ڕۆژاڤای کوردستان و نوای ئارام ڕێککەوتنی ئەمریکا_ تورکیا

‌سه‌رۆ قادر


دوای کەمبوونەوەی هەڕەشەی داعش، دەوڵەتەکانی بەشدار لە شەڕەکە خەریکی دابەش کردنی دەسکەوتەکانن. هاوپەیمانەکانی کورد ئەمریکا و ئەوروپایە. ئەمریکا لەسەر ئاستێکی فراونی دونیا دان و ستاندن دەکات. بوونی سەربازی خۆی لە سوریا خستۆتە ناو ئەو موعامەلانەی لە شوێنی تر دەیەوێن. تورکیا نزیکترین تەڕەفی موعامەلەی ئەمریکایە. وەک دەرکەوت دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ئۆردوغان موعامەلەکەی لەسەر ئاستی جیا جیا دەکات کە هەندێکی لەبەر چاوی کوردان کاتێک دەردەکەوێ کە زیانی بە کوردستان گەیاندبێ.

تورکیا نیازی ستڕاتیژی خۆی لەسەر داگیر کردن و وێران کردنی کوردستانی ڕۆژاڤا  بنیادناوە. بۆ؟ دیارە دەیەوێ دوو پارچەی باکور و ڕۆژاڤا بە یەک نیشان بگلێنێت. ئەگەر ئەوە سەربگرێ دوور نیە ڕاسپاردە و پیلانی بۆ هەرێمی کوردستانیش هەبێت. وەک دیارە ئەو نەخشەیەی  ئۆردوغان واقیعبینی تێدا نیە، چونکە کورد هێزە سەرەکییەکەی بەزاندنی تیرۆری جیهانی ئیسلامی بوون کە دونیا خۆی بە قەرزاداری ئەو رۆلەی کورد دەزانێت. هاوسۆزی و هاودەنگی ڕای گشتی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ کورد لە مێژوودا وێنەی نیە. ئەوە دەرفەتە زێڕینەکەی کوردانە کە دەبێ زۆر عاقڵانە و بەوپەڕی واقیبعینی بەکاریبێنن. ئەو شەپۆلە بەهێزەی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ کورد دۆناڵد ترامپی لە تەنگنا ناوە ونەخشە ستڕاتیژییەکەی ئۆردوغانی ڕاگرتووە.
 هەڵبەت ئەو کارتە زێڕینەی بە دەست کوردەوەیە نە تا هەتایە دەبێ و نە بۆ حزبێکی دیاریکراویشە. دونیا هاوکاری کورد دەکات نەک حزبێک و ڕابەرێکی دیاریکراو.

ڕێککەوتنی ١٧ی ئۆکتۆبەر لەنێوان ئەمریکا و تورکیا زۆر گرنگە وەک هەیە تێیبگەین. ئەو ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجامدراوە. ئەویش دوای شەڕێکی قورس لەگەڵ کورد و هەڕەشەیەکی جددی ئەمریکا لە ئۆردوغان. ئەمریکا لەلای خۆیەوە بەرژەوەندی و مانەوەی کوردستانی بەئەستۆ گرتووە، ئەوە زۆر گرنگە بیپارێزین. تورکیا لەو ڕێککەوتنە زۆری بەدەستهێناوە ئەوەش ڕاستە، بەڵام ڕێگای نەخشە ستڕاتیژییەکەی لێ گیراوە و ناچاریان کردووە ئیمزای لەسەر بکات. هەروەها دوای ڕێكکەوتن تورکیا محاوەلەی لێکدانەوەی هەڵەشانە بۆ ڕێککەوتنەکە دەکات. لەولاوە سەرکردەکانی ئەمریکا بەڕوونی دەڵێن رێککەوتنەکە لێکدانەوەی فرت و فێڵ هەڵناگرێت. ئینجا هەڕەشەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر تورکیا بەردەوامە. 
 بێنینەوە بیری خۆمان لە ساڵی١٩٩١ دوای تەواو بوونی جەنگی کوێت، بووشی باوک پشتی لە ڕاپەڕینی کوردستان کرد و ئێمە لە باشوور لەوەی ئێستای ڕۆژاڤامان خراپتر بەسەر هات؛ کۆڕە ڕوویدا. 

ئەوساش جیهان هاتە سەر خەت و نوایەکی ئارامیان بۆ ئێمە دروست کرد. نوا بوو هیچی تر نەبوو. سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی ژیرانە نوایەکەی بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان برد. لەگەڵ عێراقی سەدام حوسێنیش بە پشوویەکی درێژ دەجوڵایەوە. ئینجا ئەو ڕێککەوتنەی ١٧ ئۆکتۆبەر ڕووی لە نوایەکی ئارام دایە بۆ ڕۆژاڤای کوردستان. سەرکردایەتی پ ی د پێویستە متمانەیەیەکی زیاتر بداتە ئەمریکا و ئەوروپا کە حزبێکی سیاسییە نەک میلیشیایەکی شەڕکەر کە دوژمنایەتی تورکیا ئامانجی سەرەکی بێت. دەبێ پ ی د تورکیا ناچار بکات کە سیاسەتی خۆی لەسەر ڕۆژاڤا بگۆڕێت، ئەویش بەو دڵنیاییەی دەیداتە جیهانی پشتیوان. هەروەها دەرگا لەسەر حزبەکانی دیکە بکاتەوە تا کۆدەنگی کوردستانی دروست ببێت. ئەوە بۆ خودی کورد و بۆ جیهانیان گرنگە. پ ی د بەتەنیا ناتوانێ لەمەولا رۆژاڤا بپارێزێت. هەروەها دەبێ بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنێت کە بەشێک نیە لە پ ک ک. کێشەی کوردی باکور لە خۆی دووربخاتەوە تا بتوانێت لەسەر پی بوەستێت.

پ ی د پێویستە هاوکارییەکی نزیکی هەرێمی کوردستان بکات تا ئەو ئەرکانەی باسمکردن جێ بە جێ ببن و هەردوو پارچەی کوردستان شان بە شانی یەکدی سەرنجی جیهانیان لەسەر مانەوەی خۆیان ڕابگرن و ئەمریکا متمانەی زیاتریان پێ بکات. متمانەی ئەمریکا بۆ مانەوەی کورد زۆر چارەنووس سازە. کورد نابێ قەت بەرامبەر بە ئەمریکا سیاسەتی هەڵچوونی هەبێت. بۆ ئەو مەبەستە سەرکردەکانی کوردستان پێویستە باشتر لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تێبگەن و خۆی لەگەڵ بگونجینن، هەتا ئەگەر جار جار فشاریشمان بۆ بینێ. چونکە بەبی ئەمریکا کورد ئەم فرسەتەی لەدەست دەچێت.

 باڵێکی تری سیاسەتی کوردان دەبێ ئارام کردنەوەی تورکیا، ئارام ڕاگرتنی ئێران و دەرگا کردنەوە لەسەر سوریای بەشار ئەسەد بێت. پێویستە فێری موعامەلە ببین و لە دروشمی شۆرشگێڕانەی بارگاوی بە ئایدیۆلۆجیا و عاتیفە دوور بکەوینەوە. بۆیەش لەم بوارەدا هەموو حزبییەک شارەزا و گونجاو نیە. پێویستە ئەو کەسە سیاسییانە بێنە پێشەوە کە ئەو ئەرکەیان پێ ڕادەپەڕێندرێت.  لە ناو عێڕاقیش چەندی بکرێ دۆخی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا خاو بکرێتەوە. دەبێ تەرکیز لەسەر مانەوە و پێشکەوتنی دۆزەکەمان بێت. ئەمە ئەو یارییەیە کە پێویستە کورد بیکات. قۆناغەکانی دیکەی ئەنجامی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆلی تری لە کورد دەوێت کە جارێ ماویەتی.

بۆیە عاقڵانە نابێ ئەگەر پ ی د  و سەرکردەکانی کورد بیر لە پشت کردن لە ڕێککەوتنی ١٧ی ئۆکتۆبەر بکەنەوە. ئەو ڕێککەوتنە هەڵناوەشێتەوە بەڵام پەرەی پێ دەدرێ و پەڕو باڵی بۆ زیاد دەکرێت. دەکرێ ئەو پەڕو باڵانە بە نسیبی کورد ببن، ئەگینا تورکیا بە نسیبی خۆی دەکات. ئەو پرۆسەیەی ڕێککەوتنەکە دروستی کردووە بە ئاڵۆزی بەڕێوەدەچی و پڕ لە تەنگژە دەبێت. رووسیا تەڕەفێکی گرنگی ئەو پڕۆسەیەیە و ئەویش مەیلی لە مانەوەی کوردان دایە. هەڵبەت بەرژەوەندیشی هەیە. بۆیە تورکیا ئەو هێزەی نەما کە پێش هەفتەیەک هەیبوو. بەڵام سوپایەکەی و میلیشیا ترۆریستەکانی وەک خۆیان دەمێنن و لە فرسەت دەگەڕێن کورد لە خوێندا نقوم بکەن. بۆیە یارییەکە چارەنووسسازە و ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردە واقیعبینەکانی پ ی د .

[email protected]


PM:12:27:21/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی