نـەخێر" ێکی گەورە لەقوڕگێکی نوساودا

‌توانا عوسمان

دوای ئەوەی بارزانی زیرەکانە بابەتی ریفڕاندۆمی فڕێدایە ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمەوە و توانی بابەتە ڕۆژانەییە زەڕوڕەکانی تری هەرێمی "تا ئەم ساتە" بپلیشێنێتەوە، خۆی بوە مایسترۆ و دیمەنی سیاسی هەرێمی کردە کۆڕاڵێک بەڵام کۆڕاڵێک تا بڵێی ناساز بەیەکتر و هەریەک بەدەنگ و ووشەیەکی جیاواز دەخوێنێت.

لەکاتێکدا مایسترۆ خۆی بەدەنگی بەرز هاواری ریفراندۆم دەکات، بەشێک لەحیزبە هاوپەیمانە بچوکەکان لەو بەرزتر دەڵێن بەڵێ و هەندێکیش تا ئەندازەی نەشازی دەڵێت بەڵێ بێئەوەی ئارگومێنتی بۆ بەڵێ کەی پێبێت.

چەند حیزب و لایەنێکیش لەژێر لێوەوە دەڵێن بەڵێ و دەخوازن هەم مایسترۆ ڕازی بکەن و هەم جەماوەریش گوێی لەدەنگیان نەبێت.
لەهەمان کاتدا ژمارەیەک حیزب و گروپی تر دەیانەوێت بڵێن نەخێر و نـە ئێکی گەورە لەقوڕگیاندایە، بەڵام لەبەر ناساغی جەستەی خۆیان قوڕگیان نوساوەو دەنگیان دەرنایەت.

کۆرسەکە کۆرسێکی هەتا بڵێی فاشلە، پڕە لە بەڵێ ی لەرزۆک و نەخێری نوساو، ئەمە جگەلەوەی لەڕاستیدا پێش ئەم سەمفۆنیایە پێویستمان بەژمارەیەک سەمفۆنیای سەرەتایی تر بوو بۆ ڕاهێنانی گوێمان و بۆ سافکردنی میزاج و بەرزکردنەوەی زەوقی مۆسیقیمان.

بەڵام مادام نمایشەکە دەستپێکردوە، بەبۆچوونی من، باشترین چارەسەر بۆ ئەم سەمفۆنیایە ئەوەیە کە کەس شەرم لەبەڵی و نەخێر وتن نەکات.. کاتی ئەوە هاتوە بەڵێ و نەخێرەکان بەجیا دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوەو ئارگومێنتی خۆیان پێشکەش بکەن تا بزانین کامیان مۆسیقی ترن.

پەیجی رۆژنامەنوس توانا عوسمان


PM:07:13:10/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 18674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی