خۆهەڵواسینی گۆڕان بە یەكێتیەوە كێشەكانی ئاڵۆزتركردووە

‌فەرحان جەوهەر


دوای ئەوەی گۆڕان لە پەیڕەوكردنی سیاسیانەی خۆی لەگەڵ لایەنەكان بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەبردن جۆرێك فەشەلی هێناوە، ویستی لە ڕێگەی ڕێكکەوتنێكەوە لەگەڵ یەكێتی هەم بۆخۆی شەریك پەیدا بكات، و هەمیش ڕێ لە یەكێتی بگرێت بۆ نزیك بوونەوە لە پارتی، چونكە دەزانێت بە ڕێكکەوتنی پارتی و یەكێتی دەكەوێتەوە پەراوێزەوە، بەڵام دوای نزیك لە ساڵێك، ئەو ڕێكکەوتنەی نێوانیان كراوە بەبێ‌ ئەوەی توانای هیچ گۆڕانكاریەكی هەبێت، لە هاوكێشەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە لە ئەسڵدا ڕێكکەوتنێكی كردەنی نییە، بۆیە تا ئەبەد توانای هیچی نییەو هیچیشی لێ‌ سەوزنابێت، تاكە وەزیفەیەك ببینێت، هێشتنەوەی بارودۆخی هەرێمە بەم شێوەی ئێستا، كەئەمەش ئامانجی گۆڕانە، بەڵام یەكێتی لەوە زیاتر سودی لێ‌ نابینێت، هەرچەندە یەكێتیش ئەو قازانجەی لێبینی كە بە خەڵك نیشانبدات كە گۆڕان لە سیاسەتدا خاوەن هیچ پڕەنسیپێك نییەو ئەو قسانەی دەیكات، جگەلە دروشم هیچی تر نین، ئەگەرنا چۆن دوای ئەو هەموو دروشم و گوتارانەی لە بارەی چاكسازی و كەندەڵی  لە دژی یەكێتی جارێكی تر خۆی بە یەكێتیەوە هەڵواسیوە.

ڕێگەچارەی كردەنی و عەقلانی ئەوەیە جارێكی تر پارتی و یەكێتی بە شێوازێكی نوێ‌ و جیا لە پێشوو، ڕێكکەوتنێك بۆ چارەسەری كۆی كێشەكانی هەرێم ئەنجام بدەن، چونكە بارودۆخەكە سەلماندی هێشتا هەرێم پێویستی  بە ڕێكکەوتنی پارتی و یەكێتییە، بەتایبەتی دوای موسل و سوریا، ڕەنگە جۆرێك لە گۆڕانكاری بێتە ئاراوە ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوەبن، بەقازانجی گەلی كوردستان دەیشكێننەوە، ئەمە مانای وانییە لایەنەكانی تر لە حوكمڕانی و شەریكایەتی بێبەش بكەن، بەڵام ناشبێت چیتر بەدیار مەرجەكانی گۆڕانەوە دانیشن و بارودۆخەكە هەر وەك خۆی بێت، ڕەنگە ئەوەی یەكێتی لە وەها ڕێكکەوتنێك دوربخاتەوە دوو هۆكاربن، یەكیان ترسیان لە گۆڕان هەبێت نەبادە شەقامی سلێمانیان لێ‌ هانبدەن، دووەمیان ناكۆكییەكانی ناوخۆیانە كە ڕەنگە ڕێگری بكات لە هەنگاوە، بەڵام من دڵنیام گۆڕان هیچی لە دژی یەكێتی لەسەر ئاستی شەقام پێناكرێت‌، چونكە شەقامیش لەوە تێگەیشت كە ئەوەی گۆڕان دەیڵێت و لە ڕابردوو گوتوویەتی جگە لە دروشم هیچی تر نەبووە، ئێستاش عەوداڵی ناو حكوموتە و ناكشێتەوە، بۆیە ڕایەكانی تارادەیەكی زۆر لە ناو خودی شەقامی سلێمانیش كاڵ بوونەتەوە، چونكە ئەزموونی ئەوانیشان بینی جیاوازی نەبوو، سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆشیان دڵنیام ناكۆكییەكانیان كەمتر دەبنەوە، چونكە بەئەزموون سەلمێندراوە تا ئەو كاتەی یەكێتی لە پارتی نزیك بوبێت بارودۆخی یەكێتی و شاری سلێمانی و كوردستان زۆرلە ئێستا باشتر بووە.

بەشێكی زۆر لەسەركردەكانی یەكێتی و پارتیش ڕەنگە گەیشتبنە ئەو بڕوایە كە ئیدارەدان و پاراستنی كوردستان تەنها و تەنها بەو دوو هێزە دەكرێت‌، ڕاستە لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی موزایەداتی كۆمەڵێك سیاسی هەرزەكارلە ناو هەموو لایەنەكان بەتایبەتی لە ناو گۆڕان ویەكێتی باروودۆخەكەیان گەیاندە ئەو رۆژە و ئەوەی زەرەرمەندیش بوو تەنها گەلی كوردستان و مەسەلە ڕەوایەكەی بوو، بۆیە واقعی سیاسی ئێستای هەرێم و عێراق و ناوچەكەش بەگشتی ئەوە لە هەردوو هێزە سەرەكیەكە دەخوازێت پێكەوەبن، كێشەكان و تەحدایەكان لەبەردەم هەرێم زۆرن و گەورەن، بە گوتارو بڕیاری زۆرینە چارەسەر نابن، پارتی و یەكێتی و ئیسلامییەكان ئەبێت لەم بارودۆخەدا هاوكاری سەرۆك بارزانی بن، بۆ هێنانەدی خەونی سەرۆك كە دواجار خەونی هەموو گەلی كوردستانە، لایەنە سیاسیەكان ئەبێت ئەو هەنگاوە بنێن چی دیكە بارزانی سەرۆك وەك بەشێك لە ململانێی حزبی ناوخۆ سەیرنەكەن، بەڵكو ئەو لەسەروی هەموو ناكۆكیەكانیانەوە ببینن.


AM:11:42:22/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3238 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی