ماڵێكی سارد
لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی
یه‌كڕیزی، یه‌ك هه‌ڵوێستی، سازان، پێنج قۆڵی... له‌نێو وشه زۆرترین به‌كارهاتووه‌كانی مه‌یدانی سیاسی باشووری كوردستان له ساڵی 2015 بوون. له‌و كاتانه‌دا زۆرترین غه‌م و هه‌وڵی كه‌سایه‌تییه سیاسییه میانڕه‌وه‌كان و رۆشنبیره خه‌مخۆره‌كان بریتی بوو له رێكخستنی نێوماڵی كورد له‌پێناو هێنانه‌دی یه‌ك ریزی و یه‌ك ده‌نگی. چونكه زۆر چاك پێشبینی ئه‌وه ده‌كرا كه له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوونی ئه‌م په‌رشوبڵاوییه و یه‌كتر قه‌بوڵنه‌كردنه خاڵی لاواز له‌نێو پاكه‌تێكی رازاوه پێشكه‌ش به نه‌یارانی كورد ده‌كرێت.
به تایبه‌تی نه‌یارانی ئیقلیمی. بونیاتنان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له ئاستی ئیقلیمی و نێوه‌ده‌وڵه‌تیدا چه‌ند گرنگ بێت، دۆستایه‌تی و لێكتێگه‌یشتنی ناوخۆیی دوو قات گرنگتره. ئاخر هه‌ر ئه‌و یه‌كێتییه ناوخۆییه‌یه هێز ده‌به‌خشێت كه بتوانی خۆت به دونیا بسه‌لمێنیت. بۆ نموونه وا بیر بكه‌ینه‌وه له دوای مانگی حوزه‌یرانی 2014 واتا دوای هاتنی داعش هه‌نگاوی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه نێوخۆییه‌كان له ئه‌وله‌ویاتی به‌رنامه‌ی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بوایه، ئێستا زۆر ئاسانتر ده‌توانرا قه‌یرانه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان ئیداره بدرێن. نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستای هه‌یه كه لایه‌ك هه‌وڵی چاره‌سه‌ر ده‌دات و لایه‌كی دیكه‌ش به هاتوهاوار و موزایه‌دات وێرانتری ده‌كات. هه‌رهیچ نه‌بێت ئه‌وكات ته‌نها به قه‌یرانێكه‌وه خه‌ریك ده‌بووین نه‌ك به ده‌یان قه‌یرانی سه‌ختتر.
قوربانی یه‌كه‌می ئه‌م موزایه‌ده و جه‌نگه مێدیاییه‌ی كه ته‌واوی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و مێدیای بینراوی گرتۆته‌وه كه تاكه میراتی ململانێی سیاسی نێوخۆییه، ئه‌و گه‌نج و خێزانانه‌ن كه نا ئومێدی به‌رۆكی گرتوون و هه‌ست ده‌كه‌ن چاره‌نووسیان نادیاره و له‌پێناو رزگار بوون له‌و باره ده‌روونییه ئاڵۆزه‌ی كه تێی كه‌وتوون ئاماده‌ن خۆیان له ڕێگه‌ی مه‌رگ بده‌ن و بۆ وڵاتانی دوور كۆچبكه‌ن. بێ گومان قه‌یرانی دارایی و چاولێكه‌ری هۆكاری دیكه‌ی ئه‌م كۆچه به كۆمه‌ڵه‌ن.
جه‌نگی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ داعش، هه‌ڵوێستی عێراق به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم، دابه‌زینی نرخی نه‌وت، گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونی ئه‌زموون له كه‌رتی نه‌وت و گازدا، هه‌وڵدان له به‌ده‌ستهێنانی ئابووری سه‌ربه‌خۆ ته‌نها به پشت به‌ستن به نه‌وت، پشتگوێ خستنی ئه‌و كه‌رتانه‌ی كه هاوكارن له زیادكردنی داهات بۆ حكومه‌ت (كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار..). هه‌رچه‌ند له ئێستادا هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ زیاتر گرنگیدان به به‌رهه‌می نیوخۆیی جێگای ستاییشه. كۆی هه‌موو ئه‌مانه هه‌رێمی خستتوه‌ته ناو قه‌یرانێكی دارایی ئێجگار قوڵه‌وه و قوربانیانی یه‌كه‌میش ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ن كه جگه له مووچه‌ی حكومی هیچ داهاتێكی دیكه‌یان نییه.
بۆ ئه‌م دۆخه هه‌نگاوی فریاگوزاری بریتییه له كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت. له‌دوای ئه‌وه‌ش چاكسازی ڕیشه‌یی و شانبه‌شانی به سیسته‌ماتیك كردنی كه‌رتی نه‌وت و غاز بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری. جگه له‌وه‌ش كاراكردنی سیسته‌می بانقی به‌به‌كارهێنانی كارتی زیره‌ك و سیسته‌می باج و سیسته‌می دڵنیایی له‌و خاڵانه‌ن كه حكومه‌ت ده‌توانێت بۆ داهاتوو كاریان له‌سه‌ر بكات.
له ئێستادا ئه‌مه حاڵی ئه‌و ماڵه‌یه كه ڕۆژانێك ماڵێكی گه‌رم بوو و دوور له‌و هه‌موو قه‌یرانه هیوای یه‌ك ڕیزی و یه‌كده‌نگی بۆ ده‌خوازرا. كه‌چی ئێستا عه‌ره‌بێكی باشوور یان ناوه‌ند بۆخۆی سوود له نیعمه‌تی ئه‌م ئارامییه و پارێزراوییه ده‌گرێت و ئێوارانیش بۆ كه‌یف و سه‌فا روو له سه‌یرانگا و سروشته جوانه‌كه‌ی كوردستانه‌كه‌مان ده‌كات. بۆ خۆمانیش كه‌وتووینه‌ته ناو جه‌نگێكی ده‌روونی له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئه‌م كوردستانه به‌هه‌شته‌مان له‌خۆمان كردووه به دۆزه‌خ. هه‌میشه كورد بێگانه دۆست بووه... چاتره هه‌رچی زووه بێ‌دار ببینه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه سارد و سڕتر بێت.
PM:12:05:10/02/2016
ئه‌م بابه‌ته 2329
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی