بۆ دەبێت ئێن ئاڕ تی خۆپیشاندانەکانی دژ بە سروە ڕووماڵ بکات؟

‌توانا عوسمان


میدیای راستەقینە لەشوێن و زەمینی کارکردنی خۆیدا، هەموو ئەو ڕووداو و بابەتانە ڕووماڵ دەکات کەپەیوەستن بەدۆخی گشتیەوە و بەهای باسکردنیان تیایە.. بەبێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی ئەو ڕووماڵکردنە لەبەرژەوەندی و کێ و لەقازانجی کێی ترە.

میدیای ڕاستەقینە پێوەری باش و خراپی نییە بۆ پێوانی ڕووداو و بابەتەکان، لەسەر بنەمای قازانج و زەرەریش هەواڵ ناپێوێت.. بەڵکو پێوەری گرنگی و نا گرنگی هەیە و لەسەر بنەمای "بەهای هەواڵیی" ڕووماڵ دەکات، کەئەویش دیسانەوە لەسەر کۆمەڵێک وردە بنەمای تر وەستاوە وەک گەورەیی و فراوانی و نزیکی و تازەیی و کاریگەری و هتد..

(ئێن ئاڕ تی)یش کەخۆی بە میدیای ڕاستەقینە دەزانێت، یان لانی کەم دەخوازێت میدیایەکی ڕاستەقینە بێت، دەبێت هەموو جۆرە ڕووداو و بابەتێک ڕووماڵ و باس بکات ئەگەر تەنانەت پێچەوانەی بەرژەوەندی ئەو لایەن و کەسە بێت کەپشتیوانی دارایی دەکات، کە کۆمپانیای نالیا و خاوەنەکەیەتی.

لەسەر ئەو بنەمایەش، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئێن ئاڕ تی ئەو خۆپیشاندانانەی ڕووماڵکرد کەدژی لێدوانەکانی پەرلەمانتار سروە عەبدولواحید لە هەولێر بەڕێوەچوو کە دەکاتە خوشکی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی کۆمپانیای نالیا.

بەوپێیەشی کە ئەمە یەکەمینجارە لەمیدیای کوردیدا کارێکی پیشەی لەوجۆرە ڕووبدات و میدیایەک بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خاوەکەی، نارەزایی دژی خۆی بەتێروتەسەلی نمایشبکات، بۆیە پێویست دەکات سەرنجی بینەرانی کەناڵەکە و نێوەندی ڕۆژنامەنوسی کوردی بۆ پشتی پەردەی ئەو بڕیارە ڕابکێشین.

هەڵبەت تۆڕی کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی، بەوپێیەی کەتاکە میدیایەکە لەکوردستاندا موڵکی حیزب و بەرپرسی حیزبی نییە، لە شەش ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی ئازادیەکی پیشەیی بەرچاو لە ڕووماڵەکانیدا پیادەبکات.. لەو ماوەیەشدا چەند نارەزایەتیەکی بچوکی خاوەن پشکەکانی پرۆژەی چاڤی لاند نەبێت کەبەشێکی هی خاوەنی کۆمپانیای نالیایە.. هیچ نارەزایەتیەک ڕووبەروی خۆمان نەبووەتەوە کەناچامان بکات بکەوینە گفتوگۆیەکی لەوشێوەیەوە کەخۆپیشاندانەکانی دژی پەرلەمانتار سروە عەبدولواحید بۆی دروستکردین.

ئەگەرچی دەمێکە لەنێوان ئێن ئاڕ تی و کۆمپانیای نالیدا وتووێژ لەسەر یەکتربڕین و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و پرەنسیپەکان هەیە و جاری وایە گفتوگۆی توند و گەرمیشی لێکەوتۆتەوە، هەرچەندە کامێرای ئێن ئاڕ تی لەبەشێک لەو رووداو نارەزایەتیانەشدا بوە کەرووبەروی کۆمپانیای نالیا بۆتەوە و لەبەشێکیشیاندا کە نەبوە لەبەر سەلامەتی گیانی رۆژنامەنوسەکانمانی بووە، بەڵام بێگومان وەک هەموو رچەشکێنیەک، ئەمجارە کارێکی قورسبوو بۆ خاوەنی کەناڵەکە و بۆ ئێمەش کە بڕوا بەخاوەنی کەناڵەکە بهێنین، نارەزایی و خۆپیشاندانێک دژی خانەوادەکەی بگوازینەوە کەتا ئەندازەیەکەی زۆر پڕ بوو لەهێرش و ناوزڕاندندنی ئەخلاقی و شەخسی.

بەڵام زاڵبوونی لۆجیکی گفتوگۆ لەنێوانماندا، هەروەها سووربوونمان لەسەر هێشتنەوەی ئێن ئاڕ تی، لە پێشەنگی میدیای هاوسەنگ و پیشەیی، دواجار گەیاندنییە ئەو بڕوایەی کەدەبێت ئێن ئاڕ تی وەک میدیای ڕاستەقینە هەموو جۆرە ڕووداوێک ڕووماڵ بکات.

بریاری ئێن ئاڕ تی دەربارەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندنەکانی دژ بەپەرلەمانتار سروە عەبدولواحید، دەستکەوتێکی ڕۆژنامەنوسیە هەم بۆ دامەزراوەی میدیایی نالیا، هەم بۆ کایەی ڕۆژنامەنوسی کوردستان.. هیوادارم ئەم ئیرادەیە بچەسپێت و گەشەبکات، بەشێکی ئەم ئەرکەش لای بینەران و هاوڵاتیانی کوردستانە کەئێن ئاڕ تیەکان بەموڵکی کۆپانیای نالیا نەزانن و بەهی خۆیانی بزانن.
توانا عوسمان
سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا


AM:09:17:15/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 10365 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی