ئایە کۆمەڵ قەرزاری ھیچ حزبێکە؟!

‌ محەمەد حەكيم

ماوەیەکە گوێبیستی چەمکێکی نوێی بێ مانا و دوور لە ئەخلاق و ئەتەکێتی حزبایەتی دەبین، کە گوایە ئەم حزب قەرزاری ئەوبێت و گەر ئەم حزب، یا ئەوی تر نەبێت، کورد، یا حزبەکانی تر ئاو دەیانبات و تەفروتونا دەبن !

لە راستیدا ھەموو حزبەکان، بە تایبەتی پارتی و پاشان یەکێتی، قەرزاری ھەموو کورد و خوێنی شەھیدانن، کە بەم ڕۆژە گەیشتون، ھەم حزبەکانیان و ھەم دەسەڵاتداران و نەوەكانیان، حیسابی خۆیان نازانن، بە درێژایی مێژوو، کوردیان توشی دەیان گرفت و کێشە و دەردەسەری کردووە، ئەوەش کە ماوەی پێشوو گوێم لێبوو كە گوایە ”کۆمەڵ قەرزاری پارتییە”، بەڕاستی پێموایە نە پارتی و نە بنەماڵەی بارزانی ئەم دەستەواژەیان قەبوڵ بێ! چونکە مێژووی نێوان سەرکردەکەو حزبەکان، لای بە تەمەن و سەرکردە پێشوەکان زانراوە و پاڕێزراوە!

ھەرگیز وتنی ئەو جۆرە دەستەواژانەم پێ جوان نیە و خزمەت ناکات و باش نییە.. حزبی گەورە ! دایم وابزانێ خەڵکی تر و حزبەکانی تر قەرزای بن، چونکە مێژوو و رووداوەکان لە بیر نەکراون ..

ئێمە خوازیاری پەیوەندیەکی تەندروستین لە گەڵ پارتی و باقی لایەنەکان، لە حکومەت بین و یا ئۆپۆزسێۆن، پرسی پێکھێنانی حکومەت، پرسێکی جودایە و پەیوەندی بە بەرکەوتەی ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە، ئۆمێدم وایە نەکرێتە بابەتێک بۆ تانە لێدان لەم و لەو و ئۆمێدم وایە رێ لە لێدوان و قسەی ناشاز بگیرێت، کە کەش و ھەوایەکی خراپ بێنێتە ئارا، کە خزمەت بە تەبایی نەکات ..



PM:05:58:05/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی