چمانكردو چیمان لێدێت؟

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


بەر لە راپرسی، زۆرمان هاواركرد ئەو راپرسییە بەڵایەكی گەورە توشی خاك و خەڵكی كوردستان دەكات، دۆستانمان بەڕونی پێیان وتین لەم هەنگاوەدا پشتیوانیتان ناكەین، دوژمنانیش بەرونی هەڕەشەیان لێكردین، لەبری بەهەند وەرگرتنی مەترسییەكان، ئێمەیان خستبوە سوچێكەوەو تۆمەتی عیراقچێتی و هەندێجار پێیاندەوتین ئەكرادەكانی مالكی! وەك ئەوەی ئێمە دژی ئەم خاك و نیشتیمانە بین.

من نەچوم بۆ دەنگدانی ئەم ریفراندۆمە، چونكە پرۆژەیەك نەبوو ئامانج لێی بەئاكام گەیشتنی پرۆژەی نەتەوەیی بێت، هاوكات ئەوانەی لەوێ‌ بوون نوێنەرایەتی من و خەڵكی كوردستانیان نەدەكردو لەئاست ئەو پرۆژە گەورەیە نەبوون كە ئێمە دەیان ساڵە خەباتی لەپێناودا دەكەین. خۆ ئەگەر چوباما سەر سندوقی دەنگدان، بێگومان دەنگم بەڵێ‌ بوو، بەدڵنیاییەوە ویژدانمان قەبوڵ ناكات لیمان بپرسن سەربەخۆییت دەوێ یان نا؟ بڵێین نەخێر، چونكە ئێمە قوربانیمانداوە، ئێمە زەحمەتیمان بینیوە، ئەگەرچی خەڵكانێكی زۆر لەرقی دەسەڵاتداران و بۆ تۆڵەكردنەوە لەستەمكارییەكانیان دەنگی نەخێریاندا.

هێشتا دیارنییە روو لەكوێ‌ دەكەین، ریفراندۆمچییەكان ئێمەیان بردە تۆنێلێك تروسكاییەك روناكی دیارنییە، ئەوەی روونە، دەستكەوتگەلێكی زۆر لەدەست دەدەین، ئەوانەش لێی بەرپرسن كە بڕیاری ریفراندۆمیاندا، ركەیان لەگەڵ خەڵك و دۆستانمان كرد.

رەنگە ئێستا بپرسین باشە چارەسەر چییە؟ چیمان بەسەردێت؟ وڵامی ئەو پرسیارانە بە وردی لای كەس نییە، بەڵام ئەوەی روونە ئێمە لەقۆناغێكی زۆر هەستیارداین، ئەوەی پێماندەكرێت كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو بڕیارە هیستیرییەی بەشێك لە سەركردایەتی كوردستان بەبێ‌ زەمینە دایان.

هێشتا ئێمە بەرپرسیارانەترو باشتر بیردەكەینەوە بۆیە بیر دۆزینەوەی رێگایەك دەكەینەوە كوردستان لەم قۆناغە دەربازبكەین، بۆیە بەرلە هەموو شتێك هەموو پێویستە هەموومان لەئاست بەرپرسیارێتی دابین، ئەگەر ئەوان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە نەبوون، ئەوا ئێمە لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە بین، دوركەوینەوە لەتێگەیشتنی لەتكردنی زیاتری ناوماڵی خۆمان، دژی لێكترازان و دوو ئیدارەیی بین "هەرچەند مۆركی دوو ئیدارەیی بەحكومەتەوە دیارە"، پێویستە لەم قۆناغەدا هێمنی كۆمەڵایەتیی بپارێزرێت و هەموو خۆمان لە وتارو لێدوان و كاردانەوەی دوای ریفراندۆم بپارێزرین، ئینجا كاربكەین بۆ ئەوەی ئەوانەی بڕیاری ریفراندۆمیاندا لەشاشەو لەبڕیاردانی كوردستان دوربكەونەوە، خەڵكیكی نوێ‌ بێنە پێش بۆ بڕیاردان، ئینجا لەڕێی هەڵبژاردن یان هەر رێوشوێنێكی دیكە كە گرەنتی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكەن، باشتر بیربكەنەوەو باشتر بڕیار بدەن.


PM:10:31:25/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 5288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی