ئەی کادیرانی حیزبەکان، پێتان خۆش بێت یان نا،ئەمە راستیەکەیە

‌شاسوار عەبدولواحید


حیزب لە کوردستاندا بریتیە لە ئەداتێک بۆ پارە پەیداکردن، سەرکردەی حیزبە سیاسیەکان فاشیلترین توێژی کۆمەڵگان، هیچ کار و کەسابەتێکی تر نازانن،زۆرینەیان شەهادەیان نیە، لە ژیانیاندا نەیانزانیوە ١٠٠ دۆلار پەیدا کەن،کەچی خەڵکانێکی خوێندەوار و کەسانی لێهاتو و کاسب هەیە دوایان دەکەون.

ئەوانە لە رێی حیزبەوە پارەیان دەست دەکەوێت و حیزبایەتی و سیاسەتیان کردوە بە کەسابەت.

مانگانە حیزب بودجەی هەیە، بەرپرس نەسریەی هەیە سەرفی دەکات، کادیری حیزبی موچەی هەیە و کوێرانە دیفاع لە حیزبەکەی دەکات و جنێویان بۆ دەدات.

ئەمەیە حیزبایەتی و سیاسەتکردن لە کوردستان.

کەی زانیتان نەوەی نوێ بوە بە حیزب و پارەمان نەما و تەماشای سیاسەت و حیزبایەتیمان کرد وەک سەرچاوەی داهات و پارە پەیداکردن، ئەوا یەک شەقمان تێ هەڵدەن و ئێمەش بگۆڕن.

هەندێک لە کادیرە حیزبیەکان و بەرپرسەکان پێیان ناخۆش بوو حیزبم شوبهاند بە جوتە پێڵاو، بەس تو ویژدانتان یەک پرسیار، ئایا ئێوە بێ پێڵاو دەتوانن لە ماڵەوە بچن بۆ بازار؟

بەڵام ئەگەر کەسێکی حیزبیش نەبن،ئەوا دەتوانن برۆن بۆ بازار.

بۆیە حیزبایەتی عیبادەت نیە، کادیری حیزبیش نابێت کۆیلەی حیزب بێت،بەڵکو دەبێت تەنها کۆیلەی خوای خۆی بێت، لە حیزب بگەن، سەیری بەرنامە و کردارەکانیان بکەن، پاشان رای خۆتان بڵێن.

هاوڵاتی ژیر و هۆشیار، حیزب بە کار دەهێنێت بۆ خزمەتی خۆی و منداڵەکانی و دایک و باوک و هاوسەرەکەی، نەک هەمویان بکات بە قوربانی حیزب.

ئەوەتای ئێمەی کورد هەین، بەشێکی زۆرمان بۆ حیزب دەژین،بۆیە حاڵمان وا جوانە و وڵاتەکەمان بەمڕۆ گەیشتوە.

تکایە،بۆ خۆتان بژین، نەوەی نوێ بە پارەی خۆی و ئیمکانیەتی خۆی هاتوە دەیەوێت ژیانی تۆ بگۆڕێت، پشتیوانی بە ، دژایەتی مەکە.

هەرچی سیاسی هەن لە کوردستان سیاسەت دەکەن و دەوڵەمەند دەبن و دەهاتنە لای من ڤێلا و شوقەیان دەکری، بەڵام من پارەی فرۆشتنی ئەو ڤێلایانە لە سیاسەتدا سەرف دەکەم.ئەوەیە جیاوازیمان!!

مرۆڤی بەویژدانیش دان بە راستیدا دەنێت و پشتگیریمان دەکات.


AM:09:29:13/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 2361 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی