تێڕوانینێکم لەسەر وەزعی ئێران

‌توانا عوسمان


وەفدێکی ئەمەریکی تا ئێستا 20 وڵاتی جیهان گەڕاون بۆ ئەوە قەناعەتیان پێبهێنن لەسەری مانگی یانزەوە، هیچیان نەوت لەئێران نەکڕن "سەرچاوە نیویۆڕک تایمز".. ئەجندەی وەفدەکەش ئەوەیە تا 4 مانگی یانزەی ئەمساڵ، فرۆشی ووزەی ئێران لەبازاڕەکانی جیهاندا بگاتە سفر "کەئەمەش مەحاڵە".

چوار وڵاتی جیهانی کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێرانن، چین، هندستان، کۆریای باشوور، ژاپۆن... چین لەهەموویان زیاتر نەوت ئەکڕێت "نزیکەی لە35%ی فرۆشی ئێران".

تا ئێستا چین ڕازی نیە لەمانگی یانزەدا لەسەر داوای تڕەمپ نەوتی ئێرانی نەکڕێت، بەڵام گوایە لەژێرەوە بەڵێنی داوە کە لەو ڕێژەیەی ئێستا زیاتر نەوتی لێنەکڕێت "سەرچاوە بلومبێڕگ".

بەڵام هندستان کەدووەم گەورە کڕیاری نەوتی ئێرانیە، پێدەچێت بەقسەی تڕەمپ بکات چونکە مانگێک زیاترە دەستیکردوە بەکەمکردنەوەی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێرانی "سەرچاوە ڕۆیتەرز".

ژاپۆن و کۆریای باشوریش بەبڕیارەکەی تڕەمپەوە پابەند ئەبن و بایکۆتی کڕینی نەوتی ئێرانی دەکەن.

ڕوسیاش کەنەوت لەئێران ناکڕێت چونکە خۆی گەورە فرۆشیاری نەوتە "رۆژی 10 ملیۆن بەرمیل" دەستبەرداری سەرمایە گوزاری ووزە نابێت لەئێران و کارەکانی ڕۆزنەفت لەئێران پەرەپێدەدات، "ئەمەش لەئێستادا دادی ئێران نادات".

هەرچۆنێک بێت مانگی یانزە گورزێکی ئابوری توند بەر ئێران دەکەوێت، ئەو کورتیەکەشی بەهۆی گەمارۆی سەر ئێرانەوە،
دەکەوێتە بەشە نەوتی بازاڕی جیهانیەوە، محەمەدی بن سەلمانی سعودیە پڕی ئەکاتەوەو نایەڵێت شڵەژانی نرخ لەجیهاندا ڕووبدات "بەڵێنی بەتڕەمپ داوە".

ۆک، ئێران لەئێستاوە تا کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سزاکانی سەری، بەدوو تەکنیک کاردەکات:

یەکەم: عینادی وخۆگرژکردن و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لەناوچەکەدا "فشارکردن لەسەر دروستکردنی حکومەتێکی پڕۆ ئێرانی لەبەغدا و بۆردومان و کوشتنی نەیارەکانی و ڕێگرتن لەهاتوچۆی کەشتی لەگەرووی بابلمەندەب و هەڕەشە لەسەر هورمز و نمایشکردنی یەکەم فرۆکەی ئێرانی "کەوسەر" هەروەها مانۆڕی سەربازی و هتد".

دووەم: هێشتنەوەی تاڵی پەیوەندی بۆ ئەگەری قبوڵکردنی عەرزەکەی ترامپ کە شەوی 30 حوزەیران لەتوویتەر بڵاویکردەوەو داوای دانیشتنی بێ مەرجی کرد لەگەڵ ڕۆحانی.. قبوڵکردنی لەپڕی ئەو عەرزەش، پەیوەستە بەڕادە و توانای رۆحانیەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کۆنتڕۆڵنەکردنی پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئێران لەماوەی کورتی داهاتوودا.



PM:12:39:09/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 2864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی