەبا لە كوردستان بریتیە لەگرفتی (بەرهەمهێنان و بەكاربردن)ی كارەبا، هەریەكەیشیان ووردەكاریی و گرفتی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆنمونە ئەگەر پرسی بەرهەمهێنانی كارەبا وەرگرین دەبینین شێوازی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكوردستان زۆر كۆنە، لەلایەك وەك پێویست سود لەبەرهەمهێنانی وزەی خاوێن (سەوز) وەرنەگیراوە، واتە حكومەتی هەرێم لەبری پشتبەستن بەبەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێی بەنداوەكانەوەو بەنداوی نوێ‌ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دروستبكات بۆنمونە بەنداوی بێخمە كە لانیكەم دەتوانرێت هەزار مێگا بەرهەمبێنێت! هاتوە لەڕێی بەرهەمهێنان بەگازو گازۆیل لەڕێی كۆمپانیاكانەوە كە مۆدێلێكی زۆركۆنەو خەرجییەكی ئێجگار زۆر لەسەر حكومەت دەكەوێت كە ساڵانە بە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت كارەبا بەرهەمدێنێت! ئەمە سەرباری شێوەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبادا كراوە كە بەنرخێكی ئێجگار زۆرو تەواوی كارەبای بەرهەمهاتوو لە كۆمپانیا دەكڕدرێتەوە.

سەبارەت بە بەكاربردنی كارەبا ئەوە كێشەیەكی ئاڵۆزەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت، دیارترین كێشەكانی بەكاربردنی كارەبا بریتیە لەخراپی قەبارەی بەكاربردنی كارەبا لەلایەن خەڵكەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەمیان نرخی كارەبا كە لەكوردستان زۆر هەرزانەو هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ‌ كێشە چەندی بیانەوێ‌ بیكڕن، ئەمە وایكردووە دەستگرتن بەكارەباوە كەم بێت. دوومیان ئەو تەجاوزو سەرپێچیكردن لەراكێشان و بردنی كارەبا، بۆنمونە دەیان و سەدان شوێن و كارگەو جێگای جیاواز بەرێگەی جیاواز كارەباكانیان لەبری نرخی بازرگانیی كراوە بەنرخی كڕینی هاوڵاتیان! هاوكات بەبێ‌ گوێدانە هیچ پێوانەو پێوەرێك، هەزاران هەزار ڤێلاو باخ و ..تد بەبێ‌ بونی هیچ پێوەر و بەرایی و مۆڵەت، كارەبایان راكێشاوەو بەبەردەوامی كارەبایەكی ئێجگار زۆر خەرجدەكەن، ئەمە جگە لەڕاكێشانی ناقانونی كارەبا لەلایەن دامودەزگای حزبیی و كەرتی تایبەت و خەڵكی دەستڕۆیشتوو، بەبێ‌ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت!

گرفتەكان هەر ئەوانە نین، كێشەو گرفت و ئاڵۆزی زۆر سەیری هەیە، ناعەدالەتییەكی زۆر لەدابەشكردنی كارەبادا هەیە، بۆنمونە پارێزگای هەولێر بەراورد بە سلێمانی و دهۆك لەسەر بنەمای رێژەو ژمارەی هاوبەشانی كارەبا، رێژەیەكی زۆر زیاتر كارەبا دەبات، واتە رێژەیەكی ئێجگار زۆر كارەبای لێ‌ بەفیڕۆ دەڕوات، لەبەرامبەردا ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن خەڵكەوە دەدرێتەوە حكومەت، سلێمانی زۆرترین رێژەی لێدەگەڕێنێتەوە حكومەت و هەولێر كەمترین رێژە؟!


PM:01:34:04/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1699 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی