ڕق لە پارتی؛ به‌ڵام بۆ ڕق لە نەتەوە و نیشتمان

‌فەرحان جەوهەر

ناکۆکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خەریکە ھەموو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەھایەکی سیاسی و ئەخلاقی تێدەپەڕێنێت. ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆنەوە تا بە ئێستا دەگات بەردەوام بووە. بەڵام ھیچ کاتێک وەک ئێستا تەنانەت لە سەردەمانی شەڕی ناوخۆیشدا وەک ئێستا نەگەیشتووه‌تە ئەو ڕادەیەی لایەنێکی سیاسی بەھۆی ناکۆکییەکانیەوە لەگەڵ لایەنێکی تردا، بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی وا کەم نرخ بکات و لەبەردەم نەتەوەیەکی تردا، کە بە دریژاییی مێژوو نەتەوەکەی خۆی جینۆساید و نیشتمانەکەشی داگیر کردووە، بچەمێتەوە.

بەڵێ بۆ جیاوازیی بیروڕای سیاسی، بەڵێ بۆ جیاوازیی ئایدۆلۆژی، بەڵێ بۆ ھەموو جۆرە جیاوازییەک، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی نیشتمان و بەھا بەرزەکانی. ھیچ بیر و باوەڕێک و ھیچ جۆرە پاساوێکی سیاسی و ئەخلاقی لە سەروی نیشتمان و بەھاکانییەوە نییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت و دەیبینین، ناکۆکییە سیاسییەکان ئەو چوارچێوەیان تێپەڕاندووە. وای لێھاتووە نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان، بە ئاشکرا و لەبەردەم میدیای عەرەب و جیھاندا بڵێت: فەرماندەیەکی پێشمەرگەی نەتەوەکەی خۆی ھەڵساوە بە ڕاگوازتن و دەرکردن، کە ماوەی نزیکە سەدەیەکە ھەمان ئەو نەتەوەیە ھەڵساوە بە داگیرکردن و ئەنفالکردنی نەتەوەکەی خۆی و خاکەکەی و ھەزاران ڕۆڵەی کوردستان بوونەتە قوربانی بۆ ڕزگاری ئەو خاکەی ئەو پێی دەڵێت ڕاگوازتن و دەرکردن.

ناکۆکیتان لەگەڵ پارتی ئاساییە، بەڵام بگاتە ئەو ئاستەی بەھۆی ڕقتان لە پارتی ڕقتان لە نیشتمان و نەتەوەش بێت، ئاسایی نییە و جۆریکە لە ئینتیحاری سیاسیتان.


PM:07:55:10/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 3461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی