کورد و کۆدی پەرلەمانی ئەوروپا

‌ سالار مه‌حمود

تێنەگەیشتنە لە دونیای سیاسەت ئەگەر هەبێ پێی وابێ پەرلەمانی ئەوروپا کاریگەری لەسەر ئاراستەی رووداوەکانی نەک ئەوروپا بەڵکو جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نەبێ. لە جیهاندا چەند ناوەندێکی گرنگ هەن وەک مەتبەخ نەخشە رێگاو ئاراستەی رووداوو چۆنێتی روودانیان تێیدا گەڵالە دەرکرێ. پەرلەمانی ئەوروپا دامەزراوەیەکی پەرلەمانیی راستەوخۆ هەڵبژێراوە، باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانیشە لە یەکێتی ئەوروپا.. لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو جار بەشداری دوو کۆنفرانسم کردوە تایبەت بەکوردو لەپەراوێزیشدا چاوم کەوتووە بە کاربەدەستان. بۆ هەردوو جارو بەتایبەتیش ئەم جارەیان کە لە کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداریم کرد.  ئەم تێگەیشتنەم لا زیاتر چەسپی.

یەکەم: ئەو لایەنانەی لە پەرلەمانی ئەوروپان کاتێک لە ئۆپۆزسیۆنن پشتیوانی راستەوخۆ و هاودەنگی دەردەبڕن بۆ مافی گەلانی مافخوراو سەربەستانەتر دەنگ هەڵدەبڕن و بەدەنگەوە هاتنیان هەیە. کاتێک دەگەنە دەسەڵات " موحافیزکار"انە. لەسەر پرسەکان بۆچوون و هەڵوێستەکانی خۆیان دەردەبڕن. ئەمەم لەدیداری کاربەدەستانی هەردوو بلۆک بینیوە.

دووەم: سەبارەت بە کێشە بونیادیەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی رووداوەکان و تا ئاستێک میکانیزمەکانی چارەسەریش ئەوان بە ئاگان و تەنانەت لە وردودرشتی کێشەکان تێگەیشتوون. چونکە کوردستان بە رووی دەرەوەی خۆیدا وەک شوشەیەکی روونە. سنورەکانی کراوەن بۆ هەموو لایەک بەس بۆخۆی و لەناوخۆیدا بازگەو سنوربەندی زۆرە. ئەوان بۆ دەوڵەمەندکردنی بۆچونەکانیان لەسەر دۆخی ئێمە جارجار بەچیرۆکی (کەرەکەی مەلای مەشهورە) راکانی خۆیان دەخەنە روو!

ئەمەش واتای تێگەیشتنی ئەوان لە سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای ئێمە، گەرچی بۆ کورد ئیتر درەنگ درەنگە بۆ نەناسینی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای رۆژئاوایی.

سێیەم: ئەوان لەوە تێگەیشتوون چارەسەری مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی کلیلییە بۆ دەستپێکی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەری بەشێکی گرنگ لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی ناسیۆنالیستی لە تورکیاو ئێران و عەرەب ( عێراق و سوریا) گرفتە عوقدەییەکەی بەردەم چارەسەری مەسەلەی کوردە. هەربۆیە بۆ نەگەیشتن بەو ئامانجە سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە هاوبەشیەکی مێژوویە لای نەتەوەکانی سەردەست و کورد خۆیشی لەمە زوو ترازاوە.

چوارەم: پەرلەمانی ئەوروپاش کۆدو کلیلی خۆی هەیە بۆ دانانی کاریگەریی و دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش. وەکو کوردێک پێم وایە کردنەوەی ئەو کۆدە ئاسانە بەو مەرجەی بە کردار کورد خۆی بیەوێ پشتیوانی رۆژئاواو ناوەندێکی وەک پەرلەمانی ئەوروپا پەیدا بکات.ئەویش:

أ_ لەناوخۆدا سیاسەتێکی نیشتمانی پەیڕەو بکات لە رێگەی دامەزراوەی شەرعی و فەرمییەوە. مەلەفی پەیوەندیەکان لە جیاتی کەسی و بنەماڵەیی یا بەناو ( حزبی) بە نیشتمانی واتە بە دامەزراوەیی بکرێ.
ب_ خۆ گونجاندن لەگەڵ پرەنسیپە گەردونییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان. ئەم بابەتە ناسنامەی نوێی کورد دیاری دەکات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کورد خۆی حوکمڕانی دەکات پرسی داد پەروەریی و ئازادیە سیاسی و مەدەنییەکان و رەوشی مافەکانی مرۆڤ! تێگەیشتن لەم پرسە ستراتیژییە دەربازی دەکات لەدروشمەوە بۆ کردار. ئەم ئەرکە گۆڕانکاریی ریشەیی گەرەکە، ئەستەمە بەم کاستە حوکمڕانە تەقلیدیەو بەم مۆدێلە حزبییە دواکەوتووە بکرێ.

ج_ لە رێگەی پشتیوانی رەوەندی کوردیی و ئەکادیمیست پسپۆڕەکانی کورد لە زانکۆکانی دونیا کە زۆرمان هەیە، بەسانایی دەتوانرێ زمانی هاوبەش بۆ کردنەوەی کۆد لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا دروست بکرێت. چونکە ئەو ناوەندانە پشت دەبەستن بە رای غەیریی ساسەتوان و پەرلەمانتارو دیپلۆماتەکان. چ لە رێگەی توێژینەوەبێ یان دیداری راستەوخۆو ناراستەوخۆوە بێ. ئەمەش بۆ هەردوو لا واتە بەشداری پێکردنی ئەوانی تریش لەناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار، کورد هێشتا ئەم بابەتەی بەهەند وەرنەگرتووە. زمانی هاوبەش بریتیە لەو زمانەی کە بەبڕواوە لەسەر پرەنسیپە جیهانییە هاوبەشەکان دەوەستێ، بەداخەوە کاک مەسعود لەم ناوەندە بە زمانێکی تر لەسەر پرسی چارەنووس کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان.

د_ رووداوەکانی ئەم دواییە دەریخست پەیوەندی نێودەوڵەتی چەند گرنگەو ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا لەم مەلەفە لە باشوری کوردستان کراوە تەنیا هاتوچۆیەکی بێ کۆنووس و بێ پرۆتۆکول و نافەرمیی بووە. حساب نەکردنیش بۆ ئەم ناوەندانە باجەکەی گرانەو بۆ کورد ئەرکە، خەباتە، کارە، گەر بتوانێ دانەبڕێ لە دونیا بەتایبەتی ئەوروپا.
ئاکام کورد هەم پێویستی بەتێگەیشتنی وردە لە کاری دیبلۆماسیی و لۆبیکردن و هێشتا دەرفەتی زێڕینی لەبەردەستە بۆ پەیداکردنی پشتیوانی و دیموکراتیزەکردن. بەتایبەتی ئەمڕۆ لەپاڵ ئەزموونی پڕ قەیرانی باشووردا ئەزموونی نوێی درەوشاوەی رۆژئاواشمان هەیە.


PM:07:00:18/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 595 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی