‌رەخنەیەک لەپێشنیازێکی د.بەرهەم
PM:03:48:28/01/2016
توانا عوسمان


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی، د.بەرهەم ساڵح پێشنیازێکی پێشکەشکرد سەبارەت بەوەرگرتنەوەی ئەو پارانەی "کەپێدەچێت" بەرپرسانی کوردو عێراق "حەواڵەی"بانکەکانی جیهانیان کردبێت.. بۆ ئەمەش داوای ئەوەی کرد کەهەرێمی کوردستان بەهەمەئاهەنگی لەگەڵ بەغدا داوا لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەربکات بۆ بەدواداچون و دۆزینەوەو گێرانەوەی ئەو پارە "دزراوانە".

پێش دوو هەفتەش فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغدا لەبەیاننامەیەکدا داوایەکی هاوشێوەی لەپەرڵەمان و حکومەتی عێراق کرد کەهاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتی بۆ وەگرتنەوەی پارەی "دزراوی" عێراق پێکبهێنرێت لەو پارانەی لە 2003 وەکو تا ئێستا "سیاسی و بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان بردویانەتە بانکە جیهانیەکان".

هەردوو پێشنیازەکە، ئەوەی د.بەرهەم ساڵح و ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵەیەکی ڕوونی تیایە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ کاتێک دەوڵەتێک، حکومەتێک، یان گروپێکی دەستەڵاتدار خۆبەخشانە خۆی داوای لە لایەنی بەرامبەر ناکات، لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروست بکەن، شتی وا لەمێژوودا نەبوەو ناشبێت.

د.بەرهەم لەچاوپێکەوتنەکەدا نمونەی فلیپین و ئێرانی سەردەمی شا و عێراقی سەردەمی سەدامی هێنایەوە وەک سێ ئەزموون کەتوانیویانە پارەکانیان لەبانکەکانی جیهان وەربگرنەوە... لەڕاستیدا هەرسێ نمونەکە دوای شۆڕش و کودەتا توانیویانە پارەکانیان دەستبکەوێتەوە.

فلیپین کاتێک پارەکانی لەبانکەکانی جیهان وەرگرتەوە کەشۆڕشی میللی لەوڵاتەی سەرکەوت و مارکۆس و ژنەکەی رایانکرد بۆ ئەمەریکا.. ئێرانیش دوای ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی محەمەد رەزا شای ڕاونا ئینجا توانییان، عێراقیش تا سەدام نەرووخا و لەسێدارادرا شتی واینەکرد.

دوو نمونەی سەرکەوتووی جیهان لەوەرگرتنەوەی پارەی حەواڵەکراو، نمونەی نێجیریا و نمونەی پیڕۆیە.. نێجیریا نەیتوانی داوای یەک فلس لەدونیا بکاتەوە تاوەکو دیکتاتۆری نێجیری "سانی ئەباشا" لە 1998 دا دەماندخوارد کرا و مرد.. لەپیرۆش تاوەکو ئەلبیرتۆ فۆجیمۆری سەرۆکی وڵات لە2005 دا لانەبراو دادگایی نەکراو نەخرایە زیندان و 25 ساڵ حوکم نەدرا، داوای یەک دۆلاری لەبانکەکانی سویسرا نەکرایەوە.

کەی قەت بوە دەستەڵاتدارانی وڵاتێک، داوا لەئەنجومەنی ئاسایش بکەن، ئەو پارانەیان بۆ وەربگرێتەوە کەسیاسیەکانی خۆیان ناردویانەتە دەرەوە؟

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.