ئاشتی هەورامی دەهێنرێتە پەرلەمان

‌ سالار مه‌حمود

سەرۆکایەتی حکومەت لەبەردەم تاقیکردنەوەدان ئایا رێز لەیاساو ئیرادەی پەرلەمان دەگرن و ئاشتی هەورامی دەهێنرێتە پەرلەمان یاخود هەر وەکو رابردوو حکومەت مل نادا بۆ ئیرادەی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و بەڕێکاری یاسایی رۆژی ۲٦/۱۱/۲٠۱۷ لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بە واژۆی ۲٤ پەرلەمانتاری کوردستان داوا کراوە وەزیری سامانە سروشتیەکان لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبێ بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمان لە ناشەفافیەتی پرۆسەی نەوتی و چارەنووسی گرێبەستەکانی نەوت دەکرێ ئەو وڵامەش بداتەوە کە لەماوەی ئەو ٦۷ رۆژەدا چیکردوە لەو سەردانە فەرمیەیدا کە وەزارەتەکەی رایگەیاندوە لەسەفەری فەرمی بووە.

ئەو پارەیەی پێشوەخت لە فرۆشی نەوت وەرگیراوە لە کام کۆمپانیا وەگیراوە چی لێهاتوە؟ گەر سەرفکراوە چۆن؟

۲٥٠ هەزار نەوتی رۆژانەی هەرێم چۆن و بەکێ و بە چ میکانیزمێک دەفرۆشرێ؟

قەرزی کۆمپانیان لە کوێ و چۆن دەدرێتەوە؟

ئەم پرسیارانەو چەندینی تر کەهێشتا لای پەرلەمان و خەڵکی کوردستان نادیارو بێ وڵامن.

بۆچی وەزارەت لەمانگی ئەیلولی ۲٠۱٦ەوە راپۆرتی مانگانەی لەسەر فرۆش و داهاتی نەوت بڵانەکردۆتەوە؟ بۆچی هیچ زانیاریەک نادەن بەپەرلەمان و بەشاراوەیی ماونەتەوە؟

ئەگەر وەزیری سامانە سروشتیەکان وڵامی بڕوا هێنەری نەدایەوە ئەوکاتە دەتوانرێت بابەتی متمانە لێوەرگرتنەوەی بخرێتە دەنگدانەوە کە لە راستیدا بەپێی ئەو دیکۆمێنتانەی لەبەردەستی پەرلەمانتارانن  و هێشتا بۆ رای گشتی وردەکاریەکانی روون نەکراوەتەوەو چاوەڕوانین لەبەردەم پەرلەماندا ئاراستەی بکەین بەو دەلیلانە ئاشتی هەورامی شایستەی متمانە لێسەندنەوەیە.


PM:08:46:05/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی