ڕیفراندۆم .... بەرەو پێشەوەچوونە مەزنەکە

‌ئازاد جوندیانی‌


ئەو کۆبوونەوەیەی چوارشەممەی ڕابردوو بەبەشداری زۆرینەی حزبەکانی کوردستان ئەنجامدراو ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تیایدا دەست نیشان کرا، بەکۆبوونەوەیەکی مێژوویی ئەزانم، چونکە ئیتر مەسەلەی ڕیفراندۆمی لە دوڕیانی کردن و نەکردن، بەئاراستەی ئەنجامدان دەربازکرد.

گرنگی دوەمیشی ئەوەیە کە لایەنە بەشدارەکان نوێنەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان و هەروا نوێنەرایەتی ڕەوت و ئاراستە علمانی و ئیسلامی و کریستانیەکانیان ئەکرد، بەلای منەوە گرنگی هەرە بەرچاوی کۆبوونەوەکە و بڕیارە سەرەکیەکەی ئەوەبوو، کە ئەولەویەتی ئەم قۆناخەی کوردستانی ساغ کردەوە، بەوەی کە وێڕای هەبوونی کێشەو قەیرانی جدیش، کەئەبێ بەقەدەر جدیەتی کێشەکان کاربۆچارەسەریان بکرێ، مەسەلەی ڕیفراندۆم وەک هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتی بۆسەربەخۆیی لەگێژەنی ئاڵۆزکانی ڕیزبەندییەکان قورتار بوو.

ئەزانم کەهێشتا ناڕەزایەتی و سەرنج و سیاسەتی پێچەوانە هەن و کەم و زۆر، نەرم یان ڕەق تەعبیر لە ناڕازی بوون و ناکۆک بوون لەگەڵ ستراتیژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی ئەکەن، هەرچەندە منیش و سەدان هەزارو بگرە بە ملیۆنانیش لەگەڵ ئەوناڕازی بوونەدانین، جا بەهەر بیانوو پاساوێک بێت و هەر لەڕوانگەی پەرۆشیش بۆ ئەوکەس و لایەنانە و پەرۆشی بۆ ئەودەرفەتەی بۆ بونیاد نانەوەی یەکڕیزی ڕەخساوە، داویان لێ ئەکەم، ناڕازیبوونیان بگۆڕن بە ڕازیبوون و لەناو بەرەکەدا کاربۆ بۆچونەکانیان بکەن و بڕوابەوەبێنن، کە ئەولەیەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە و بیخەنە دەرەوەی گەمەسیاسیەکانەوە.

لێرەدا وەختییەتی کە ڕووناکبیرانی هەردوو بەرەکە و هەروا نوخبەسیاسییەکانی هەردوو بەرەکە، لەسەر قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و چەمک و میکانیزم و فەلسەفەی حوکمڕانیێکی سەربەخۆی دیموکراتیک بکەونە دیالۆگ و بیروڕاگۆڕینەوە.

ئەوەی لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە گرنگە بووترێ، ئەوەیە کە دیموکراتیەتی ڕیفراندۆم تەنیا بەئاراستەی دەرەوەی خۆمان پرۆسەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە نییە، بەڵکو بەئاراستەی ناوخۆش پەیوەست بوونێکی دیاروتوندە بە بنەماکانی دیموکراسی، چونکە دەرگاو دەرفەت بۆ بانگەشەی لایەنگرو دژیش کراوەیە، وەک ئێستا، لەمەش دیارتر ئەوەیە کە هاووڵاتیان، هەموو هاووڵاتیان، بەپاراستنی تەواوی نهێنی دەنگدانەوە سەرپشکن سەربەخۆیی هەڵبژێرن یان پێچەوانەکەی، کە من پەرۆشی ئەوەمە کە لەکوردستاندا یەک دەنگی نەخێریش لەناو هیچ سندقێکدا نەبینرێ.

وەک چۆن ئەوپابەندبوونە بە دیموکراتی بوونی پرۆسەکە ئایندەی سیستمی سیاسیش نەخشە ئەکێشێ، کە ئێستا زۆر گوێبیستی ئەو قسانە ئەبین، کەگومان ئەخەنەسەر ئایندەی سیستمی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

نامەوێ لەسەر ڕەخنەو ناڕەزایەتی و رەفزکردنەوەکان قسە بکەم، چونکە خۆم گەرەکمە هانی ئەوبەرەیەش بدەم کە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بکەنە ئەولەویەت و لەسەربابەتەکانی دوای ریفراندۆمیش دایلۆگی هێمنانەو پەرۆشانە بکەین.

دواقسەم هیواخوازییە کە لە چەندڕۆژو چەندهەفتەی داهاتووداکوردستان، بەهەموو لایەنەسیاسیەکان و هاووڵاتیانەوە لەیەک بەرەدابین، کەئەویش بەرەی بەڵێ بۆڕیفراندۆم و سەربەخۆییە، کەلەڕاستیدا بەرەی هەموومانە.
بۆیە باهەموومان هاوهەنگاوبین لەبەرەوپێشەوەچونە مەزنەکە.


AM:12:04:09/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 8648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی