گروپی هیوا، هیوایەك بۆ دوژمنانی كورد

‌فەرحان جەوهەر


ئەو گروپە پەرلەمانتارە كوردانەی  لە بەغدا ناویان لە خۆیان ناوە هیوا،  بوونەتە هیوا بۆ ئەو كەس و لایەنانەی كە خەون بە نەمانی هەرێمەوە دەبینن، ئەوان لە شارێك دەوام دەكەن كە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، شەو رۆژ بە چاوی خۆیان دەبینن لە چاو تروكانێكدا بە هەزاران چەكداری حزبی و  بەدەر لە یاساو دەستور بە ناو كوچەو كۆڵانەكانی شار وەردەبن، بەبێ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك نەك بتوانێت رێگریان لێ بكات ، بەڵكو ناتوانن رەخنەشیان لێ بگرن ، چونكە هەر رۆژنامەنووسێك یا چاڵاكێكی مەدەنی ئەو كردارو رەفتارەی ئەو میلیشیانە رەخنە بكات ، رۆژی دواتر تەرمەكەی لە سوچێكی ئەو شارە بە فڕێدراوی دەدۆزنەوە ، بە بەر چاوی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی حكومەت كە جگە لە تویتێك كردن هیچی تریان پێ ناكرێت ، ئەمە و پرسی گەندەڵی و حوكمی میلیشیاو فرۆشتنی پلە و پایەی حكومی و بەرتیل و نەبوونی خزمەتگوزاری و پیس و پۆخڵی لە تێكڕای شارەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیانە هەر مەپرسە لە چ ئاستێكدایە ، سەرباری وەرگرتنی فەرمان و رێنمایی لە دەرەوەی سنوری وڵات .
 
چاوی ئەو گروپە هەموو ئەو وێرانەیە و كارەساتانەی عیراق نابینێ و ئامادەنیین بە وشەیەكیش باسی بكەن ، بەڵام بۆ رووبەروونەوەی هەرێم و قەوارەكەی چەك لە شانن ، ئەوەندە باسی هەرێم بە خرابی دەكەن ، مێدیای میلیشیایەكان شەو رۆژ میوانداریان دەكەن ، بۆ ئەوەی گەندەلی و خراپی خۆیان بۆ دابپۆشن ، شەقامی عەرەبی بە هەرێمەوە خەریك بكەن ، ئێمە ناڵێین هەرێم شامی شەریفە و هیچ كێشەو گرفتی نییە و بێ گەندەڵییە ، بەڵام بۆ هەركەسێكی بەویژدان بێ دەزانی جیاوازی هەرێم و ناوەند لە هەموو روێكەوە بەراوردناكرێ ، سەرە ڕای بڕینی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان ، هەرێم لە هەموو ئاستەكانەوە پێش كەوتووترە . ئەوەی ئەو گروپە دەیكەن ، لە ئاستی رەخنەو رای ئازاد دەرچووە و گەیاندویانەتە ئاستێك هانی ملیشیایەكان دەدەن بەهێز بچنەسەر هەرێم  و قەوارەكەی تێكبدەن ، لە كاتێكدا خۆیان لەبەر هێزی ئەم میلیشیانە ناوێرن یەك رەخە لەو بارودۆخەی عیراق بگرن .

 كردارو لێدوانەكانی ئەو گروپە دژە كوردە لە بەغدا، یەك لە هۆكارە بەهێزەكانە كە وای كردووە لایەنە سیاسیەكانی عیراق لە بەغدا لەگەڵ كورد رێك نەكەون ، چونكە شەقامی عەرەبییان ئەوەندە هانداوە دژی هەرێم حزبەكانی خۆشیان لە ترسی ئەو شەقامە ناتوانن لەگەڵ هەرێم رێك بكەون ، شەقامی عیراقیان وا تێگەیاندووە كە هەژاری ئەوان و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆكارەكەی هەرێمی كوردستانە ، پرسەكانی خۆیان لە بیر بردوونەتەوە و بە گەلی كوردستان و هەرێمەوە سەرقاڵیان كردوونە ، ئەو گروپە هۆكارە ، بوێری ئەوەیان هەبێت داوای هەموو داهات و نەوتی هەرێم بكەن ، پێش پەیدابوونی ئەم گروپە دژە كوردە لە بەغدا ، گفتووگۆیەكان لەگەڵ بەغدا وا زەحمەت نەبوونە ، ئەو دواكاریانەشیان نەبوونە ، بۆیە خەڵكی كوردستان ئەبێ حەقیقەتی ئەم گروپە ئەنتی كوردو كوردستانە باش بزانێت ، كە چەندە لە خزمەتی ئەجێندای نەیارانی كوردن .


AM:11:56:12/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی