هەڵبژاردن نەکردن، هەڵە ستراتیجیەکەیە

‌توانا عوسمان


وازهێنان لەهەڵبژاردن "سەرباری هەموو تێبینیەکان لەسەر نەزاهەتی هەڵبژاردن" هەڵەیەکی ستراتیجیە.

کێشەکانی هەرێمی کوردستان تەنها بەهەڵبژادن پاشان بە هەڵبژاردن بەرەو چارەسەر ئەڕوات.

جگە لەهەڵبژاردن بەدیلی ترمان نیە، غەیری هەڵبژاردن و مەساجکردن بۆ ڕاهاتن بە ژیانی دیموکراسی و مەدەنی، ڕێگای تر نیە.

بەدیلی هەڵبژاردن بریتیە لەشەڕ و ڕاپەڕین و پشێوی کەجگە بازنەیەکی تری داخراوی تۆڵە و ململانێی خوێناوی هیچی تری لێبەرهەم نایەت.

دەبێت بیرمان بێت ئەم ئەزموونەی ئێستا، سەرەتا بەڕاپەڕین دەستیپێکردوە و بەشەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوە و دواتر گەیشتووە بەم بنبەستە ئابوری و سیاسیە.. بۆ؟
چونکە دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ، نەماتنوانی بەقووڵی پڕۆڤەی ژیانی دیموکراسی و مەدەنی بکەین و نەپەڕینەوە بۆ ژیانی دامودەزگایی.

ئەگەر وابزانین جارێکی تر بەڕاپەڕین و شەڕێکی تری ناوخۆ، ئەم ئەزموون چاکدەکەینەوە، سەهوین، مانای وایە لە ئاراستەی مێژوو تێنەگەیشتوین و نامانەوێت ئەرکی مەدەنی و دیموکراسی پشوو درێژ مومارەسە بکەین.

ڕاپەڕین و جەولەیەکی تری شەڕی ناوخۆ، جگە لەقووتکردنەوەی باندێکی تری سیاسی و ئەمیری جەنگ کە بۆ پاراستنی دەستەڵاتی خۆیان، دیسانەوە تۆڕێک بەرژەوەندی تر پێکدەهێنن، غەیری ئەوە هیچ لەبەهاو مۆڕاڵی سیاسی و کلتوری و ئابوری کۆمەڵگە ناگۆڕێت.

دەبێت فشاری حیزبەکان، گروپە سیاسیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگە "بەشێوەیەکی مەدەنی" بۆ گەڕانەوە بێت بۆ ژیانی مەدەنی و هەڵبژاردن.


PM:03:29:19/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 1191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی