پێشبینی بەرەو ئاشتی و دیالۆگ

‌بەهرۆز گەڵاڵی

 دوایی ئەنجامدانی ڕیفەراندومەکەی ١٦ی نیسان ،کە دەربارەی گۆڕینی دەستوری تورکیا بوو ،کۆتایھات و ئەنجامەکەشی بەم شێوەیە دەرچوو کە بینیمان. بێگومان دوای ئەم ڕێفەراندومە، ھەندێ گۆڕانکاری تازە دێتە کایەوە ، بەندە پێشبینی دەکەم ،لەماوەی ٣ تا ٦  مانگی تر گۆڕانی تازە لە سیاسەتی تورکیا ، ڕوبدات . لەوانەش ئازادکردنی ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەڵان (ھەدەپە) ،بەڕێزان سەلاحەدین دەمیر تاش و یوکەسەک فیگەنداغ و ھاوڕێ پەرلەمێنتارەکانیان لە زیندان .

دوای ئەم ھەنگاوەش پێشبینی دەکەم پرۆسەی ئاشتی بەرەو چارەسەری کێشەی کورد لە باکوور جارێکی تر دەستپێدەکاتەوە و دەبێتەوە ڕۆژەڤی سیاسەت لە تورکیا .دیارە بۆ زیاتر و زوتر ھێنانە کایەوەی ئەم بارودۆخەش،بابەتەکە پێویستی بە ھەوڵ و تەقەڵای ھەموو ئەو کەس و لایەنانەش دەکات کە پێشتر ڕوڵیان ھەبوە لە بەدیھێنانی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست ، لەم بارەیەوەش پێویستە ھەمدیس ڕۆڵی خۆیان ببیننەوە ، بەتایبەتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەروی ھەموشیانەوە ڕابەری خۆشەویستمان جەنابی سەرۆک مامجەلال کەلە ڕابردودا لەم بارەیەوە ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و گەورەی بینی، ھەرچەندە ئێستاکە نەخۆشە.

بەڵام دیسان دەتوانێ ڕۆڵ ببینێتەوە لەڕێگای ھەریەکە لەکاک کۆسرەت و ھێرۆخان و کاک بەرھەم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .چونکە گەلی باکوور بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویستی بەھاوکاری و پشتیوانی ھەموو خێرخوازێک بەتایبەتیش لە باشوور ھەیە، بۆ دروستکردنی جەوێکی سیاسی و ئارام و لەبار لە پێناوی ئاشتی و گەڕانەوەی ھەردوولا بۆ مێزی وتووێژ و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سیاسیەکانی نێوان ھەردوولا بە ڕێگایەکی دیموکراسیانە و ئاشنیخوازانە .لەوبوارەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ،ئامادەگی خۆمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی و دیالۆگی دیموکراسیانە و برایانە دەردەبڕین ودرێغیش ناکەین ،و وەک ھەمیشە خوێندکاری بۆچونەکانی جەنابی مام جەلالین و دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کەجەنابی مام زۆر بایەخ  و گرنگی بە چارەسەری گەلی باکوورو کێشە ڕەواکەی ھەبوو . بۆ ئەم مەبەستەش ھەمیشە لەنێوان تورکیا و سەرکردەکانی کوردی باکوور ڕۆڵی دیار و گەورەی بینیوە و لە ھەوڵی نێوانگیریدا بو.ئێستاش پێموایە دوای ئەو ڕێفەراندومە ،قۆناغێکی تازە ھاتە پێشەوە . جارێکی تر ھەوڵەکان بۆئاشتی دێنە کایەوەو ئاشتی و برایەتی باڵدەکێشتەوە بەسەر شەڕو ئاشوب و ناخۆشیەکان .بەو ھیوایەی لەداھاتویەکی نزیکدا ئاشتی و دیالوگ و دەستپێبکاتەوە و لەشوێنی شەڕ و ئاشوب ،ئاشتی و دیالۆگ ببێتەوە ڕۆژەڤی سیاسەت.


PM:03:56:19/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 1816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی