دوبارەبونەوەی 31ی ئاب کارێکی زۆر زۆر ئاسایی و حەتمییە

‌شاسوار عەبدولواحید

ساڵی ١٩٩٦ بوو ، هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە زۆربەی ناوچەکان بالادەست بوون ، لە روی هێزی سەربازی و ورەی پێشمەرگەوە زۆر ورە بەرز و بەهێز بوون ، تەقریبەن چوار دەوری سەری رەش درابوو، پارتیش تەنها پارێزگای دهۆکی بە دەستەوە مابوو ، وە ئەمەیش تەنها کێشە نەبوو ، بەڵکو بەردەوام هەرەشە دەنێردرا بۆ گرتنی سەری رەش و دەرکردنی پارتی لەو ناوچەیەیش ، لە پاڵ ئەمەیشدا یەکێتی جار جارە گاڵتەی بە پارتی دەکرد، کە دوایین گاڵتەیان وتە بە ناوبانگەکەی تالەبانی بوو لە دوو هەفتە پێش گرتنی هەولێر و روداوی ٣١ ی ئاب.

کاتێک لە وەڵامی وتەیەکی پارتی کە وتوبویان هەولێر دەگرنەوە رایگەیاند پارتی مەگەر بە دوربینی قەوس هەولێر ببینێتەوە جارێکی تر ، وەک ئاماژەیەک بۆ بینینی هەولێر لە پشتی جیاکان و بەرزاییەکانی مەسیف سەلاحەدین و سەری رەشەوە.

هەموو ئەمانە وای کرد کە پارتی پەنا بۆ هەموو رێگایەک بەرێت و سەر بکات بە هەموو کونێکا ، ئەگەر چی ئەو رێگا و کونانە پەنابردن بێت بۆ دوژمنە سەرسەختەکەی کورد کە رژێمی بەعسی بوو ، رژێمێک کە جگە لە ئەنفالکردنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کورد و شەهیدکردنی پێنج هەزار هاوڵاتی لە هەلەبجە، ئەوا هەشت هەزار بارزانیشی ئەنفال کرد بوو، بەڵام شەهیدکردن و ئەنفال کردنی ئەم هەموو هاوڵاتیە کوردە و ئەم هەشت هەزار بارزانییە بەس نەبوو بۆ ئەوەی پارتی و خودی بارزانی بیر نەکەنەوە لە پەنابردن بۆ رژێمی بەعسی، چونکە بە رای پارتی ئەگەر پەنایان نەبردایە بۆ ئەم رێگایە ئەوا رەنگە پارتی لە ناو بچوایە "وەک خۆیان دەڵێن".

بۆیە لە دیدی پارتیەوە روداوی ٣١ ی ئاب روداوێک بوو کە هەر دەبوو روی بدایە ، روداوێک بوو وەک خۆیان دەڵێن کاردانەوە بوو بەرامبەربە هاوکاری ئێران بۆ یەکێتی ، بەڵام پارتی وەک دوایین چارەسەر ئەم رێگایەی هەلبژارد و توانی لە حیزبێکەوە کە خەریک بوو لە ناو دەچو ببێت بە حیزبی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو حیزب و سەرکردانەی کە رۆژگارێکی زۆر بوو لە شاخ بوون و کاری پارتیزانیان ئەنجام دەدا و شۆرشیان هەلگیرساندەوە ، ئێستا وەک برا بچوک و هەندێکی تریشیان وەک خزمەتکاری پارتی دەردەکەون و پارتیش جگە لە هەرە پۆستە حەساسەکانی کوردستان و پارە و ئابوری ، ئەوا سیاسەتی دەرەوە و بریاری سیاسی هەرێمی کوردستانیشی بە دەستەوەیە .

بۆیە کاتێک کەسێک باس لە ٣١ ی ئاب دەکات ئەوا پێویستە خۆی بخاتە شوێنی پارتی و لەم دیوەوە شتەکان ببینێت ، وە لە بەرامبەریشدا کاتێک ئەم روداوە بە روداوێکی ئاسایی لە لایەن پارتیەوە سەیر دەکرێت و کەسی لەسەر سزا نادرێت و پارتی و کادیرانی پارتی شانازی بەم روداوەوە دەکەن، ئەوا ئەمەیش وا دەکات کە حیزب و لایەنی تری سیاسی بیر لە روداوی هاوشێوەی ٣١ ی ئاب بکەنەوە ، بە تایبەت ئەوانەی کە ئێستا وەک ئەوسای پارتی پێش (٣١ ی ئاب ) یان لێ هاتووە.

لە ئێستادا دۆخی پێش ٣١ ی ئاب بە تەواوی دوبارەبۆتەوە بەڵام ئەم جارە لایەنە لاوازەکە پارتی نییە ، بەڵکو حیزبی سیاسی هەیە وردە وردە هەست دەکات خەریکە لە ناو دەچێت و هەمان هەستی پارتی پێش ٣١ ی ئابیان هەیە، کە ئەوانیش یەکێتی و گۆرانن، وە پارتی بە هاوکاری تورکیا و لە رێی چەند رێکەوتنێکی سیاسی و ئابوری لەگەل تورکیا رۆژ بە رۆژ خۆی قایمتر و بەهێز تر دەکات، لەم دەڤەرەی سلێمانیش رۆژ بە رۆژ ئەم دوو حیزبە بەرەو بچوکبونەوە دەچن و لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان هێندە بێهێز و ناکاریگەر بوون کە جگە لە پارێزگارێک لە نێو چەندین پۆستی سیادی هەرێم و چەندین سەرۆکایەتی هیچ قورسایی و کاریگەریەکیان نەماوە لە کوردستان و هیچ پۆستێکیان بە دەستەوە نەماوە، یان جێگرن یان دەرکراون لە پۆستە سیادیەکانی هەرێم، وە هەمان ئەو ئیستیهانە و گاڵتەپێکردن و فشارەیەی کە یەکێتی دەیکردە سەر پارتی ئەوا ئێستا پارتی دەیکات بەرامبەر بەم دوو هێزە، بۆیە رەنگە ئەمە وا بکات لەم هێزانە کە بیربکەنەوە لە روداوێکی هاوشێوەی ٣١ ی ئاب ، کارێکی هاوشێوە بکەن ؟ ئەگەر بە هێنانی هێزیش نەبێت ئەوا بە تاکتیکی تر و رێگای تری هاوشێوەی ٣١ ی ئاب بێت.

ئەمەی سەرەوە قسەی من نییە وە مەنتیقی من نییە وە داوای منیش نییە و ئاواتی منیش نییە، بەڵکو ئەمە واقیعی تاڵی کوردستانە ، ئەمە مێژوی کوردستانە، ئەمە دەرەنجامی روداوەکانی ٣١ ی ئابە ، ئەگەر ئەمساڵیش رو نەدات ئەوا ساڵێکی تر رودەدات ، خۆ ئەگەر ساڵی داهاتو رونەدات ئەوا دە ساڵی تر رودەدات و دوبارەبونەوەی ٣١ ی ئاب تەنها پێویستی بە کاتە و کارێکی حەتمییە لە مێژو و داهاتوی ئەم میلەتەدا.

چونکە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە پەنا بردن بەر هێزی دوژمن بۆ لەناوبردنی هێزە کوردیەکانی هاونیشتمان و هاوزماننمان ئاساییە ، لە وڵاتێکدا دەژین کە کادیری حیزبی شانازی دەکەن بە روداوێکی وەک ٣١ ی ئابەوە ، لە وڵاتێکدا دەژین کە تا ئێستا پێمان عەیبە باسی رابردوی خۆمان بکەین و دان بنێین بە هەڵەکانمان و تەجریم و تەحریمی بکەین ، بۆیە دوبارەبونەوە و چەندبارەبونەوەی ٣١ ی ئاب کارێکی زۆر زۆر ئاساییە.


PM:10:45:30/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 9620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی