بەغدا سەروەش بووە !

‌ئازاد جوندیانی‌

بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەڵمەتێکی توندووتیژی دامەزراوەو کەسایەتیە فەرمیەکانی "عیراق و تورکیا و ئێران" لەدژی پڕۆسەکە دەستی پێکردبوو، ئێستاش چڕوپڕتر بەردەوامەو گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی عیراق زنجیرەیەک بڕیار لەدژی کوردستان دەربکاو لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستانیش لەهەردوو دیوی ئێران و تورکیا هەڕەشەو گوڕەشە دەکاو مانۆری سەربازیش ئەنجام ئەدات.

بەپێی بڕیارێکی بەغداش فڕۆکەخانەکانی کوردستان لەبەردەم گەشتەکاندا داخراون. ئەم هات و هاوارو ئیجرائاتە نا دەستوری نایاساییانەی بەغدا کە بەدەست لەپشتدانی تاران و ئەنقەرەو دیمەشق ئەیکا، هات و هاوارێکی ناراستەو ناتوانێ هیچ لەدۆخەکە بگۆڕێ، بەتایبەت کە ئێمە پێش ریفراندۆمیش چاوەڕوانی هەڕەشەو گوڕەشەو هێندێک ئیجرائاتمان ئەکرد.

من ڕووی قسەم لەوان نیە، چونکە ئەوان سەروەش بوون و پێیان وابوو کە لەسەد ساڵی رابردوودا ئەوان بەسیاسەتە شۆڤێنی و دکتاتۆری و دڕندانەکانیان، هێندە کوردیان ترساوو دەستەمۆ کردووە، هێندە هێڵی سووری نابێ و ناکرێیان بەدەوردا کێشاوە کە کورد ناتوانێ هیچ بکاو هەمیشە دواجار بەهەر جۆرێک بێ خۆی بەدەستەوە ئەدات و ئەوە قبوڵ ئەکا کەئەو وڵاتانە ئەیانەوێ، وردتر بڵێم ئەوان پێیانوابوو کورد برا بچوک و کۆیلە هەمیشە گوێڕایەڵەکەیەو لەقسەی ئەوان دەرناچێ و بەرژەوەندی ئەوان لەپشت هەر دەستەواژەو بیانوێک بێت ئەخەنە سەرووی بەرژەوەندی کورد خۆی و کورد وتەنی کوڕی خۆی ئەکاتە قوربانی کچی عالەم ( لەگەڵ تێنینیم لەسەر ئەو ئیدیۆمە کوردیە )، کەچی بینیان وانەبوو، چاوەڕوانی ئەوان وەک ئەیانەویست وادەرنەچوو، ریفراندۆمی کردو ئیستاش چاوەڕوانی دانوستانە لەگەڵ بەغدا لەبارەی سەربەخۆیی بەشێوەیەکی ئاشتیانەو دۆستانە.

بۆیە ئەتوانین بڵێین کەبەغداو سێ پایتەختەکەی تر لەوە گەیشتوون کە رەوتی سەربەخۆیی تادێ رژدتر ئەبێت و وەک ستراتیژێک گەڕاوە دواوەی بۆ نیە، بۆیە سیاسەتی هەڵەو هەڵەشەیان گرتۆتە بەر بەو هیوایەی کورد بترسێنن و لە ئامانجی ریفراندۆمەکە پاشگەزی بکەنەوە، مەنتقی دروست بۆ بەغدا بەتایبەت ئەوەیە کە لەگەڵ کورد بکەوێتە گفتوگۆ سەبارەت بە بنیاتنانی هاوسێیەتیەکی باش و بەکەڵک بۆهەردوولا، نەک بەردەوام بوون لەسەر چاووڕاوو هەڕەشە وخۆبەپشت ئەستوور زان بەهۆی تاران و ئەنقەڕە، چونکە دواجار ئەو خۆتەسلیمکردنەی بەغدا بەو دوو وڵاتە، ئەنجامەکانی وەک هەمان خۆبەدەستەوەدانەکەی سەددام ئەبێ بەئێرانی سەردەمی شا. 

رووی دەمم ئەکەمە گەلەکەم و داوایان لێئەکەم بە گەف و چاو سوورکردنەوەکانی بەغداو ئەوانی تریش بەهیچ جۆرێک هەراسان نەبن، چونکە ئەوەی ئەوان زادەی ترسییانە لەکوردو ریفراندۆم ولێکەوتە مەزنەکانی .


PM:11:37:30/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 7618 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی