پسا

‌ئازاد جوندیانی‌

پەرەسەندنە سیاسیەکانی بەغدا، کە ئەمڕۆ بە کەرت بوونی پەرلەمانی عیراق گەیشتە ئاستێکی ئەوتۆ کە پێکەوە گرێدانەوەی زنجیرە پساوەکە کارێکی ئاسان نابێ ، نەک تەنیا بۆ عیراقیەکان خۆیان، بەڵکو بۆ ئەمریکاو ئێرانیش کارێکی ئاسان نابێ .

مانای وایە کە ئەوسیستم و میکانیزمەی سیانزە ساڵە کاری پێ ئەکرێ و کاری بۆ ئەکرێ ، گەیشتە کۆتایی خۆی . دیسانەوە ئەمەش مانای وایە کە عیراقی ئێوارەی چواردەی نیسان هی سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ نییە . بەڵام مانای وانیە کە ئیتر ئەمریکاو ئێران لێی ئەکشێنەوەو چاوەڕێ ئەکەن تا بزانن ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو کوێ ئەڕوا ، چونکە عیراق بۆ هەریەکە لەو دوو دەوڵەتە ئەڵقەیەکە زۆر ئەڵقەی تری پێوە بەستراون، ڕەنگە ئەو لایەنە دەولیەی کە جارێ تا کامڵ بوونی پەرت بوونی لایەنە عیراقیەکان تەماشا کەر بێ ڕوسیا بێ . بێگومان کورد گوشاری ئەکەوێتە سەر بەتایبەت لەلایەن هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا ، بە تایبەت ئێران کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ پارچەبوونی عیراقدا نییە ، پێشبینی کردنی جۆری ئەو گوشارانەی ئەخرێنە سەر کوردستان ئاسان نییە ، بەڵام وای بۆ ئەچم گوشارەکان ئاوێتەبن بە بەڵێنیش ، چونکە چیتر وەک جاری جاران کورد ژمارەیەکی سادە نیە .


ئایا کورد چاوەڕوانیێکی پاسیڤی دەرکەوتنی هێندێ لێکەوتەی کاریگەری ڕووداوەکان ئەکا، یان بەشێوەیەکی ئەکتیڤ چاوەڕوان ئەبێ ؟ من لایەنگری چاوەڕوانیێکی ئەکتیفم ، بەو مانایەی کاربۆ ئەجێندای سەربەخۆییش بکا و هاوکات بنمیچێکی دیاریکراوی هەبێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گوشارانەی لە ناوچەکەو جیهانیش ئەخرێنە سەری .


PM:09:43:15/04/2016

ئه‌م بابه‌ته 2821 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی