ئەو ھەرێمە راپرسی ناکات

‌ سالار مه‌حمود


ھیلاک بووین ئەوەندە راپرسی بکەین!. ئەمە وتەی یەکێک لەھاووڵاتیانی سکۆتلەندیە،  دوای ئەوەی بەریتانیا راپرسی بۆ جیابوونەوە لەیەکێتی ئەوروپا کرد، لەو راپرسیەدا زۆرینەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی سکۆتلەند دەنگیاندا بۆ مانەوە لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام دەنگدانی گشتی مەملەکەتی یەکگرتوو زۆرینە بۆ جیابوونەوە یەکلابووەتەوە.

لەماوەی رابردووشدا بۆ جیابوونەوە لەبەریتانیا ئەو ھەرێمە راپرسی کرد، بەڵام زۆرینەی ھاونیشتمانیەکانی دەنگیاندا بۆ مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا. ئێستا بەریتانیا بۆ جیابوونەوەی کرداریی لەیەکێتی ئەوروپا رۆژ بەڕێ دەکات.
ھەرێمی سکۆتلەندەش تووشی مشتومڕێکی ئاڵوزی سیاسی و دیموکراسی بووەتەوە، چونکە بەرژەوەندی ئابووریی خۆیان لەچوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا زۆرتر دەبیننەوە لەجیاتی دابڕان. ئەو بڕیارەی بەریتانیاش دەنگی جیابوونەوە خوازانی لەھەرێمەکەدا زیاتر کردوە.
لەم ماوە کورتەدا سکوتلەند دوو راپرسی کرد، یەکەمیان لە ٢٠١٤ بۆ جیابوونەوە لەبەریتانیا بەرێژەی ٥٥%ی دەنگدەران لەگەڵی نەبوون جیاببنەوەو، مانەوەیان ھەڵبژارد. لە راپرسی ٢٣ی حوزەریرانی ٢٠١٦ شدا بە رێژەی ٦٢%ی ھەرێمەکە دەنگیدا بەمانەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئاکامەکە بەویستی زۆرینەی سکوتلەندیەکان دەرنەچوو.
لە کاردانەوە گەورەکەی سکوتلەندیەکان ئەوە بوو نیکولا ستورجون سەرۆک وەزیران وەک پیشاندانی نیگەرانی بۆ ئەنجامە گشتیەکە ئاڵای یەکێتی ئەوروپای بەدەستەوە بینرا.

سکوتلەندیەکان دەڵێن بڕیارەکە دیموکراسییانەیەو، پێویستە رێزی لێبگیرێت، بەڵام بۆ ھەرێمەکەش رێزگرتنی دیموکراسییانە پێویستە، چونکە لە چوارچێوەی ھەرێمەکەدا زۆرینە دەنگیان بۆ مانەوە لەیەکێتی ئەوروپاداوە! ئەی ئەمەیان چی؟ چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟.
لە ئاستی ناوخۆیی سکوتلەند باسی پرۆژەیەکی یاسایی دەکرێت بۆ چۆنێتی راپرسییکردن لەسەر بڕیاری مانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەورپاو سەربەخۆیی و جیابوونەوە لەبەریتانیای یەکگرتوو، بەڵام راپرسیی لەناو خەڵک نا، ئەو پێنج ملیۆن ھاووڵاتیەیان چیتر ماندوو ناکەن، بەڵکو ھەوڵ دەدەن دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی کۆبکرێتەوەو لەڕێگەی نوێنەرانی خەڵکەوە بڕیاری سەربەخۆیی بدەن.
لەئاستی دەرەوەشدا حکومەت و پەرلەمانتارانی ھەرێمەکە دەستپێکێکی دیبلۆماسییان دەستپێکردوە بۆ زامنکردنی پێگەیان لەچوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا.

لەم سۆنگەیەوە مەبەستمە بێمەوە سەر ھەرێمی کوردستان، لە ئاستی عیراقدا ئومێدێک بۆ پێکەوە ژیان و پێکەوە مانەوە بەدی ناکرێت، تابێت ئاڵۆزییەکان و درزی نێوان ھەرێم و حکومەتی ئیتحادی زۆرتر دەبن.
لەئاستی ناوخۆیی ھەرێمدا دروشمێکی زۆری بێ کردار سەبارەت بەسەربەخۆیی و راپرسیکردن ھەیە. لە پاڵ ئەمەشدا لایەنە سیاسیەکان ھەموو خەڵکیان ماندووکردوە بەڕێزنەگرتن لەیاساو دامەزراوەکان.
لەئاستی دەرەوەشدا ھیچ مانۆڕو جەولەیەکی دیبلۆماسیی بۆ پشتیوانی پەیداکردن لەنیازی راپرسیی بۆ سەربەخۆیی بەدیناکرێت، ھەموو سەرکردەکان خۆیان لەچواردیواری خۆدا حەشارداوەو خۆریش نابینن!.


AM:12:20:01/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 4482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی