ژیان لە دووتوێی ئەشکەنجەدا

‌ سالار مه‌حمود


لە رۆژی پاڵپشتیکردنی قوربانیانی ئەشکەنجەوە، بڕوانینە واقیعی مرۆڤی کوردستانی بڕوانینە کۆمەڵی کوردەواریی کۆمەڵێک، مرۆڤگەلێکی قوربانین.. قوربانی دەستی سیستەمی جەلاد و کارەکتەری جەلاد.  بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی و پێناسەی ئەشکەنجە کردەکە خراوەتە پاڵ دەوڵەت. بەعس لەکوردستان و عیراقدا دونیایەک لە شێوازی ئەشکەنجەی دژی مرۆڤی کورد بەکارھێناوە. ھێشتا چیرۆکەکانی ئەشکەنجەو زیندانەکان تۆمارو یاداشت نەکراون وەک بەشێک لەمێژووی ئەشکەنجەو قورانیدانی مرۆڤ.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٧دا رۆژی ٢٦-٦-ی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشکەنجە دیاریکردوە. لەناو پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیەکاندا رێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە ھەیە، چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی ھەن پابەندبێتی دەوڵەتان دەکەن بە ڕێزگرتن لە مرۆڤ و کارکردن بۆ رێگریکردن لە ئەشکەنجە. سەرباری ئەمانە ھێشتا جیھانی مرۆڤایەتی پڕە لە ئەشکەنجە.

لە عیراقدا لەدوای کەوتنی رژێمی بەعس ھێشتا کار نەکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەشکەنجە، ھێشتا ھوشیاریەکی گشتی بۆ مەترسی و ئاسەوارەکانی ئەکشەنجە بۆ سەر خێزان و نەوەکان نەکراوە. ھێشتا بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لەکیسەکانی جینۆسایدی کورددا وەک خۆی جێبەجیچنەکراون.

جەلاد رۆیشت بەڵام رۆحیەتی جەلاد لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا ھێشتا زیندوە، بەداخەوە رۆحیەتی جەلاد چووتە پێستی ھەندێک لە قوربانیەکانیشەوە، دەبینین رەفتار جەلاد لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەدیدەکرێت و ھەیە..
ئێوارەی ٢٦-٦- و لە ئەمنە سوورەکە لە رێگەی دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشداری چالاکیەک بۆ وەبیرھێنانەوەی ئەو رۆژەو گوێگرتن لە بەسەر ھاتی چەند قوربانیەکی ئەشکەنجە بووین.. رۆڵی دەزگای ژیان لەم پرس و پێناوەدا بەرز دەنرخێنم ساڵانێکە لە نزیکەوە ئاگاداری کارو پاڵپشتیەکانیانم بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە. لەو دیبەیتەدا جارێکی تر، لە سیاقی بەبیرھێنانەوەی ئەم رۆژە جیھانیەدا، تیشکخرایە سەر مەترسیە گەورەکان و ئەو بێباکیەی کە ھەیە لە ئاست پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافی مرۆڤ. بەبەرچاوی دونیاوە کۆمەڵی مرۆڤایەتی تووشی چەندەھا جۆری شەڕو ماڵوێانی و کوشتار بۆتەوەو بەرژەوەندیەکان خەمساردیەکی گەورەی لە ئاستی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا دروستکردوە.

کوردستان پڕە لە ئاسەوارەکانی ئەشکەنجەو پڕە لە قوربانیانی ئەشکەنجە. چەندین یاسای گرنگ لە پەرلەمانی کوردستانەوە لەبەرژەوەندی قوربانیانی ئەشکەنجە دەرکراونو حکومەت جێبەجێی نەکردوون، نەک لەسەردەمی قەیراندا بەڵکو پێش ئەوەش بە سیستماتیک کار لە سەر شیاندنی قوربانیانی ئەشکەنجە نەکراوەتەوە. یاسای زیندانە سیاسیەکان و یاسای قەرەبووی راگیراوانی بێپاساوی یاسایی و یاسای توندوتیژیی خێزانی و، چەندین بڕیاری تر ھاوشێوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای توانەکانی عیراق لەکەیسی ئەنفال و ھەڵەبجەو جینۆسایدەکانی تردا فشار نەکراوە بەغدا پابەند بێت بەجێبەجێکردنیانەوە..

لە ئاستێکی تردا کە پەرلەمان کەوتەوە سەر کاروبارەکانی پێویستە لەدەستوردا ئەو یاسانێودەوڵەتیانەو پرۆتۆکۆڵە جیھانیانە ھاوشێوەی یاسا نیشتمانیەکان دانێت لە بەندی مافەکاندا، یان ئەو پرۆتۆکۆڵانەی ھەیە ھاوشێوەیان بە رێکاری یاسایی بکاتە یاساو بڕیارو دەسەڵاتە گشتیەکانی پێوە پابەند بکات، چونکە ھێشتا ماکی ئەشکەنجە لەناو کۆمەڵگای ئێمەشدا ھەیەو قوربانی زۆرجار لەمێژوودا لاسایی جەلادەی خۆی کردوەتەوە لە زەمەنێکی تردا، لەبەر ئەوە بە یاسا رێگەگرتن لەم مەترسیە پێویستە..

پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لەم کەیسەدا ئاگایی زیاترو چالاکی زیاتریان ھەبێت بۆ کاری ھاوبەش و ھوشیاریی لە بارەی پاڵَپشتی قوربانیانی ئەشکەنجە، دەزگای ژیان نمونەیەکی چالاکە لەم پرسەداو رۆڵیان جێگای نرخاندنە..


PM:08:47:27/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4681 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی